مەلا بەختیار وەڵامی داواکەی مەلا كرێكار دەداتەوە

- 3/23/2019 2:23:00 PM 73980 جار خوێندراوەتەوە
مەلا بەختیار و مەلا کرێکار

خەندان-

بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی وەڵامی داواکەی مەلا کرێکار دەداتەوە بۆ ئەنجامدانی دیبەیتی راستەوخۆ و رایگەیاند، "هەركاتێك بەئازادی گەڕایتەوە دیبەیتت لەگەڵ دەكەم".

مەلا كرێكار پێشتر لە دوو پەیامی ڤیدیۆیدا رایگەیاندبو، "پێموخۆشە لەگەڵ مەلا بەختیار منازەرەیەك دابمەزرێنین، مناقەشەیەكی فەلسەفی بكەین و بەرێگەی فەلسەفە بێیت دینەكەمان تێبگەین و چۆن ئسوڵی دینەكە وەربگرین و ئەو رێسایانەی تێگەیشتنی عەقڵی بۆ دینەكەمان هەبێ تێمانگەیەنیت".
هەركات گەڕایتەوە كوردستان، بێگومان وەكو یەكەمین چالاكیت، بەندە دیبەتێكت لەگەڵ سازدەكات

 

لەبەرامبەر ئەو داوایەدا راگەیاندنی دەستەی كارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە ئەمڕۆ راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئێوارەی ئەمڕۆ رۆشنگەر مەلا بەختیار لەپەیامێكی ڤیدیۆیدا بەچەند سەرنجێك وەڵامی مەلا كرێكار دەداتەوەو تیایدا رایدەگەیەنێت، هەركات گەڕایتەوە كوردستان، بێگومان وەكو یەكەمین چالاكیت، بەندە دیبەتێكت لەگەڵ سازدەكات".
بەهۆی جەژنی نەورۆز و گەردن ئازادی خەڵكی كوردستان لە یەكتر پەیامەكەی مەلا کرێکار دواخرا

 

ئاماژە بەوەشکراوە، "ئەگەرچی بڕیاربوو رۆشنگەر مەلا بەختیار، لە دوو رۆژی رابردودا پەیامەكەی بڵاوبكاتەوە، بەڵام بەهۆی جەژنی نەورۆز و گەردن ئازادی خەڵكی كوردستان لەیەكتر، پەیامەكەی دواخست‌و نەیویست، لەوكاتەدا كە خەڵكی كوردستان سەرقاڵی شادیی‌و خۆشیەكانیان پەیامەكەی بڵاو بكاتەوە".
جیاواز بیردەكەینەوە، بەڵام رێزم بۆ جیاوازییەكان هەیە‌و هیچ كاتێكیش باوەڕم بەوە نییە ئازادیت لێ‌ زەوت بكرێت‌

 

بەپێی راگەیەندراوەکە، مەلا بەختیار لە وەڵامەکەیدا بۆ مەلا کرێکار دەڵێت، "جیاواز بیردەكەینەوە، بەڵام رێزم بۆ جیاوازییەكان هەیە‌و هیچ كاتێكیش باوەڕم بەوە نییە ئازادیت لێ‌ زەوت بكرێت‌و باوەڕیشم بەوە نییە كەس بیر لەوە بكاتەوە، تۆڵەی جەستەیی لەجەنابت بكاتەوە". 
دەمەوێت بە مەلا بەختیار و هاوبیرەكانی بڵێم، شكستان حەتمیە

 

مەلا كرێكارلە پەیامەکەیدا وتبوی، ""مەلا بەختیار جەنابت پاسپۆرتت هەیە و دەتوانیت بێیتە دەرەوە و دەشتوانین یەك ببینین، وەكو فكریش زنجیرە دەرسێك دەتوانین تۆمار بكەین بۆ ئەو خەڵكە، دەشتوانیت شوێنێك دیاریبكەیت بۆ ئەو منازەرە و مناقەشانە، بزانین هیچت لە هەگبەدا هەیە!".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP