ئینستیوتی کەلەپوری کوردی ئەلبومی یادگارییەکانی ئۆشانای بڵاوکردەوە

- 3/26/2019 12:46:00 PM 1334 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئینیستیوتی کەلەپوری کوردی لە شاری سلێمانی ئەلبومێکی یادگارییەکانی ئۆشانا یوئێل میرزای بڵاوکردەوە.

گۆرانیبێژی ئاشوری ئۆشانا یوئێل میرزا لەساڵی ١٩١٨ لە شاری بەعقوبە  لەدایک بوە، ناوی دایکی ( خانا )یە، ئۆشانا تاقانە کوڕبوەو لەژیانیدا زۆر کاریگەر بوە بەدایکی و بەشێوەیوکی ڕاست و دروست فێری ڕەوشت و ڕێبازی مەسیحی کردوە.

ئۆشانا یوئێل میرزا، لە کامپی (جیلانێ) و لەسەر دەستی مامۆستاکەی (ئیلیشا) فێری خوێندن و نوسینی ئاشوری بوە، ئەو زمانی کوردی نەدەزانی، بەڵام زۆر بەباشی گۆرانی کوردی چڕیوەو زۆر کاریگەر بووە بە ( حەسەن جزیری ).

ئۆشانا لەساڵی ١٩٣٥دا لەتەمەنی ١٧ ساڵیدا دەستی بە گۆرانی وتن کردوەو 12 بەرهەمی ئاشوری تۆمار کردوە، یەکەمین بەرهەمی خۆی گۆرانی (خمتا ناجیب)ە و لەساڵی ١٩٥٩ دا لە ڕادیۆی بەغداد بەسەرپەرشتی موزیک ژەنی ناوداری ئاشوری (جەمیل بەشیر) چەند گۆرانییەکی تۆمارکردوە.

ئۆشانا یوئێل میرزا لە وڵاتی کوەیت و چەند ساڵێکیش لە وڵاتی ئێران ژیاوەو دواتر گەڕاوەتەوە بۆ بەغداد، بەڵام بڕیاری یەکجاری بەجێهێشتنی عێراق دەدات و دەگەڕێتەوە بۆ کوەیت و ٢٢ ساڵ لەوێ دەمێنێتەوە دواتریش لەساڵی ١٩٨٥ دەچێتە وڵاتی کەنەدا و هەرلەوێش لەساڵی ٢٠٠٩ دا لەتەمەنی ٩٢ ساڵیدا کۆچی دوایی دەکات.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP