عەبادی زانیاری نوێ لەسەر 16ی ئۆکتۆبەر دەخاتەڕو
بارەگای بارزانی وەڵامێکی توندی دەداتەوە

- 3/26/2019 10:16:00 PM 37469 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردودا حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشوی عێراق رایگەیاند، هیچ رێکەوتنێک نەبوە لەگەل یەکێتی بۆ پاشەکشەی پێشمەرگە لە کەرکوک، بارزانی وەڵامی دایەوەو دەڵێت عەبادی بێوەفا بو.

 من ته‌نانه‌ت خۆم باوه‌ڕم وابو كه‌ پێشمه‌رگه‌ شه‌ڕمان لەگەڵ ناكه‌ن

 

پێشتر حەیدەر عەبادی لە میانی چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی لەگەڵ کەناڵی دیجلە ئاماژەی بە رووداوی 16 ئۆکتۆبەرکرد کە لە کەرکوک رویداو لەوەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی لەدەستدانی کورد بە هۆی ئەو روداوانەوە عەبادی دەڵێت" باوه‌ڕناكه‌م ئه‌وه‌ راست بێت، من ئه‌ڵێم سه‌یری هه‌ندێ حزبه‌ كوردییه‌ توندڕه‌وه‌‌كان‌ مه‌كه‌ن، من ته‌نانه‌ت خۆم باوه‌ڕم وابو كه‌ پێشمه‌رگه‌ شه‌ڕمان لەگەڵ ناكه‌ن. تا ئه‌و ئاسته‌ هه‌ستی نیشتمانپه‌روه‌ری هه‌بو..."

ئه‌وه‌ی یەکێتی كردیان خیانه‌ت نه‌بو، به‌ڵكو ئامانجیان ئه‌وه‌بو خوێن نه‌ڕژێت و خه‌ڵك نه‌بێت به‌ قوربانی و شه‌ڕی وێرانكه‌ر رو نه‌دات

 

عەبادی راشیگەیاند" ئامانج ئه‌وه‌ نه‌بوو كه‌ رویدا، ئامانج شتێكی تر بو، به‌ڵام تێڕوانینێكم هه‌بو كه‌ پێشمه‌رگه‌ شه‌ڕ ناكات، دو جۆر پێشمه‌رگه‌ هه‌بون، له‌ناو یه‌كێتیی لایه‌نێكی دیاریكراو هه‌بو كه‌ ته‌نسیقیان له‌گه‌ڵ كرا، تۆمه‌تباركران گوایه‌ به‌ خیانه‌ت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كردیان خیانه‌ت نه‌بو، به‌ڵكو ئامانجیان ئه‌وه‌ بوو خوێن نه‌ڕژێت و خه‌ڵك نه‌بێت به‌ قوربانی و شه‌ڕی وێرانكه‌ر روو نه‌دات، به‌ڵام هه‌ر لەناو یه‌كێتیدا لایه‌نی توند هه‌بون. له‌ناو پارتییش دا لایه‌نی توند هه‌بو. به‌ڵام بۆچی ئه‌و توندڕه‌وانه‌ش شه‌ڕیان نه‌كرد؟ له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه‌ په‌یوه‌ندی تایبه‌تمان هه‌بو له‌گه‌ڵ ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی له‌ جه‌بهه‌كان بون و گوتارمان هه‌بو بۆ ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی له‌ جه‌بهه‌كان بون."

لەوەڵامی پرسیارێکی دیکەدا سەبارەت بەوەی پێشمه‌رگه‌ به‌ رێککەوتنی یەکێتی نیشتیمانی و قاسم سولەیمانی پاشەکشەی کردوە لە کەرکوک، سەرۆکوەزیرانی پێشوی عێراق وتی:"نه‌خیر ئه‌مه‌ راست نییه‌، هیچ رێككه‌وتنێك نه‌بوه‌‌، له‌منی ببیسته‌، ئه‌مه‌ هه‌ر بونی نییه‌". 

لەوەڵامی وتەكانی عەبادی، ئەمڕۆ نووسینگەی راگەیاندنی بارەگای بارزانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو قسەکانی عەبادی بە مەبەستی تێكدانی ئەو كەشە لێکداوەتەوە كە لەدوای هەڵبژاردنەكانی عێراق لەنێوان هەرێم و بەغدا هاتوەتە ئاراوە و دەڵێت بۆ مەرامی تاكەكەسی ئەو قسانەی كردوە.

پێكهاتەكانی عێراق لە هەڵبژاردنەكاندا عەبادی و هەمو ئەوانەی تریان سزادا كە بەنیازی شەڕی ناوخۆ و تێكدانی پێكەوەژیان بون

 

نوسینگەی بارزانی دەشڵێت:" پێكهاتەكانی عێراق لە هەڵبژاردنەكاندا عەبادی و هەمو ئەوانەی تریان سزادا كە بەنیازی شەڕی ناوخۆ و تێكدانی پێكەوەژیان بون و لە بەرانبەر گەلی كوردستان حاقدبون و پێشێلكاریی دەستوری و تاوانیان لە كەركوك و دوز ئەنجامدا و لە هەمانكاتدا گەلی كوردستانیش لە هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستاندا پاداشی پێشمەرگە و بەرگریكارانی كوردستانیان دایەوە".

عەبادی كەسێكی بێ وەفا بو بەرانبەر پێشمەرگە و گەلی كوردستان، ئەگەر پێشمەرگە نەبا كەسێكی وەك ئەو هەرگیز چاوی بە موسڵ نەدەكەوت

 

هەر لەو راگەیەندراوەدا، بارزانی دەڵێت:"عەبادی كەسێكی بێ وەفا بو بەرانبەر پێشمەرگە و گەلی كوردستان، ئەگەر پێشمەرگە نەبا كەسێكی وەك ئەو هەرگیز چاوی بە موسڵ نەدەكەوت بۆ ئەوەی بتوانێ سەركەوتن بەسەر داعش لە موسڵ بۆ خۆی بدزێت و خۆی پێ هەڵكێشێ". 

هەروەها نوسینگەی بارزانی گەلی كوردستان دەکاتە شاهید و دەڵێت: "ئەو لایەنە كوردیانەی عەبادی بە تووندڕەو وەسفی دەكات دڵسۆز و نیشتیمانپەروەرن و، ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە رای گەلی كوردستانە و هەڵسەنگاندنی خەڵكی حاقید هیچ بەهایەكی نییە".

ئاماژە بەوەشکراوە کە هێزی پێشمەرگە پیلانە نەگریسەکەی عەبادی لەگۆڕ ناوە و دەڵێت:"خودی عەبادی باشتر لە هەركەس دەزانێ پێشمەرگە چیی بەسەر خۆی و پیلانەكەیدا هێنا".

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەشدا نوسینگەی بارزانی رایگەیاندوە:" ئێستا دۆخێكی تر لە عێراقدا هاتووەتە ئاراوە و دەموچاوی حاقد و خۆپەرست و یاساشكێن نابێ رۆڵیان هەبێ، قۆناغی ئێستا قۆناغی بەرپرسیارێتی و پتەوكردنی بنەماكانی پێكەوەژیان و چەسپاندنی شەراكەت و تەوافوق و تەوازونە لە عێراقدا".


وتەکانی عەبادی و وەڵامە توندەکەی نوسینگەی بارزانی دوای ئەوە دێت، پێشتر مەسعود بارزانی پشتگیرییەکی زۆری لە حەیدەر عەبادی کرد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق و دژی ئەوەبو نوری مالیکی لەو کاتەدا پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق وەربگرێتەوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP