ئیدارەی رۆژئاڤا داوای دامەزراندنی دادگایەکی نێودەوڵەتی بۆ دەستگیرکراوەکانی داعش دەکات

- 3/25/2019 9:49:00 PM 1467 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرێتی کورد لەرۆژئاڤا داوای دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتی نێودەوڵەتی بۆ دادگایکردنی دەستگیرکراوەکانی داعش دەکات.

ئیدارە خۆبەڕێوەبەرێتی کورد لەسوریا داوای لە نەتەوەیەکگرتوەکان کرد دادگایەکی تایبەتی نێودەوڵەتی دابمەزرێنێت بۆدادگایکردنی هەزاران دەستگیرکراوی داعش

 

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمرۆ دوشەممە ئیدارە خۆبەڕێوەبەرێتی کورد لەسوریا داوای لە نەتەوەیەکگرتوەکان کرد دادگایەکی تایبەتی نێودەوڵەتی دابمەزرێنێت بۆدادگایکردنی هەزاران دەستگیرکراوی داعش.
 
رۆژی شەممەی رابردو هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆنترۆڵکردنی تەواوی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی داعشی لەناوچەی باغۆز لەرۆژهەڵاتی روباری فورات راگەیاند و تا ئێستاش سیاسەتێکی نێودەوڵەتی رون نیە بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دەستگیرکراوانی داعش.

 دادگایکردنی دەستگیرکراوانی داعش لەشوێنی رودانی تاوانەکان لەناوخاکی سوریا ئەنجامبدرێت بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەچاودێری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ

 

لەراگەیەنراوەکەی ئیدارەی رۆژاڤادا هاتوە" داوا لەکۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین هەست بەبەرپرسیارێتی بکەن بەرامبەر دەستگیرکراوانی داعش و پێویستە وڵاتانی دیکەش هاوڵاتیانی دەستگیرکراوی خۆیان بگەڕێننەوە وڵاتەکانیان و دادگاییان بکەن".

داواشدەکەن دادگایکردنی دەستگیرکراوانی داعش لەشوێنی رودانی تاوانەکان لەناوخاکی سوریا ئەنجامبدرێت بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەچاودێری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP