هاوڵاتیان نیگەرانن لە ئاسیاسێڵ
دوای 24 کاتژمێر لە راگرتنی پەیوەندیەکانی ئاسیا بە کۆڕەک، ئەوکات ئاسیا بەشداربوانی ئاگاداردەکاتەوە

- 3/25/2019 6:23:00 PM 8177 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دوای زیاتر لە 24 کاتژمێر لە راگرتنی پەیوەندیەکانی کۆڕەک تیلیکۆم لەگەڵ تۆڕەکانی دیکە ئەوکات کۆمپانیای ئاسیاسێڵ بە نامە بەشداربوانی خۆی ئاگاداردەکاتەوە کە ناتوانن پەیوەندی بەو تۆڕەوە بکەن، ئەوەش بوەهۆی نیگەرانی بەشداربوان هاوکات کێشەشی بۆ بەشێک لە هاوڵاتیانی ئەو تۆڕە دروستکردوە، بەپێی بەدواداچونەکانی خەندانیش بەشێک لە هاوڵاتیان نەیانتوانیوە پەیوەندی بەئەندامانی خێزان و کەسە نزیکەکانیانەوە بکەن ئەوەش دڵەڕاوکێ و کێشەی کۆمەڵایەتی بۆ دروستکردون.

پەیوەندیەکانی سەرجەم تۆڕەکانی پەیوەندیکردن لە عیراق لەگەڵ کۆمپانیای کۆڕەک راگیرا

 

دوێنێ یەکشەممە بەبڕیاری كۆمسیۆنی گه‌یاندن و راگه‌یاندنی عێراق  پەیوەندیەکانی سەرجەم تۆڕەکانی پەیوەندیکردن لە عیراق لەگەڵ کۆمپانیای کۆڕەک راگیرا، بەهۆیەوە بەشداربوانی ئەو تۆڕە گرفتی پەیوەندیکردنیان لەگەڵ  تۆڕەکانی دیکە بۆ دروستبو.

هیچ کام لە کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن پێشوەخت بەشداربوانی خۆیان لە بڕیارەکە ئاگادارنەکردوەتەوە

 

راگرتنی پەیوەندیەکانی کۆڕەک تیلیکۆم لەگەڵ تۆڕەکانی دیکە لەکاتێکدایە، پێنج رۆژ بەر لە ئێستاو لە 20ی ئەم مانگەدا دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا سەرجەم تۆڕەکانی پەیوەندیکردنی لە بڕیارەکە ئاگادارکردەوە، بەڵام بەپێی زانیاریەکانی خەندان، هیچ کام لە کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن پێشوەخت بەشداربوانی خۆیان لە بڕیارەکە ئاگادارنەکردوەتەوە.

ژمارەیەک هاوڵاتی کە بەشداربوی تۆڕی ئاسیاسێڵ-ن لەبارەی راگرتنی پەیوەندیەکانەوە دەڵێن، ئەمڕۆ دووشەممە دوای 24 کاتژمێر لە راگرتنی پەیوەندیەکانی کۆڕەک لەگەڵ تۆڕەکانی دیکە، کۆمپانیای ئاسیاسێڵ بەنامە ئاگاداری کردونەتەوە کە ناتوانن پەیوەندی بە کۆڕەکەوە بکەن.

دەبو ئاسیاسێڵ بەرلە راگرتنی پەیوەندیەکان ئاگاداری بەشداربوانی بکردایەوە، نەک دوای 24 کاتژمێر

 

یەکێک لەو بەشداربوانەی کە بۆ خەندان دواوە لەبارەی راگرتنی پەیوەندیەکانی ئاسیاو کۆڕەک رایگەیاند، "دەبو کۆمپانیای ئاسیاسێڵ بەرلە راگرتنی پەیوەندیەکان لەگەڵ کۆڕەک تیلیکۆم ئاگاداری بەشداربوانی بکردایەوە، نەک دوای 24 کاتژمێر نامەی ئاگادارکردنەوەیان بۆ بنێرێت".

راگرتنی پەیوەندیەکانی نێوان ئاسیا و کۆڕەک کێشەی کۆمەڵایەتی لێکەوتوتەوە

 

بەشداربوانی ئاسیاسێڵ دەڵێن، "راگرتنی پەیوەندیەکانی نێوان ئاسیا و کۆڕەک کێشەی کۆمەڵایەتی لێکەوتوتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی پێشوەخت هیچ یەکێک لە بەشداربوانی تۆڕەکانی ئاسیا و کۆڕەک لە هۆکار و کاتی راگرتنی پەیوەندیەکانی نێوانیان ئاگادارنەکراونەتەوە".

ئاسیاسێڵ لەلایەن حکومەتەوە ئاگادارکراوەتەوە کە پەیوەندیەكانی لەگەڵ كۆڕەك ببڕێت

 

عەبدوڵا حەسەن، وتەبێژی کۆمپانیای ئاسیاسێڵ لەوبارەیەوە بە خەندان-ی راگەیاند، ئەوان پێیان خۆش نیە کە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم بڕیوە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، لەلایەن حکومەتەوە ئاگادارکراونەتەوە کە بیبڕن.

ئاگادارکردنەوەکەی ئاسیاسێڵ سیستمێکی دەنگی ئەلیکترۆنیە

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئاگادارکردنەوەکەی ئاسیاسێڵ سیستمێکی دەنگی ئەلیکترۆنیە و کاتێک بەشداربوی ئاسیاسێڵ پەیوەندی دەکات بە ژمارەیەکی کۆڕەکەوە پێی دەڵێت، ناتوانیت پەیوەندی بکەیت بەهۆی راگرتنی پەیوەندیەکانی ئاسیا و کۆڕەکەوە، پاشان نامەیەکی نوسراوی لەوبارەیەوە پێدەگات".

هەروەها دەشڵێت، لە کاتژمێر 12:00ی شەوی 23 لەسەر 24ی ئەم مانگە، پەیوەندیەکانی ئاسیا و کۆڕەک راگیراوە، ئەگەر هەرکەسێک یەک خولەک دوای ئەوە پەیوەندی کردبێت سیستمەکە ئاگاداریکردوەتەوە، کە ناتوانێت پەیوەندی بکات، بەڵام ئەگەر کەسێک ئەمڕۆ پەیوەندی کردبێت ئەوا ئەمڕۆ ئاگادارکردنەوەکەی بەنامە بەدەست گەیشتوە".

بەشداربوانی ئاسیاسێڵ لێدوانی وتەبێژی کۆمپانیاکە رەتدەکەنەوە 

 

بەڵام بەشداربوانی ئاسیاسێڵ ئەو لێدوانەی وتەبێژی کۆمپانیاکە رەتدەکەنەوە و دەڵێن، لەکاتی پەیوەندیکردنیان لە 24 کاتژمێری رابردودا تەنها گوێبیستی دوو تۆنی کورت دەبون، دواتر پەیوەندیەکە دادەخرایەوە، بەبێ ئەوەی هیچ نامەیەکی دەنگی یان نوسراو بۆ بەکاربەر بێت، کە ئاگاداری بکاتەوە پەیوەندی ئەو دوو تۆڕە پچڕاوە، ئەوەش لانیکەمی بەرپرسیارێتی کۆمپانیای -ئاسیا سێڵ-ە بەرامبەر بە بەشداربوانی.

بەپێی راگەیەنراوێكی دەستەی پەیوەندییەكانی حکومەتی عێراق، كۆمپانیای كۆڕەك ماددەی‌ 19ی تایبەت بە خزمەتگوزارییەكانی پێشێلكردوەو پابەندنەبوە بە رێنماییەكانی‌ كۆمسیۆن بۆ واژۆكردنی گرێبەستی‌ تایبەت بەپڕۆژەی‌ خزمەتگوزاری‌ پارێزگاری‌ ژمارە لەگەڵ‌ كۆمپانیای‌ هۆڵەندی PortingXs  جێبەجێكاری‌ پڕۆژەكە.

بەڵام کۆمپانیای کۆڕەک لە راگەیەندراوێکدا بڕیارەکەی بە "نادادپەروەرانە" پێناسەکرد و وتی، "ئەو بڕیارە گوشارێکە لەسەر کۆمپانیاکەمان تاوەکو گرێبەست بەدڵی ئەوان واژۆ بکەین".

هاوکات ئومێد محه‌مه‌د، وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ گواستنه‌وه‌و گه‌یاندنی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بە خەندان-ی وت، "بڕیارەکە لەلایەن ده‌سته‌ی‌ راگه‌یاندن و گه‌یاندنی‌ حكومه‌تی‌ عیراق دەرچوە و لە رۆژی یەکشەممەوە سه‌رجه‌م تۆڕه‌كانی په‌یوه‌ندیكردن له‌ عێراق په‌یوه‌ندیه‌كانیان له‌گه‌ڵ كۆمپانیای كۆڕه‌ك راگرتوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "بڕیاری راگرتنەکە ئاڕاستەی سەرجەم تۆڕەکانی پەیوەندیکردن لە عێراق کراوە و بۆ ماوەی پێنج رۆژیش راگرتنی پەیوەندییەکان بەردەوام دەبێت و هیچ کۆمپانیایەک ناتوانێت پەیوەندی بە کۆڕەکەوە بکات و وەبەپێچەوانەشەوە".

وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی هەرێم ئەوەشی وت، بەغدا بە نوسراوی فەرمی لەو بارەیەوە ئاگاداری كردونەتەوە و بڕیارەكەش لە سەرتاسەری عێراق جێبەجێ کراوە.

بڕیارەکەی كۆمسیۆنی گه‌یاندن و راگه‌یاندنی عێراق بە زیانی کۆڕەک تلیکۆم و سودی ئاسیاسێڵ و تۆڕەکانی دیکە تێدابو، بەتایبەت لەسنوری پارێزگای سلێمانی کە ئەو کۆمپانیایە هەوڵیدەدا پێگەی خۆی هاوشێوەی پارێزگای هەولێر بەهێز بکات، بەڵام بەجێبەجێکردنی ئەو بڕیارە جارێکی دیکە هەندێک لە بەشداربوانی کۆڕەک تیلیکۆم پەنایان بۆ ئاسیا سێڵ بردەوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP