مادورۆ: ئەمریكا هەوڵیدا تیرۆرمبكات

- 3/24/2019 7:33:00 PM 5391 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆكی ڤەنزوێلا، ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا-ی بە هەوڵدان بۆ تیرۆركردنی تۆمەتباركرد و رایگەیاند، ئیمپریالیزم-ی ئەمریكا دەیەوێت بمكوژێت.

نیكۆلاس مادورۆ، سەرۆكی ڤەنزوێلا لە لێدوانێكیدا بۆ پشتیوانانی رایگەیاند "ئیمپیریالیزمی ئەمریكی هەوڵیداوە تیرۆرم-بكات" و ئاماژەی بەوەشدا، خوان گوایدۆ-ی سەرۆكی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەكەی جێبەجێكاری پلانی كوشتن-ەكە بوە. 

بەپێی ئاژانسی سپوتنیك نیوز-ی روسی،  ئەمڕۆ یەكشەممە، نیكۆلاس مادورۆ لەناو پشتیوانانیدا و لە لێدوانێكدا رایگەیاند، ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە هەوڵی تیرۆركردنی-دایە و خوان گوایدۆ-ی سەرۆكی ئۆپۆزسیۆن-ی وڵاتەكەی بە شێوەیەكی"راستەوخۆ" ئەو پلانەی جێبەجێكردوە.

لە لێدوانەكەیدا مادورۆ، خوان گوایدۆ-ی بە "پیاوی ئەمریكا" ناوبردوە و ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە ئەوان بەڵگەیان هەیە لەسەر هەوڵ و پلاندانی كوشتنی لە لایەن ئەمریكاوە.
ئەنجامدەرانی ئەو هەوڵە تیرۆریستیە لە رۆژانی داهاتودا دەستگیردەكرێن

 

لەناو هەوادارەكانیدا مادورۆ وتیشی "ئەو هەوڵانە سەركەوتونابن و ئێمە لەلایەن یەزدان-ەوە پارێزراوین"، راشیگەیاند، نوسینگەی داواكاری گشتی وڵاتەكەی لەبارەی ئەو دۆسیەیەوە پەرەی بە كارەكانیداوە و "ئەنجامدەرانی ئەو هەوڵە تیرۆریستیە لە رۆژانی داهاتودا دەستگیردەكرێن".

ئەوە لەكاتێكدایە، نیكۆلاس مادورۆ، لە مانگی ئاب-ی ساڵی 2018 دا، لە هەوڵێكی كوشتن رزگاریبو، كاتێك دو فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان لەكاتی بەسەربردنی پشویەكیاندا مادورۆ و بەرپرسانی ڤەنزوێلا-یان بە ئامانجگرت و حكومەتی ڤەنزوێلا، ویلایەتە یەكگرتوەكان و كۆڵۆمبیای دراوسێی بەو هەوڵی كوشتنیان تۆمەتباركرد.

نیشانەکردن :

#ئه‌مریكا #ڤەنزوێلا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP