بەپەلە

فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا سیدەكان بۆردومان دەكەن

- 3/24/2019 8:36:00 AM 3304 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

جارێكی دیكە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چەندین شوێنی لە ناوچە سنوریەكانی باشوری كوردستان لە ھەرێمی سیدەكان بۆردومان كرد.

ئاژانسی فورات نیوز-ی نزیک لە پەکەکە بڵاویکردەوە، بەیانیى ئەمڕۆ یەكشەممە فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای توركیای ھەریەك لە ناوچەکانى خواكورك و بێسنۆك و مارەمەڵا و كەندەگەری-یان بۆردومانکردوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، بۆردومانەکە زیانى بە چەندین دۆنم زەویى هاوڵاتییان و سروشتى ناوچەکە گەیاندوە، فڕۆکە جەنگییەکانى سوپاى تورکی لە ئێستاشدا بەردەوامن لە بۆردومانەکانیان و بە ئاسمانى ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە.

دوای دوو ساڵ لە ئاگربەستی نێوان توركیا و PKK، هاوینی 2015 شەڕ دەستیپێكردەوەو فڕۆكە جەنگییەكانی‌ توركیا دەستیانكردەوە بە بۆردومانی‌ ئاسمانی‌ بنكەو بارەگاكانی‌ پەكەكه.

دەستپێكردنەوەی‌ شەڕ دوای‌ كوژرانی‌ دوو پۆلیسی‌ توركیا هات لە پارێزگای‌ ئورفە كە پەكەكە بەرپرسیارێتی‌ خۆی‌ لەكوژرانیان راگەیاند، لە تۆڵەی‌ تەقینەوەكەی‌ ناوچەی‌ سروچی‌ سەر سنور كە گردبونەوەیەكی‌ كوردەكانی‌ كردبوە ئامانج و بەهۆیەوە 32 كەس گیانیان لەدەستدا.

دوای‌ دەستپێكردنەوەی‌ شەڕ، توركیا ئۆپەراسیۆنی‌ سەربازی‌ لە زۆربەی‌ ناوچەكانی‌ باكووری‌ كوردستان دەستپێكردو تا ئێستاش ئۆپەراسیۆنەكان بەردەوامن هاوکات ناوەناوە بۆردومانی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.

نیشانەکردن :

#پەكەكە #تورکیا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP