دۆخی موسڵ دەبرێتە پەرلەمان
بەپێی راپۆرتێك هەندێك هێز نایانەوێت دۆخی شارەكە ئارام بێت

- 3/24/2019 12:03:00 AM 2972 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سبەی پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ لەسەر سەندنەوەی متمانە لە پارێزگاری موسڵ جێگرەكانی و راپۆرتێكی تایبەت بە بارودۆخی موسڵ دەكات.

رێبوار كەریم پەرلەمانتاری كورد لە بەغداد لە لێدوانێكی تایبەت بۆ خەندان رایگەیاند: لە دانیشتنی سبەی گفتوگۆ لەسەر شەش بڕگە دەكرێت.
بڕیار دەدرێت كۆمەڵێك شاری پیشەسازی لە سەرانسەری عێراق دروست بكرێت

وتیشی: بڕگەی یەكەمی دانیشتنەكە دەنگدانە لەسەر  سەندنەوەی متمانە و لابردنی پارێزگاری موسڵ و دوو جێگرەكەی لە پۆستەكانیان، بڕگەی دوەم خوێندنەوەی یەكەمی یاسای بەدەستهێنانی نایاساییە، بڕگەی سێیەم خوێندنەوەی یەكەمی پرۆژە یاسای شاری پیشەسازییە لە عێراقدا كە تیایدا بڕیار دەدرێت كۆمەڵێك شاری پیشەسازی لە سەرانسەری عێراق دروست بكرێت".

رێبوار كەریم راشیگەیاند:"هەر لە دانیشتنەكەدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژە یاسای چارەسەری زیادەڕەوی نیشتەجێبون دەكرێت، هەروەها خوێندنەوەی یەكەم دەكرێت بۆ پرۆژە یاسای هەمواری یەكەمی دەستبەسەراگرتنی موڵك و ماڵی گواستراوە و نەگواستراوەی رژێمی پێشو، ئەگەر هەرێمی كوردستانیش یاسای تایبەت بەو بڕگەیەی نەبێت ئەوا دەبێت ئەوەی بەغداد جێبەجێ بكات و دەست بگرێت بەسەر ئەو موڵك و ماڵە گواستراوانەدا".

ئاماژەی بەوەشكرد كە هەر لە دانیشتنەكەی سبەی گفتوگۆكردن لەسەر راپۆرتی بەدواداچونی بارودۆخی موسڵ دەكرێت، كە دوو خاڵی تێدایە زۆر گرنگە یەكەمیان ئەوەیە "هەندێك هێزی سیاسی نایانەوێت بارودۆخی موسڵ ئارام بێت كە رەنگە باسی هەندێك هێزی كوردیش بكرێت، خاڵی دوەمیش ئەوەیە كە كۆمەڵێك كەمتەرخەمی زۆر گەورەی ئیداری پێش رودانی نقومبونی بەلەمەكە لە موسڵ دەستنیشانكراوە كە بەشێكی كەموكوڕی ئەمنی و سیاسی و ئیدارین و گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت".


نیشانەکردن :

#پەرلەمانی عیراق #موسڵ

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP