لەرێگەی هەلیكۆپتەرەوە رزگاركران
زیاتر لە هەزار كەس لە كەشتیەكی گەشتیاریدا گیریانخوارد

- 3/24/2019 10:06:00 PM 1453 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

زیاتر لە 450 كەس لەناو كەشتیەكی گەشتیاریدا لەنزیك كەناردەریاكانی نەرویج گیریانخوارد و لەڕێگەی هەلیكۆپتەرەوە رزگاركران.

شەوی رابردو، بەهۆی تێكچونی بزوێنەری كەشتیەكە و خراپی كەشوهەوا لە رۆژئاوای كەناردەریاكانی نەرویج، زیاتر لە 450 كەس لە كەشتیەكی گەشتیاریدا گیریانخوارد و دواتر لەڕێگەی هەلیكۆپتەرەوە سەرنشینانی كەشتیەكە رزگاركران.

بەپێی تۆڕی هەواڵی تایم-ی ئەمریكی، پێنج هەلیكۆپتەر لە تاریكی شەودا سەرنشینانی كەشتیەكی گەشتیاریان رزگاركردوە و بەدرێژایی دوێنێ شەو سەرجەم هەلیكۆپتەرەكان لە كارەكەیان بەردەوامبون، لەكاتێكدا ئەو پرۆسەیە لە هەلومەرجێكی قورسدا ئەنجامدراوە و رەشەبای توند و شەپۆلی دەریایی بە بەرزی هەشت مەتر كارەكەیان ئاڵۆزتركردوە.

پۆلیسی نەرویج لەوبارەیەوە رایگەیاندوە، دوابەدوای رزگاركردنیان 17 كەس لە سەرنشینانی كەشتیەكە برینداربون و رەوانەی نەخۆشخانە كراون.

ئێوارەی دوێنێ، كەشتی ڤایكین سكای كە تێكڕا بە سەرنشینان و كارمەندانی كەشتیەكەوە هەزار و 373 كەسی تێدابوە نزیك رۆژئاوای كەناردەریاكانی نەرویج كە بە شەپۆلە سەختەكانی بەناوبانگە، توشی گرفتبوە و دەستبەجێ كارمەندانی كەشتیەكە هەوڵیانداوە كەشتیەكە لە رۆخی دەریاكە نزیكبكنەوە.

دوای ئەوەی كەشتیەكە 100 مەتر لە تاشەبەردەكانی قوڵایی دەریاكە و 900 مەتر لە كەناردەریاكە گیریخواردوە، بە مەبەستی رزگاركردنی سەرنشینانی كەشتیەكە تیمەكانی فریاگوزاری و پۆلیسی نەرویج گەیشتونەتە نزیك شوێنی روداوەكە و لەرێگەی پێنج هەلیكۆپتەرەوە 463 سەرنشینیان رزگاركردوە.

دوابەدوای رزگاركردنی 463 سەرنشین، دو كەشتی دیكە كەشتیەكەیان راكێشاوەتە كەناردەریاكە و سەرنشینەكانی دیكەش لە كەناردەریاكە رزگاركراون. 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP