مەترسی گەورە لەبەردەم پرۆسەی سیاسی هەرێمە
یاسای سەرۆكایەتی لایەنە سیاسییەكان دابەشی دوبەرە دەكات

- 3/28/2019 9:20:00 PM 23011 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان -بڕیار جەلال

پرسی هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم دۆخی پەرلەمانی كوردستانی بەرەو دو ئاراستەی جیاواز بردوە و پارتی و گۆڕان و كەمینەكان بە ئامادەكردنی پرۆژەیەك لە ڕێگەی لیژنەی یاساییەوە دەیانەوێت رۆژی 30ی ئاداری 2019 یاسای سەرۆكایەتی هەرێم ببەنە دانیشتنەكانی پەرلەمانەوە و فراكسیۆنی چوار هێزی سیاسی دژی پرۆژەكەی گۆڕان و پارتی دەوەستنەوە. رێككەوتنی سیاسی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان كەبەشێكی خۆی دەبینێتەوە لە هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان لە ئێستادا لە گەرمترین پرسەكانی پەرلەمانی كوردستانە.

چوار فراكسیۆنی پەرلەمان پرۆژەی خۆیان هەیە بۆ هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و رەزامەند نین بە پرۆژەكەی گۆڕان و پارتی

 

جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و پێكهاتەی كەمینەكان، هەریەك لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و نەوەی نوێ و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان پرۆژەی خۆیان هەیە بۆ هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و رەزامەند نین بە پرۆژەكەی گۆڕان و پارتی.

لە خولی پێشوی پەرلەمانی كوردستان، كاتێك سەرۆكی ئەو كاتی پەرلەمان یوسف محەمەد هەوڵیدا یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەمواربكاتەوە و لە 23ی حوزەیرانی 2015 پەرلەمانی كوردستان بە بێ‌ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەشێك لە كەمە نەتەوەیەكانی تری پەرلەمان دانیشتنی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و تێیدا لیژنەی یاسایی خوێندنەوەی یەكەمی بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كرد، ناڕەزایی زۆری پارتی لێكەوتەوە، دواتر لە دەرهاویشتەی ئەو كۆبونەوەیەدا، لە 12ی ئۆکتۆبەری 2015 لە بازگەی پردێ رێگری لە یوسف محەمەد سەرۆکی ئەوكاتی پەرلەمانی کوردستان کرا بچێتە پایتەختی هەرێم و پارتی ماوەی 2 ساڵ رێگەی نەدا سەرۆكی پەرلەمان بچێتەوە هەولێرو كۆبونەوەكانی پەرلەمانی كوردستان پەكی كەوت.

بە واژۆی 68 پەرلەمانتار لە كۆی 111 پەرلەمانتار كە ناوی عەلی حەمە ساڵح لە یەكەم و ئومێد خۆشناو لە دوەم دێت پرۆژەیەك درایە سەرۆكایەتی پەرلەمان

 

ئەمڕۆ پارتی و گۆڕان و كەمینەكان پرۆژە یاسایەكیان پێشكەشی لیژنەی یاسایی پەرلەمان كرد و بە واژۆی 68 پەرلەمانتار لە كۆی 111 پەرلەمانتار كە ناوی عەلی حەمە ساڵح لە یەكەم و ئومێد خۆشناو لە دوەم دێت، پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیان پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کرد.

ئومێد خۆشناو: پرۆژەكەی گۆڕان و پارتی سێ گرنگی تێدابوو

 

ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی:"پارتی و گۆڕان و چەند لایەنێکی دیکە بە واژۆی 68 پەرلەمانتار پڕۆژە یاسایەکیان بۆ هەمواری یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێشکەشی پەرلەمانی کوردستان کرد.

خۆشناو وتیشی:"ئه‌و پرۆژه‌یه‌ سێ گرنگی تێدا بو، یه‌كێکیان كاراكردنه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هەرێم، دوه‌میان راگرتنی یاسای دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ ده‌ستوریه‌كاندا، سێیه‌میان ئه‌و گفتوگۆیه‌ی چه‌ند ساڵه‌ له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان هه‌یه‌ كه‌ بوه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی نه‌بوینه‌ خاوه‌نی ده‌ستور ئه‌ویش جۆر و شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمە".

عەلی حەمەساڵح:له‌گه‌ڵ كۆتایی هاتنی ئه‌و خوله‌ی په‌رله‌مان ویلایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم كۆتایی پێدێت

 

ئاماژەی بەوەشكرد"به‌گوێره‌ی ئه‌و پرۆژه‌ یاسایه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم له‌نێو په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵده‌بژێردرێت، تا ئه‌و كاته‌ی هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوه‌نی ده‌ستور، ئه‌و كات شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ ده‌ستور جێگیر ده‌كرێت، فراكسیۆنه‌كانی یه‌كێتی و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتو و نه‌وه‌ی نوێ ده‌نگیان به‌و پرۆژه‌یه‌ نه‌داوە".

لای خۆشیەوە عەلی حەمەساڵح لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی:"له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و رێكکه‌وتنه‌ی كه‌ باوه‌ڕمان پێیه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ په‌رله‌مان هه‌ڵدەبژێردرێت، له‌گه‌ڵ كۆتایی هاتنی ئه‌و خوله‌ی په‌رله‌مان ویلایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم كۆتایی پێدێت، له‌ خولی ئاینده‌ سه‌رۆكێكی دیكه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێت".

رێواس فایەق:پێویستە لەسەر چۆنێتی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم و چۆنیەتی هەمواركردنەوەی یاساكەی رێكەوتنی سیاسی بكرێت

 

لەبەرمبەردا رێواس فایەق ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی یەكێك لە كاندیدەكانی ئەو حزبە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان بە خەندان-ی وت:"ئەو پڕۆژەیە رەهەندی سیاسی هەیە، پەیوەستە بە كاراكردنەوەی دامەزراوەیەكی دەستوری هەرێمی كوردستانەوە كە ئەویش سەرۆكایەتی هەرێمە، بۆیە پێمانباشە لەسەر چۆنێتی كاراكردنەوەكەی و چۆنیەتی هەمواركردنەوەی یاساكەی رێكەوتنی سیاسی بكرێت".

رێواس فایەق كە هاوكات ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیە وتیشی:"ئێمە بەشێك نین لەو رێككەوتنەی پێشتر لە نێوان پارتی و گۆڕان-دا ئەنجامدراوە، ئەوان خۆیان پڕۆژەكەیان پێشكەشكردوە، لە روی یاساییەوە پڕۆژەكە هیچ كێشەیەكی نیە، بەڵام لە روی سیاسیەوە ئێمە تێیدا بەشدارنابین و بەشێك نابین لە پرۆسەكە".

لەبارەی هەڵوێستی فراكسیۆنی یەكێتی رێواس فایەق رایگەیاند:"ئێمە گوزارشت لە هەڵوێستی سیاسی یەكێتی دەكەین، مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی بڕیاردەدەن كە دوای ئەمە چی دەبێت و چاوەڕێی ئەوان دەكەین و پەیوەستین بەو بڕیارەی ئەوان دەیدەن".

ئەبوبەكر هەڵەدنی:پێویستە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتی تەشریفاتی پرۆتۆكۆڵی بێت

 

لەلایەكی دیكەوە ئەبوبەكر هەڵەدنی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان بە خەندان-ی راگەیاند: ئێمە پابەندین بەو پڕۆژەیەی كە لە خولی پێشودا پێشكەشمانكردوە، كە لەگەڵ چەسپاندنی سیستەمی پەرلەمانی تەواوداین، هەم سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان هەڵبژێردرێت و هەم دەسەڵاتەكانیشی دەسەڵاتی تەشریفاتی بێت، نەك بەو رەهاییەی ئێستا هەیەتی، بۆیە ئەگەر یاساكە بەوجۆرە تێپەڕێت بە هیچ شێوەیەك دەنگی پێنادەین".

هەڵەدنی وتیشی: "ئەو پرۆژەیەی پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كراوە بەرهەمی رێككەوتنی دو حیزە، كە پارتی و گۆڕان-ن، بۆیە ئێمە دەنگ بەو پرۆژە یاسایە نادەین، چونكە پرۆژەیەكی نیوە ناچڵە، كە پێویستە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتی تەشریفاتی پرۆتۆكۆڵی بێت".

هەڵەدنی: ئەو یاسایانەی رەهەندی نیشتیمانیان هەیە، پێویستە سازانی لەسەربكرێت، نەك بە زۆرینە تێپەڕێندرێت

 

ئەندامەكەی یەكگرتوی ئیسلامی دەشڵێت:"ئەم كارە هەمان هەڵەی خولی پێشوە كە دوبارە دەبێتەوە، ئەو یاسایانەی كە رەهەندی نیشتیمانیان هەیە و پەیوەندی بە سیستمی حوكومڕانی هەرێمەوە هەیە، پێویستە سازانی لەسەربكرێت، نەك بە زۆرینە تێپەڕێندرێت، بەداخەوە ئەمجارەش بە پاساوی زۆرینە هەمان هەڵە دوبارە دەكرێتەوە، بۆیە پێموایە بابەتەكە تێدەپەڕێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە ناسەقامگیری سیاسی دروستدەكات و هێندەییتر لایەنەكان لەیەكتری دوردەخاتەوە".

دەبو ئەم پرۆژە یاسایە رێككەوتنی سیاسی لەسەر بكرایە پاشان لە مەتبەخی پەرلەماندا بەشێوە یاساییەكەی تێپەڕیایە

 

بەبڕوای هەڵەدنی "دەبو ئەم پرۆژە یاسایە رێككەوتنی سیاسی لەسەر بكرایە پاشان لە مەتبەخی پەرلەماندا بەشێوە یاساییەكەی تێپەڕیایە، بەڵام بەداخەوە هیچ تەوافوقێكی سیاسی لەنێوان هێز و لایەنە سیاسیەكاندا نەكراوە، بۆیە ئێمە یان ناچینە ناو كۆبونەوەكە یان ئەگەر چوین دەنگی پێنادەین، لەداهاتودا هەڵوێستی خۆمان رادەگەیەنین، ئێمە لەگەڵ چەسپاندنی سیستمی پەرلەمانی تەواوداین".

كاوه‌ عه‌بولقادر:نەناردنی پرۆژەی لایەنەكانی دیكە بۆ لیژنەی یاسایی نادادپه‌روه‌ریه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانەوە

 

ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی یاسایی پەرلەمانی كوردستان لە نەوەی نوێ كە ئەمڕۆ بایكۆتی كۆبونەوەی لیژنەی یاسایی كرد رایگەیاند:"له‌ كۆی ئه‌و پرۆژه‌ یاسایانه‌ی بۆ هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم پێشكەشی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان كراوە، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ته‌نها پرۆژه‌ یاسای پارتی و گۆڕان و پێكهاته‌كانی ئاڕاسته‌ی لیژنه‌ی یاسایی كردوه‌، بۆیه‌ بایكۆتی كۆبونه‌وه‌كه‌م كرد". 

كاوه‌ عه‌بولقادر ئەندامەكەی نەوەی نوێ راشیگه‌یاند:"پێشنیارمان كردوە كە پڕۆژەكەی گۆڕان و پارتی نه‌خرێته‌ به‌رده‌م گفتوگۆكردن تا پرۆژه‌كانی لایه‌نه‌كانی دیكە كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم پێشكەشدەكرێن، وتی:" نەناردنی پرۆژەی لایەنەكانی دیكە بۆ لیژنەی یاسایی نادادپه‌روه‌ریه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانەوە".

عەبدولستار مەجید:پێویستە ته‌بایی له‌ هه‌رێمی كوردستان دروست ببێت، نه‌ك دیسان توشی ئاڵۆزی و قه‌یرانی تری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و حزبی ببینه‌وه‌ 

 

هەرچی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانە هۆشداری دەدات، عه‌بدولستار مه‌جید، سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند:"وه‌ك فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ پرۆژه‌ یاسای خۆیان هه‌یه‌ و پڕۆژەكەشیان پێشكه‌شكردوه‌، هیوادارین پرۆژه‌كانی ئێمه‌ و لایه‌نه‌كانی دیكە كه‌ پێشكه‌شی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كراوه‌ و ده‌چنە لیژنه‌ی یاسایی، به‌هه‌ند وه‌ربگیرێن و تاوتوێی جدیان بۆ بكرێت".

وتیشی:"هیوادارم لیژنه‌ی یاسایی به‌یه‌كه‌وه‌ به‌هه‌ماهه‌نگی پرۆژه‌یه‌ك گه‌ڵاڵه‌ بكه‌ن و بیهێننه‌ هۆڵی په‌رله‌مان كە گوزارشت له‌ بۆچون و تێڕوانینی سیاسی  لایەنێكی تریش بكات و ته‌بایی له‌ هه‌رێمی كوردستان دروست ببێت، نه‌وه‌ك دیسان توشی ئاڵۆزی و قه‌یرانی تری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و حزبی ببینه‌وه‌ كه‌ دواتریش ئابوری و قه‌یرانی تری به‌دوادابێت". 

به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌ڕله‌مان هه‌مو پرۆژەیەك ده‌خرێته‌ به‌رنامه‌ی كار، مه‌گه‌ر هه‌مان ناوه‌رۆكی هه‌بێت

 

لە درێژەی لێدوانەكەیدا عەبدولستار مەجید وتی:"به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌ڕله‌مان هه‌مو پرۆژەیەك ده‌خرێته‌ به‌رنامه‌ی كار، مه‌گه‌ر هه‌مان ناوه‌رۆكی هه‌بێت، پرۆژه‌كه‌ی ئێمه‌ هه‌مان ناوه‌رۆكی نیه‌، هه‌ندێ بۆچون و بڕگه‌ی تێدایە كه‌ بە قه‌ناعه‌تی خۆمان ره‌نگه‌ له‌ پرۆژه‌كانی تردا نه‌بێت، به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆ یاسایی نیه‌ رێگری له‌هیچ پرۆژه‌یه‌ك بكرێت كه‌ هه‌مان ناوه‌رۆكی نیه‌، ئه‌گه‌ر پرۆژه‌كه‌مان نه‌خرێته‌ به‌رنامه‌ی كار به‌ كارێكی نایاسایی ده‌بینین و هه‌ڵوێستی خۆمان رونده‌كه‌ینه‌وه‌ و دژی ده‌بین".

یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كە رەهەندێكی نیشتیمانی هەیە، ئەگەر پارتی و گۆڕان و كەمینەكان بەبێ پرۆژە و رەزامەندی لایەنەكانی دیكە (یەكێتی ،یەكگرتو، نەوەی نوێ، كۆمەڵی ئیسلامی) پرۆژە یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەمواربكەنەوە، مەترسی گەورە روبەروی پرۆسەی سیاسی هەرێم دەبێتەوە و هەمواركردنەوەی ئەو یاسایە و ئەكتیڤكردنەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێم، نەك هەر داخستنی دەرگای كێشەیەك نابێت بەڵكو كردنەوەی دەرگایەكی دیكە دەبێت لەبەردەم پرۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی كە هەریەك لە یەكێتی و پارتی هێزی چەكدار و ئابوری سەربەخۆ و قەڵەمڕەوی تایبەت بەخۆیان هەیە و هەتا ئێستاش لە زۆر شوێن دیاردەی دو ئیدارەیی بە زەقی دیارە.

 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP