خەندان-
کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە هەولێر دەستیپێکرد بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر هەوڵەكانی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و دانیشتنەكەی سبەی پەرلەمانی كوردستان.
كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەسەرپەرشتی كۆسرەت ڕەسول عەلی لەشاری هەولێر دەستیپێكرد بەمەبەستی گفتوگۆکردنی پشکی یەکێتی لە حکومەتی هەرێم و کۆبونەوەی سبەینێی پەرلەمانی کوردستان.
پێشتر خەندان لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی كۆبونەوەی رۆژی 27 ی ئەم مانگەی نێوان هەردو وەفدی دانوستانكاری یەكێتی و پارتی و كۆتایی هات و ئامادەنەبون هیچ لێدوان و زانیارییەك بۆ دەزگا راگەیاندنەكان ئاشكرا بكەن، هەوڵەكان لە ئاستی باڵای هەردو حزب لە رێگەی جموجوڵ و سەردان و گۆڕینەوەی پەیامەوە زیاتر چڕبونەوە بەمەبەستی گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
هەر بەپێی زانیارییەكانی خەندان لە ماوەی دو رۆژی رابردودا یەكێتی و پارتی لە چەندین كەناڵی نافەرمییەوە پەیامی سەركردە باڵاو بڕیاربەدەستەكانی هەردو حزبیان گەیاندۆتە یەك و هەردولا نەرمیان لەئاست خواست و داواكارییەكانیان نواندوە لەپێناو گەیشتنە رێككەوتن..
.