پیرۆزبایی سەرکەوتنی شەڕڤانان دەکات
مەکگۆرک: شەڕڤانان بە سەختی و بوێرییەوە دژی داعش جەنگان

- 3/23/2019 12:51:00 PM 3823 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

نێردەی پێشوی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا پیرۆزبایی سەرکەوتن بەسەر چەکدارانی داعش لە شەڕڤانان دەکات و دەڵێت، "ئەو سەرکەوتنە مێژوییە و دەستکەوتێکی گەورەیە".

برێت مەکگۆرک، نێردەی پێشوی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی، "پیرۆزبایی لە هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکەم بەبۆنەی ئەو سەرکەوتنە مێژوییە گەورەیەی کە بەسەر داعشدا تۆماریان کرد".
شەڕڤانان بە سەختی و بوێرییەوە دژی چەکدارانی داعش جەنگان 

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئەو هێزە هەمەڕەنگە (هەسەدە) بە سەختی و بوێرییەوە جەنگان دژی چەکدارانی داعش لە چوار ساڵی پڕ زەحمەتی رابردودا، کە بەهۆیەوە هەزاران قوربانی لێکەوتەوە".

زیاتر لە چوار ساڵە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) پێکهێنەری سەرەکییەتی بەپشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش لەگەڵ رێکخراوی چەکداری داعش لە جەنگدایە و ئەمڕۆش دوایین پێگەی ئەو رێکخراوەیان بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵکرد.

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئەمڕۆ شەممە دوای 41 رۆژ لە ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنی باغۆز، سەرکەوتنیان تەواوەتیان بەسەر داعشدا راگەیاند.
شەڕڤانان شار بە شار و ناوچە بە ناوچە راوەدوی داعشیاننا

 

مەکگۆرک هەروەها نوسیویەتی، "شەڕڤانان شار بە شار و ناوچە بە ناوچە راوەدوی داعشیان ناو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو رێکخراوەیان پاککردەوە".

مەکگۆرک یەکێک بو لە بەرپرسە باڵاکانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کە پشتیوانی شەڕڤانان و کوردانی رۆژئاڤای کوردستان بو لە ماوەی چوار ساڵی رابردودا، بەڵام  ٢٢ی مانگی ١٢ی ساڵی رابردو، دوای بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکەی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا دەستی لە پۆستی نێردەی ئەمریکا بۆ شەڕی دژی داعش کێشایەوە.

مەکگۆرک لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاندبو، "بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ سوریا هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده‌یه‌، دوژمنانی واشنتن ئه‌و بۆشاییه‌ پڕده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا درووست ده‌بێت".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP