ترەمپ لەبارەی جۆلان بڕیارەكەی واژۆدەكات

- 3/24/2019 8:08:00 PM 5490 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بڕیار وایە سبەی دوشەممە، دۆناڵد ترەمپ، بە فەرمی بڕیاری دانپێدانانی وڵاتەكەی بە بەرزاییەكانی جۆلان وەك خاكی ئیسرائیل واژۆبكات.

دوای ئەوەی پێنجشەممەی رابردو، 21ی ئازار دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە تویتێكیدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند "كاتی ئەوە هاتوە لە بەرزاییەكانی جۆلان پشتیوانی لە سەروەری ئیسرائیل بكەن"، ئاژانسی فرانس پرێس ئاشكرایكرد، سبەی دوشەممە دۆناڵد ترەمپ بە فەرمی بڕیارەكە واژۆدەكات.

سبەی ئەو بڕیارە واژۆدەكات كە ساڵانێكە ئیسرائیلیەكان چاوەڕێیدەكەن

 

بەپێی تۆڕی هەواڵی سكای نیوز-ی بریتانی، رادیۆ-ی فەرمی ئیسرائیل رایگەیاندوە، سبەی دوشەممە دۆناڵد ترەمپ "ئەو بڕیارە واژۆدەكات كە ساڵانێكە ئیسرائیلیەكان چاوەڕێیدەكەن"، لەبارەی بەرزاییەكانی جۆلان كە لە جەنگی ساڵی 1967 تەلئەبیب داگیریكردوە.

پێنجشەممەی رابردو، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند "دوای 52 ساڵ، کاتی ئەوەیە ئەمریکا بەتەواوەتی دانبنێت بە سەروەری ئیسرائیلدا لە جۆلان کە گرنگییەکی ستراتیژیی و ئاسایشی هەیە بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل و سەقامگیری ناوچەکە."

لە بەرامبەردا، مەولود چاوشئۆغلو وەزیری دەرەوەی توركیا بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكای رەتكردەوە و رایگەیاند، "دژی بڕیاری سەرۆكی ئەمریكاین لەبارەی بەرزاییەكانی جۆلان و ناساندنی لەسەر ئیسرائیل".

دواتریش، وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، داواكاریەكەی ترەمپ لەسەر بەرزاییەكانی جۆلان پێشێلكاری راستەوخۆی یاسا نێودەوڵەتیەكانە و "هەڕەشەیە بۆ سەر ئارامی ناوچەكە".

دوای توركیا و روسیا، هەریەك لە وڵاتانی عەرەبی و میسر و نەتەوە یەكگرتوەكانی ئەوروپا و بریتانیا بڕیارەكەی ترەمپ-یان رەدكردەوە.

وەزارەتی دەرەوەی هەریەك لە وڵاتانی میسر و ئوردون لەبارەی بڕیارە لەناكاوەكەی ترەمپ رایانگەیاند، بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ژمارە 497ی ساڵی 1981، ئەو بڕیارەی ئیسرائیل بۆ سەپاندنی یاساكانی و دەسەڵاتی دادوەری و ئیدارەی وڵاتەكەی بەسەر بەرزاییەكانی جۆلان-دا كە خاكی سوریایە و داگیركراوە، پوچەڵكراوەتەوە كاریپێناكرێت و هیچ شەرعیەتێكی نێودەوڵەتی نیە.

بەرزاییەكانی جۆلان، ناوچەیەكی شاخاوییە، لە نێوان باشوری وڵاتی سوریا و باکوری ئیسرائیل-دایە، كە بەپێی بەرپرسانی باڵای سوریا، ئیسرائیل لە جەنگی ساڵی 1967 دا داگیركردوە و بەپێی ڕێككەوتنێكی نەتەوە یەكگرتووەكان لەنێوان ئیسرائیل و سوریادا لە ساڵی 1974 واژۆكراوە، هەریەك لە سوریا و ئیسرائیل نابێت هێزی سەربازی خۆیان لە هەردو بەری بەرزاییەكانی جۆلان زیاتر بكەن.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP