"من لە هەولێرم و شوێنم زانراوە، لە عێراق ناچمەدەرەوە"
پارێزگاری لەكارلابراوی نەینەوا فەرمانی دەستگیركردنەكەی رەتكردەوە

- 3/27/2019 2:27:00 PM 14951 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پارێزگاری لەكارلادراوی نەینەوا فەرمانی دەستگیركردنەكەی رەتكردەوە و رایگەیاند، هیچ بڕیارێكی لەو جۆرەی بەدەستنەگەیشتوە و لە عێراقیش ناچێتە دەرەوە.

نەوفل عاكوب، پارێزگاری لەكارلابراوی نەینەوا بە پێگەی بەغداد ئەلیەوم-ی راگەیاندوە، "ئەو هەواڵانەی لەبارەی فەرمانی دەستگیركردن و رێگریكردن لە سەفەر و چونەدەرەوەم بڵاوكراونەتەوە راست نیە و تا ئێستا بڕیارێكی لەوجۆرەم بەدەست نەگەیشتوە".
لە  ئێستادا بەهۆی بەسەرچونی وادەی پاسپۆرتەكەمەوە ناتوانم بۆ دەرەوەی عێراق سەفەربكەم

 

نەوفل لە درێژەی وتەكانیدا وتی، "لە  ئێستادا بەهۆی بەسەرچونی وادەی پاسپۆرتەكەمەوە ناتوانم بۆ دەرەوەی عێراق سەفەربكەم، ئێستا لە یەكەیەكی نیشتەجێبوندام لە شاری هەولێر، كە هەموان ناونیشانەكەی دەزانن."، و وتیشی، "هیچ پلانێكم بۆ چونە دەرەوە لە عێراق نیە".
ئامادەم بچمە بەردەم دادگا بۆ وەڵامدانەوەی هەر تۆمەتێك

 

ئاماژەی بەوەشكرد، ئامادەیە بچێتە بەردەم دادگا بۆ وەڵامدانەوەی هەر تۆمەتێك كە روبەڕویكراوەتەوە.

لە ماوەی رابردودا و دوای لەكارلابردنی نەوفل عاكوب، ئەحمەد عەبدوڵڵا جبوری، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرایكرد، فەرمانی دەستگیركردن بۆ نەوفل عاكوب و ژمارەیەك لە  هاوكاران و بەرپرسانی پارێزگا نەینەوا دەركراوە.

ئەوە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی دادوەری پارێزگای نەینەوا فەرمانی دەستگیركردنی بۆ پارێزگاری لەكارلادراوی نەینەوا و جێگرەکانی و ژمارەیەک بەڕێوەبەری دیکە دەرکرد.
ئەمڕۆ بڕیاری دەستگیركردنی بۆ پارێزگاری لەكارلابراوی نەینەوا و جێگرەکانی دەرچو

 

بەپێی نوسراوێک کە وێنەیەکی دەست خەندان کەوتوە دادگای لێکۆڵینەوەی نەینەوا تایبەت بە کێشەکانی نەزاهە کە لەلایەن جێگری سەرۆکی ددگای تێهەڵچونەوەی ئیتحادی نەینەوا واژۆکراوە، بەتۆمەتی گەندەڵی و كەمتەرخەمی كە پەیوەندی بە كامپەكانی پەنابەران و بەشەكانی خۆراك و روداوی بەلەمەكەی شاری موسڵەوە هەیە بڕیاری دەستگیركردنی بۆ پارێزگاری لەكارلابراوی نەینەوا و جێگرەکانی دەركردوە.

هاوکات لە نوسراوەکە فەرمانکراوە بە رێگریکردن لە سەفەر و چونە دەرەوەی پارێزگاری لەکارلادراوی نەینەوا و جێگرەکانی و ژمارەیەک بەڕێوەبەری دیکەی پارێزگاکە کە تۆمەتی گەندەڵییان ئاڕاستە کراوە.

لەکارلادانی ئەو بەرپرسانەی پارێزگای نەینەوا لەسەر داوای عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بو، دوای روداوی گیان لەدەستدا زیاتر لە 100 لە روباری دیجلە لە موسڵ.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP