شه‌قامی 100 مه‌تری سلێمانی به‌كوێ گه‌یشت
5 پارێزگار گۆڕدران و پڕۆژه‌ ستراتیژییه‌كه‌ی سلێمانی هێشتا له‌سه‌ر نه‌خشه‌یه‌

- 3/24/2019 9:53:00 PM 20834 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

نزیكه‌ی پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، گرێبه‌ستێك بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیژی له‌ شاری سلێمانی واژۆكرا، كه‌ شه‌قامی 100 مه‌تری سلێمانی بو، به‌جێبه‌جێكردنی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ شاره‌كه‌ ده‌چوه‌ قۆناغێكی دیكه‌وه‌، به‌ڵام دوای تێپه‌ڕبونی نزیكه‌ی پێنج ساڵ و گۆڕینی پێنج پارێزگار له‌ دو حزبی ده‌سه‌ڵاتداری شاره‌كه‌ هێشتا پڕۆژه‌كه‌ له‌سه‌ر نه‌خشه‌یه‌، بەپێی راپرسیەكی دەزگای میدیای خەندان، هاوڵاتیان پێیانوایە حكومەت جیاوازی كردوە لە نێوان سلێمانی و هەولێر لە دروستكردنی رێگاوبانەكاندا.

پێنج ساڵ پێش ئێستا گرێبەستی پرۆژەی شەقامی 100 مەتری واژۆكراوە

 

به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك كه‌ كۆپیەكەی لە خەندان پارێزراوە، له‌ 8-5-2014 گرێبه‌ستێك له‌ نێوان به‌هرۆز حه‌مه‌ساڵح، پارێزگاری ئه‌وكاتی سلێمانی به‌نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ رێگه‌پێدراوی كۆمپانیای (ئیلتیبای) واژۆكراوه‌ بۆ دروستكردنی پڕۆژه‌ی یەكەمی شه‌قامی 100 مه‌تری سلێمانی له‌ماوه‌ی 1100 رۆژدا، بەڵام تا بڵاوكردنەوەی ئەم راپۆرتە چوار ساڵ و 320 رۆژە گرێبەستەكە ئیمزا كراوە، بەو پێیەش 680 بەسەر وادەی تەواوبونی پرۆژەی یەكەمی شەقامەكە تێپەڕیوە.

بڕیاربوه‌ له‌ماوه‌ی 1100 رۆژی رۆژمێریدا پرۆژەی یەكەمی شەقامەكە ته‌واوبكرێت بەڵام 680 رۆژ بەسەر وادەی تەواوبونی تێپەڕێوە

 

به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌كه‌، پارێزگاری ئه‌وكاتی سلێمانی و لایه‌نی دووه‌می گرێبه‌سته‌كه‌ كه‌ كۆمپانیای (ئیلتیبای) بوه‌ له‌سه‌ر 28 خاڵ له‌باره‌ی دروستكردنی پڕۆژه‌كه‌وه‌ گه‌یشتونه‌ته‌ رێككه‌وتن، بڕیاربوه‌ له‌ماوه‌ی 1100 رۆژی رۆژمێریدا به‌ تێچوی 469 ملیار و 900 ملیۆن دینار پڕۆژه‌كه‌ ته‌واوبكرێت، به‌ڵام تا ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت هێشتا ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ له‌سه‌ر نه‌خشه‌یه‌ و نه‌چوه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

ده‌بوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌دا 10ی پێشه‌كی پاره‌كه‌ی بدایه‌ به‌ كۆمپانیاكه‌

 

به‌ڵگه‌نامه‌كانی لای خه‌ندان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن، له‌ 6-11-2015 دا به‌بڕیاری ژماره‌ (30219) فه‌رمانكراوه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ریه‌كه‌ له‌ كۆمپانیاكانی (كور+ ئینماش+ ئیلتبای)، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی له‌ 28-4-2014 دا ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌بڕیاری ژماره‌ (254) ده‌سه‌ڵاتی و واژۆكردنی گرێبه‌سته‌كه‌ی داوه‌ به‌ به‌هرۆز حه‌مه‌ ساڵح، پارێزگاری ئه‌وكاتی سلێمانی له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكه‌دا.

بۆردێكی سه‌رپه‌رشتیكردن بۆ پڕۆژه‌كه‌ پێكهێنراوه‌

 

له‌ گرێبه‌سته‌كه‌دا هاتووه‌، كۆمپانیای ناوبراو پابه‌نده‌ به‌دروستكردنی شه‌قامی 100 مه‌تری سلێمانی له‌ماوه‌ی 1100 رۆژدا، هاوكات بۆردێكی سه‌رپه‌رشتیكردن بۆ پڕۆژه‌كه‌ له‌لایه‌ن پارێزگاری سلێمانییه‌وه‌ پێكهێنراوه‌، ده‌بوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌دا 10ی پێشه‌كی پاره‌كه‌ی بدایه‌ به‌ كۆمپانیاكه‌، به‌ڵام بەگوێرەی زانیارییەكانی خەندان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بەبیانوی قەیرانی داراییەوە پابه‌ند نه‌بووه‌ به‌ گرێبه‌سته‌كه‌وه‌ پڕۆژه‌كه‌ جێبه‌جێنه‌كراوه‌، لەكاتێكدا پرۆژەی هاوشێوە لە هەمان هەلومەرجی داراییدا لە شاری هەولێر جێبەجێكراوە.

ساڵانە 80 ملیار دینار بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە تەرخانكراوە

 

ئازاد رەسوڵ، بەڕێوەبەری فەرمانگەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی لە لێدوانێكی تایبەت بۆ خەندان رایگەیاند، هۆكاری دواكەوتنی جێبەجێكردنی پرۆژەی شه‌قامی 100 مەتری سلێمانی پەیوەندی بە قەیرانی داراییەوە هەیە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "لە ساڵانی پێشودا ساڵانە 80 ملیار دینار بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە تەرخاندەكرا، بەڵام ئەمساڵ كراوە بە 100 ملیار دینار، هەرچەندە لە پلانی وەزارەتی داراییدا هەیە كە پرۆژەكە ئەنجامبدرێت، بەڵام هەتا ئێستا بڕی پارەكەی بۆ تەمویل نەكراوە، پێشموانیە كە هۆكاری سیاسی لە پشتیەوە بێت".

هێشتا دیارنیه‌ ئه‌و پڕۆژه‌ ستراتیژیه‌ی سلێمانی كه‌ ده‌بێته‌ پشتێنه‌یه‌ك و قه‌ره‌بالغی شاره‌كه‌ كه‌مده‌كاته‌وه‌، كه‌ی ده‌ستپێده‌كات

 

خه‌ندان له‌ زاری به‌رپرسێكی باڵای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ زانیویه‌تی، له‌ بودجەی ساڵی 2019 ی هه‌رێمی كوردستان بڕی 59 ملیار دینار بۆ پڕۆژه‌ی شه‌قامی 100 مه‌تری ته‌رخانكراوه‌، به‌ڵام هێشتاش دیارنیه‌ ئه‌و پڕۆژه‌ ستراتیژیه‌ی سلێمانی كه‌ ده‌بێته‌ پشتێنه‌یه‌ك و قه‌ره‌بالغی شاره‌كه‌ كه‌مده‌كاته‌وه‌، كه‌ی ده‌ستپێده‌كات.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە لەسەر خەتە

 

بۆ بەدواداچونی ئەم بابەتە، خەندان پەیوەندی كرد بە سەرچاوەیەكی بەرپرسیار لە ئەنجومەنی وەزیران و بۆ خەندان رایگەیاند:"پرۆژەكە لە سەرەتای دەستبەكاربونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوەو لەم پێناوەدا جێگری ئێستا سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران (قوباد تاڵەبانی) لەسەر خەتە".

شاری سلێمانی كه‌ له‌ ئێستادا نزیكه‌ی 900  هه‌زار هاوڵاتی تێدا نیشته‌جێیه‌ خاوه‌نی شه‌قامی 60 مه‌تریه‌، له‌كاتێكدا له‌ شاری هه‌ولێر پڕۆژه‌ی شه‌قامی 120 مه‌تری جێبه‌جێكراوه‌ و هه‌نگاویش بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی شه‌قامی 150 مه‌تری ده‌نرێت.

بەپێی راپرسییەك، هاوڵاتیان پێیانوایە حكومەت جیاوازی دەكات لەنێوان هەولێر و سلێمانی

 

ده‌زگای میدیایی خه‌ندان ‌راپرسیه‌كی له‌باره‌ی جیاوازیكردن له‌ نێوان شاره‌كانی هه‌ولێرو سلێمانی له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامداوه کە ماوەی 24 کاتژمێری خایاندوە و ڕاپرسیەکە گەیشتۆتە دەستی 202 هەزارو 483 كەس و زیاتر لە 15 هەزارو 700 بەشداربو دەنگیان داوە و بەزۆرینه‌ی 61٪ ی به‌شداربوانی راپرسییه‌كه‌ پێیان وایه‌، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جیاوازی ده‌كات له‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كاندا له‌ نێوان هه‌ولێر و سلێمانیدا و تەنها لە 39٪ی بەشداربوانی راپرسیەكە پێیانوایە حكومەت جیاوازی نەكردوە.

 

 

بەڕێوەبەری فەرمانگەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی راشیگەیاند، "كاتێك بەڵێندەری پرۆژەكە دەستیكرد بە كاركردن وتی تاكو كۆتایی ساڵی 2014 و سەرەتای 2015 بەبێ وەرگرتنی سلفەی پێشەكی دەست بەپرۆژەكە دەكەم و بەو مەرجەی ئەگەر گرفتی دارایی چاكبو ئەو كات سلفەی پێشەكیم بۆ سەرفبكرێت، ئەوەبو گرفتی دارایی لەو كاتەدا خراپتر بو، بۆیە بە فەرمانێكی پارێزگاری سلێمانی ئەو كاتە كە وتی ئەو پرۆژانەی تازە دەستیانپێكردوە دەتوانن رابگیرێن تا قەیرانی دارایی یەكلایی دەبێتەوە".

كۆمپانیاكە مافی ئه‌وه‌ی هه‌بوه‌ داوای قه‌ره‌بوبكات له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كورستان له‌به‌رامبه‌ر پابه‌ندنه‌بونی حكومەت به‌ گرێبه‌سته‌كه‌وه‌

 

به‌پێی گرێبه‌سته‌كه‌ی نێوان پارێزگاری سلێمانی و كۆمپانیاكه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی شەقامی 100 مەتری سلێمانی، كۆمپانیاكه‌ مافی ئه‌وه‌ی هه‌بووه‌ پێشینه‌ی له‌سه‌دا 10ی پاره‌ی پڕۆژه‌كه‌ی بۆ خەرجبكرێت، ته‌نانه‌ت مافی ئه‌وه‌شی هه‌بوه‌ داوای قه‌ره‌بوبكات له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كورستان له‌به‌رامبه‌ر پابه‌ندنه‌بونی حكومەت به‌ گرێبه‌سته‌كه‌وه‌، به‌ڵام نه‌یكردوه‌. 

بەڕێوەبەری فەرمانگەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی ده‌شڵێت، "یەكەمین بڕە پارەی تەرخانكراو بۆ گرێبەستەكە 469  ملیار و 900  ملیۆن دینار، ئەو گرێبەستە كراوە و بەهیچ شێوەیەك ناتوانرێت تەندەرینی تری بۆ بكرێت، ئەگەر حكومەت بیەوێت پرۆژەكە جارێكی دیكە بكاتەوە ناو تەندەرەوە، دەبێت كۆتایی بە گرێبەستەكەی ئەو كۆمپانیا توركیە بهێنێت، كە رەنگە ئەو كاتە كۆمپانیاكە داوای قەرەبو بكات".

لەگەڵ دەستبەكاربونی كابینەی نۆیەمی حكومەت هەوڵ دەدرێت پرۆژەكە بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە

 

رونیشیكرده‌وه‌، "هێندەی من ئاگاداربم لەگەڵ دەستبەكاربونی كابینەی نۆیەمی حكومەت لە رێگەی قوباد تاڵەبانیەوە هەوڵ دەدرێت پرۆژەكە بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە".

پێشتریش چەندین پرۆژەی ستراتیژی لە سلێمانی لە وادەی خۆیدا جێبەجێ نەكراوە

 

راگرتنی شه‌قامی 100 مه‌تری سلێمانی ته‌نها پڕۆژه‌ نیه‌ له‌شاری سلێمانیدا كه‌ له‌واده‌ی خۆیدا جێبه‌جێنه‌كراوه‌، پێشتریش چه‌ندین پڕۆژه‌ی ستراتیژی وه‌ك نه‌خۆشخانه‌ی شار له‌ سلێمانی دوای ئه‌وه‌ی چه‌ندینجار پارەی بۆ ته‌رخانكرا ئه‌وكات ته‌واوكران.

راگرتنی به‌شێك له‌ پڕۆژه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان دوای ئه‌وه‌ هات كه‌ هه‌رێمی كوردستان په‌نای برده‌ به‌ر فرۆشتنی نه‌وت به‌سه‌ربه‌خۆ و بڕینی بودجه‌ی هه‌رێم له‌ به‌غداوه‌، دواتر سه‌رهه‌ڵدانی چه‌كدارانی داعش له‌ مانگی حوزه‌یرانی 2014 دا و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی روبه‌ڕێكی فراوانی خاكی عێراق و سوریا، هاوكات هاڕەی نرخی نه‌وت له‌ 90  دۆلاره‌وه‌ بۆ 23 دۆلار.

شەقامی 100 مەتری سلێمانی بەسێ قۆناغ جێبەجێ دەكرێت

 

پڕۆژه‌ی شه‌قامی 100 مه‌تری سلێمانی له‌ تاسڵوجه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات بۆ گوندی ده‌مركان له‌ سنوری عه‌ره‌به‌ت، قۆناغی دوه‌میش له‌ ده‌مركانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات بۆ تونێلی پێشڕه‌و له‌ سیته‌ك، قۆناغی سێیه‌می پڕۆژه‌كه‌ش له‌ تونێلی پێشڕه‌وه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات بۆ تاسڵوجه‌، هاوكات له‌ نه‌خشه‌ی پڕۆژه‌ی شه‌قامی 100 مه‌تریدا حه‌وت پرد و نۆ شه‌قامی یەكتربڕ هەیە و بەپێی نەخشەی شەقامەكە، شەقامی 100 مەتری سلێمانی بەسێ قۆناغ جێبەجێ دەكرێت.

شه‌قامی 60 مه‌تری سلێمانی توانای هه‌ڵگرتنی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ ئۆتۆمبێلی نیه‌

 

دواكه‌وتنی پڕۆژه‌ی شه‌قامی 100 مه‌تری سلێمانی له‌كاتێكدایه‌، زیاتر شه‌قامی 60 مه‌تری شاره‌كه‌ توانای هه‌ڵگرتنی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ ئۆتۆمبێلی نیه‌، ئه‌وه‌ش وایكردوه‌ رێگای هاتوچۆكردنی هاوڵاتیان به‌تایبه‌ت له‌كاتی ده‌وامی فه‌رمانگه‌كاندا ئه‌سته‌م بێت، ئه‌وەش‌ سه‌ره‌ڕای خراپی رێگاكه‌، لەهەمانكاتدا پەیوەندی شاری سلێمانی بە دەوروبەرییەوە ئاڵۆزكردوە، چونكە بۆ دەرچون بۆ ناوچە جیاوازەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی هامشۆكاران پێویستە رێگەی 60 مەتری ببڕن، ئەمەش قەرەباڵغییەكی زۆری بۆ شەقامەكە دروست كردوە، بەڵام لە ئەگەری تەواوبونی پرۆژەكە بۆ هاتن و دەرچون لە سلێمانی پێویست بەوە ناكات بێنە سەنتەری شاری سلێمانی و شەقامی 60 مەتری، بەڵكو راستەوخۆ لەگەڵ هاتنە ناوەوەیان بۆ سنوری پارێزگای سلێمانی لە شەقامە یەكتربڕەكانی 100 مەتری بە شێوەیەكی ئاسانتر دەگەنە شوێنی مەبەستیان.

هەڤاڵ ئەبوبەكرهیچ قسه‌یه‌كی له‌سه‌ر ناكەم و چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانم

 

هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگاری سلێمانی له‌باره‌ی شه‌قامی 100 مه‌تری شاره‌كه‌وه‌ به‌ خه‌ندان-ی وت، ئه‌و ئێستا هیچ قسه‌یه‌كی له‌سه‌ر ناكات، چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانن له‌وباره‌یه‌وه‌.

خه‌ندان وه‌ك ئه‌ركێكی پیشه‌یی چه‌ندینجار په‌یوه‌ندی به‌ چه‌ندین به‌رپرسی باڵای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ كرد، به‌ڵام هەندێك وەڵامیان نەدایەوە و یان ئاماده‌نه‌بون له‌باره‌ی پڕۆژه‌ی 100 مه‌تری سلێمانیه‌وه‌ بەناوی خۆیانەوە لێدوان بدەن.

رێگاو بانەكان روخساری دیاری شارەداریی پارێزگاكانن

 

رێگاو بانەكان روخساری دیاری شارەداریی پارێزگاكانن، بۆیە كاتێك لە شارێكی وەكو سلێمانیدا رێگاو بانەكان لە شەقامی 60 مەتری تێپەڕی نەكردوە، ناقۆڵاییەك دەبینرێت لە روخساری شارەداری شارێكی جوان و زیندوی وەك سلێمانی.

خەندان پەیوەندی كرد بە ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیانەوە، و زۆربەیان نیگەرانی ئەوە بون، كە ئایا كەی بڕی پارەی تەرخانكراو بۆ پرۆژە شەقامی 100 مەتری سلێمانی دەچێتە بواری خەرجكردنەوە؟

 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP