16 ساڵ بو هیچ سەرۆک کۆمارێکی عێراق سەردانی کوت-ی نەکردبو
سەرۆک بەرهەم جیاواز لە سەرۆکەکانی دیکە کوت-ی بەسەرکردەوە

- 3/28/2019 1:50:00 PM 20173 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دوای 16 ساڵ ئەمڕۆ بۆیەکەمجار سەرۆک کۆماری عێراق سەردانی کوت-ی کرد و لەگەڵ  پارێزگار و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەکە کۆبوەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق سەردانی پارێزگای کوتی کردو لەگەڵ محەمەد میاحی، پارێزگار و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا و گەورە لێپرسراوانی حكومی و ئەمنی کۆبوەوە و دوپاتیكردەوە، "بە یەكێتی ریزه‌کانمان دەتوانین عێراق لە گۆڕەپانی ململانێوە بگۆڕین بۆ مەیدانی بەیەكگەیشتن و ئارامی و به‌دیهێنانی خواست و داواکاری هاوڵاتیان".

بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، سەرۆک بەرهەم ئاماژەی بەوەكردوە، كەشێكی لە باری ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لە ئارادایە بۆ سه‌قامگیری و ده‌سته‌به‌رکردنی  خۆشگوزه‌رانی‌ و ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ پێداویستیه‌کانی خه‌ڵک.

هه‌ر له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا سەرۆك كۆمار تەئكیدیكردەوە، لەسەر پێویستی بەگژاونەوەی گەندەڵی‌ لە تەواوی ئاستەكانی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و زاڵبون بەسەر ئەو پەتا كوشنده‌یه‌دا، بۆ ئه‌وه‌ی متمانەی هاوڵاتیان بە حكومەتەكەیان به‌هێز بکرێت.

رونیشیكردەوە، "ئاگاداربون  لە قەبارەی كێشە و ئاستەنگەكان گرنگە بۆ ئەوەی بتوانین به‌ شێوه‌یه‌کی راستەقینە چاكسازی ئه‌نجام بده‌ین".

سەرۆك كۆمار راشیگەیاندوە، "پارێزگای واست بە هاوبه‌ندی و پێکه‌وه‌بونی  كۆمەڵایەتی پێکهاته‌کانی دەناسرێتەوە بۆیه‌ شایستەی خزمه‌تکردنی زیاتره‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ نمونه‌یه‌کی زیندوی پێکه‌وه‌ کارکردن".

لەکۆبونەوەکەدا پارێزگاری كوت بەبایەخەوە باسی لە سەردانەكەی سەرۆك كۆمار كرد و وتی، "سه‌ردانی سه‌رۆک به‌رهه‌م بەیەكەم سەردان دێت لە دوای 2003 وە بۆ پارێزگاكە، ئەم سەردانە بەشدارییەكی كارا دەكات لە بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەكان كە پێشكەشی رۆڵەكانی كوت دەكرێت و دەرگای فراوان بەروی وەبەرهێنان دەكاتەوە لە بەردەمی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكاندا".

هه‌ر لە میانی سەردانەكەیدا سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح به‌ شێوه‌یه‌کی مه‌یدانی بەنداوی كوتی بەسەركردەوە و له‌ چۆنیه‌تی کارکردن و خزمه‌تگوزاریه‌کانی ئاگادار بوو‌.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP