کۆچبەرێکی کورد لە تورکیا لەلایەن هاوڕێکەیەوە کوژرا

- 3/24/2019 7:51:00 PM 61018 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران رایگەیاند، شەوی 24/23 ئەم مانگە گەنجێکی شاری سلێمانی لەلایەن هاوڕێکەیەوە لە هۆتێلێکی شاری ئەدرنەی تورکیا بە چەقۆ کوژراوە.

شەوی رابردو لەگەڵ هاوڕێکەیدا لە هۆتێلەکەدا بون دوای ئەوەی شەڕ و دەمەقاڵێ لەنێوانیاندا رویداوە چەند چەقۆیەکی لێداوە

خەبات محەمەد، باوکی کۆچبەرە کوژراوەکە بە لوتکەی راگەیاندوە، “ماوەی هەفتەیەکە کوڕەکەی بەمەبەستی کۆچکردن رووی لە تورکیا کردوە، بەڵام شەوی رابردو لەگەڵ هاوڕێیەکیدا لە ناو ئەو هۆتێلەی لێی ماونەتەوە لە شاری ئەدرنەی تورکیا دەبێتە شەڕو دەمەقاڵێیان، لە ئەنجامدا هاوڕێکەی چەند چەقۆیەکی لە کوڕەکەی داوە و، بەهۆیەوە دەستبەجێ گیانیلەدەستداوە.

دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران بڵاویکردوەتەوە، ئەو گەنجە تەمەنی 19ساڵە و ناوی (هۆشمەند خەبات محەمەد محمود). 

لەسەر روداوەکە دو کەس دەستگیرکراون

هاوکات پۆلیسی تورکیا بە لوتکەی راگەیاندوە، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ روداوەکە کردوەتەوە و دەستیانکردوە بە لێکۆڵینەوە، لەسەر روداوەکەش دو کەس دەستگیرکراون.

پۆلیسی تورکیا ئاماژەی بەوەداوە، لە ئیستادا تەرمی کۆچبەرە کوردەکە لە پزیشکی دادییە لە نەخۆشخانەی زانکۆ لە شاری ئەدرنە.

لای خۆیەوە ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران بە خەندان-ی راگەیاند، لە پەیوەندیدان لەگەڵ پۆلسیی تورکیا و دەستیانکردوە بە رێکارە یاساییەکان بەمەبەستی گەڕاندنەوەی تەرمەکەی.

سەرۆکی دەزگای لوتکە ئاماژەی بەوەشکرد. لە ماوەیەکی نزیکدا تەرمەکەی لە رێگەی فڕۆکەوە دەگەڕێندرێتەوە، رادەستی کەسوکارەکەی دەکرێتەوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP