‎ بۆچی دوای 44 ساڵ کاک مەسعود بارەگای بارزانی کردەوە

- 3/27/2019 7:33:00 PM 63396 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-سلێمان عەبدوڵا یونس

بارەگای بارزانی چییە؟

بارەگای بارزانی لەشۆڕشی ئەیلول ناوی  بارەگای سەرەکی خولێخۆشبو مەلا مستەفا بارزانی بوە.ئەو بارەگایە یەکێک لەبەدەسەڵاتدارترین بارەگاکانی رێبەرایەتی شۆڕشی ئەیلول و سەرکردایەتی پارتی بوە .

 بارەگای بارزانی دوای 44 ساڵ
  
دوای 44 ساڵ لەتێکچونی ئەو بارەگایە، کەھۆکارەکەی شکستی شۆڕشی ئەیلول و دواتر کۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانی بو، کاک مەسعود بارزانی، لەڕێگای وەڵامێکی ڕۆژنامەوانی بۆ عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشوی عێراق، دوبارە بەفەرمی کردنەوە ئەو بارەگایەی وەکو بەھێزترین و بەدەسەڵاتدارترین ئۆفیسی سیاسی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.

مێژوی ململانێی ڕێبەرایەتی 

لە کوردستان چەند دەیەیەکە ململانێکان لەسەر ڕێبەرایەتی و مەرجەعیەت و  سەرۆکایەتی لە ئارادایە. لەساڵانی شۆڕشی ئەیلول، کێشەی زەق لەنێوان مەلا مستەفا بارزانی و باڵی مەکتەبی سیاسی بەریەکەوتنی چەکداری و جیابونەوەی سیاسی و گەورەترین دوبەرەکی لێکەوتەوە، ھەرچەندە دواتر ھەردولا، مرونەتی سیاسی بەرچاویان نیشاندا و پارتی یەکیگرتەوە و ڕیزەکانی شۆڕشی ئەیلول یەکخرایەوە، بەڵام شکستی شۆڕش و دواتر ھەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێ و شۆڕشی گوڵان، جارێکی تر پڕیشکی ناکۆکیەکانی کردەوە بە ئاگری ناکۆکیەکی دورودرێژ، کە لە ناوەڕاستی دەیەی دوەمی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوەوە بۆ ساڵانی پێش کۆتایی دەیەی دوەمی ھەشتاکانی ھەمان سەدە بەردەوام بو، تائەو کاتەی ئاشتبونەوەی گشتی و بەرەی کوردستانی ھاتە ئاراوە و بارەگای بەرە، بو بە بارەگای بڕیارە باڵاو ھاوبەشەکانی کوردستان.

ڕێگای سپی بۆ ھەڵبژاردنی ڕێبەرایەتی

‎لەیەکەمین ھەڵبژاردنەکانی کوردستانی ئازادی دوای ڕاپەڕین لە 19ی ئایاری 1992 بۆ پەرلەمان و ھەڵبژاردنی ڕێبەری ھەرێمی کوردستان، جارێکی تر پرسی مەرجەعیەتی سیاسی و بونی ڕێبەرایەتی و ناوەندی بڕیار بۆ بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردایەتی سەریھەڵدایەوە، بەڵام ئەمجارە لەبری پەنابردنە بەر ھێزی چەکدار و جیابونەوەی سیاسی، پارتی و یەکێتی، وەک دوو ھێزی سەرەکی کوردستان، پەنایان بۆ ھەڵبژاردن و دەنگی خەڵک برد، کاتێک ھەردو حزب ڕێبەرەکانی خۆیان لەبەردەم دەنگ و ئیرادەی خەڵک، خستە کێبڕکێی سپیەوە.

ھاوسەرۆکی ناڕاگەیەندراو

لەو ھەڵبژاردنەدا، وێڕای ئەوەی کە جیاوازی دەنگەکانیان ئەوتۆ نەبو، دەنگی هەردو رێبەر "مامجەلال تاڵەبانی" و کاک "مەسعود بارزانی" نزیکبون لە یەکەوە، بەڵام دواجار ھیچکام لە تاڵەبانی و بارزانی، نەیانتوانی ڕێژەی پێویست، کەزۆرایەتی سادەی کۆی گشتی دەنگی دەنگدەران بو تێپەڕ بکەن، ئەوە بو دواتر قۆناغی فیفتی بەفیفتی و سەردەمی ھاوسەرۆکی ناڕاگەیەندراو چەسپا، کە وێڕای شەڕی ناخۆ و ململانێی زبر، بەڵام ئەم ڕێکەوتنە بەردەوامبو، دواتریش لە ڕێکەوتنامەی ستراتیژیدا، وەک دەقێکی سیاسی بنەبڕ چەسپا و تا کۆچی دوایی مامجەلال، بێ بونی گرفتی ئەوتۆ بەردەوام بو. 

بارەگای بارزانی لەسەردەمی ئێستادا

کردنەوەی دوبارەی بارەگای بارزانی، لەدوای چوار دەیە و نیو، لەکاتێکدایە؛ کاریزما ھاوتاکەی بارزانی ژیانئاوایی کردوە و شوێنی لەناو حزبەکەی بە بۆشی ھێڵدراوەتەوە و ئەوەش کاریگەری نەرێنی ھەر بەسەر یەکێتی بەجێنەھێشت، بەڵکو بارزانی-شی تەنیا ھێشتەوە، بەتایبەت کاتێک بەھۆی ململانێی تەسکی حزبی و گرفتی یاساییەوە، بارزانی کورسی سەرۆکایەتی ھەرێمەکەی بەجێھێشت. 

بارەگای بارزانی وەک مەرجەعیەت 

ئێستا لەسەرەتای ڕێوشوێنی ڕادەستکردنی کورسی کێشە لەسەری سەرۆکایەتی ھەرێم بە برازاکەی (نێچیرڤان ئیدریس بارزانی) کاک مەسعود بارزانی، دوبارە ئەو بارەگا بەدەسەڵاتەی کردەوە کە ھێما و دەلالەت و کاریگەری و ڕەنگدانەوەکانی بەخێرایی بەھەرێمی کوردستانەوە دەردەکەون، بەتایبەت کەدەزانین پارتی بەحوکمی سەنگ و پێگەکەی، سەرکردایەتی جومگە و دامەزراوە ھەرە باڵاکانی کوردستان دەکات و کاک مەسعود وەک سەرۆکی ئەو حزبە لەتۆپی دەسەڵات و ھەڕەمەکەیەتی، بۆیە لەڕوی واقعیەوە، بارەگای بارزانی، کەپێش سەرۆکایەتی ھەرێم و سەرۆکایەتی کابینەی 9 ڕاگەیەندرا، لەم چوار ساڵەدا، بۆ ئەو دو سەرۆکایەتییە و ھەرێمی کوردستان، دەبێت بە مەرجەع.
 
بارەگای بارزانی گەورەتر لە بارەگای سەرۆکایەتی ھەرێم

لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەوانەی دەستیانبرد بۆ کورسی سەرۆکایەتی ھەرێم و وەک سەرۆکی ھەرێم کاک مەسعود بارزانی-یان قبوڵ نەبو، ئێستا  چی دەکەن کاتێک دەبینن وەک دیفاکتۆ، کورسی مەرجەعیەتی کاک مەسعود لە بارەگای بارزانی، گەورەترە لەکورسی سەرۆکایەتی ھەرێم؟



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP