خەلافەتەكەی كۆتایی هات و ئەبوبەكر بەغدادی نادیارە

- 3/24/2019 7:19:00 PM 7867 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- بەهمەن ئەحمەد

هەمان ئەو پرسیارەی کەلە سەروبەندی تێکشاندنی رێکخراوی قاعیدەدا لەبارەی ئوسامە بن لادنی سەرکردەی دیاری رێکخراوەکە دەکرا. 
ئێستاش پاش تێکشکاندنی تەواوەتی داعش و سڕینەوەیان لەمەیدانی روبەروبونەوەی سەربازیدا، پرسیاری ئایا ئەبوبەکر بەغدادی خەلیفەی خەلافەتەکەی داعش لەکوێیە و چی دەکات لەگەڵ چەندین پرسیاری دیکە پەیوەندیدار بەئایندە و چارەنوسی ئەو رێکخراوە لەناخی هەمو کەسێکدایە.

ئەبو بەکر بەغدادی کە ناوە راستەقینەکەی ئیبراهیم عەواد محمد ئیبراهیم عەلی محمد ئەل بەدرییە ماوەی چەند ساڵێکە لەمیدیاکان نابینرێت و بۆ دواین جاریش لەساڵی 2014 پاش کۆنترۆڵکردنی ناوچەیەکی فراوان لەسوریا و عێراق دەرکەوتوە.

بەغدادی ئێستا لە سەرەوەی لیستی داواکراوترین فیگەرە سیاسی و ئاینییەکانی جیهاندایە، بەتایبەتیش لەلایەن ئەمریکاوە کە پاش راگەیاندنی خەلافەتەکەی لەموسڵ هاوپەیمانێتییەکی بۆ لەناوبردنی ئەو خەلافەتە راگەیاند.

بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی ئاسۆشیتێدپرێس، کورد، ئەمریکی، روسیی، عێراقیی و سورییەکان بەدوای ئەبوبەکر بەغدادی ئەمیری داعشدا دەگەڕێن، بەڵام هێشتا نەیانتوانیوە شوێنی نیشتەجێبونی سەرکردەی مەترسیدارترین گروپی تیرۆریستی بزانن.

لەماوەی رابردودا چەندین قسەوباس لەبارەی چارەنوسی بەغدادییەوە کراوە، لەوانە وتراوە گوایا لەکاتی بۆمبارانکردنی پێگەکانیان لەعێراق و سوریا بریندارکراوە و تەنانەت وتراویشە کە کوژراوە. بەڵام هیچکام لەو زانیارییانە پشتڕاست نەکراونەتەوە.

ئەم دەنگۆیانە ئەگەر لەسەروبەندی شەڕدا کە داعش ململانێی لەگەڵ ئەمریکاو هاوپەیمانانی دەکرد رەنگە وەک پروپاگەندەی راگەیاندن سودی لێوەرگیرابێت، ئەوا لەئێستادا پرسیارێکی جدییەو پێویستە ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بە شێوەیەکی فەرمی و لەسەر بنەمای زانیاری دروست وەڵامی بدەنەوە.

بەپێی راپۆرتەكە، لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا، زۆرینەی سەرکردەکانی داعش کوژراون، بەڵام هێشتا سەرکردەکەی داعش شوێنی نەزانراوە و ئەمریکا 25 ملیۆن دۆلار خەڵاتی بۆ دۆزینەوەی داناوە.

شان ڕایان وتەبێژی هاوپەیمانان رایگەیاندوە:"هاوپەیمانان نە ئەبوبەکر بەغدادی-یان دەستگیر کردوە و نە ئاگایان لە شوێنی خۆحەشاردانی هەیە".

راپۆرتەكە لە زاری بەرپرسانی هەواڵگریی عێراق ئەوەشی خستۆتەرو كە سەرکردەكەی داعش لە بیابانەکانی نێوان عێراق و سوریا لە تۆنێلەکاندا ژیان بەسەردەبات.
هاوسەری دو كەسی نزیكی بەغدادی لەلایەن ئەمریكاوە دەستگیركراون

 

بەرپرسێکی باڵای عێراقی بەبێ ناوهێنانی رایگەیاندوە، "ئەمریکییەکان دو کەس لە نزیکترینەکانی بەغدادییان کوشتوە و هاوسەرەکانیانی دەستگیر کردوە، ئەمریکا بەنیازە لە ڕێگای ئەم دو کەسەوە زانیاری لەسەر شوێنی بەغدادی بەدەستبهێنێت.

ئاماژە بەوەشكراوە كە دواین دەركەوتنی بەغدادی له‌ حوزه‌یرانی 2014 بو، له‌ كاتی نوێژدا له‌ مزگه‌وتی نوری له‌ رۆژئاوای موسڵ، دوای ئه‌وه‌ش "ده‌وڵه‌تی خیلافه‌تی" راگه‌یاند و لەو كاتەشەوە بەهیچ شێوەیەك دەرنەكەوتۆتەوە و ته‌نها له‌ رێگه‌ی ئاژانسی فه‌رمی رێكخراوه‌كەوە، تۆماره‌ ده‌نگییه‌كانی بڵاو كراوه‌ته‌وه‌. 

ئاژانسەكە باسی لەوەشكردوە كە فەرماندە باڵاکانی کوردی سوریا هێشتا ڕای خۆیان لەبارەی چارەنوسی بەغدادی و شوێنی خۆحەشاردانی ڕانەگەیاندوە.

لەئێستادا بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکان، پێدەچێت ئەبوبەکر بەغدادی تەمەن 47 ساڵ لەبیابانە سەختەکانی سوریا خۆی حەشاردابێت کە لە بەشی رۆژهەڵات و سنورەکانی عێراقەوە دەستپێدەکات تا ناوچەکانی ناوەڕاست لەحومس.

ئەوەی پالپشتی ئەمرایە دەکات ئەوەیە کە مانگی تەموزی ساڵی رابردو کوڕەکەی بەناوی ( حوزەیفە) لەو بیابانە و لەهێرشێکی ئاسمانی فرۆکەکانی روسیادا کوژراو پێدەچێت باوکیشی هاوسەفەری بوبێت.

بەغدادی کە بە تارماییە ترسناکەکەش بەناوبانگە کۆتاجار پاش پێشکەشکردنی وتارێک لەمزگەوتی ئەلنوری موسڵ لەساڵی 2014 دەرکەوتوە
باوەڕوایە بەغدادی لەگەڵ سێ کەس هاتوچۆ بکات ئەوانیش براگەورەکەی کە ناوی جومعەیە لەگەڵ شۆفێرەکەی و بۆدی گاردی تایبەتی و هاوڕێی مناڵی کە ناوی عەبدول لەتیف ئەل جبورییە لەگەڵ کەسێکی دیکە سوعاد کوردی.


نیشانەکردن :

#داعش #ئەمریکا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP