شەڕڤانان سەرکەوتنی تەواوەتییان بەسەر داعش لە باغۆز راگەیاند

- 3/23/2019 9:34:00 AM 4535 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) سەرکەوتنی تەواوەتی شەڕڤانانی بەسەر داعشدا لە باغۆز راگەیاند.

مستەفا بالی، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بەیانی ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند،  چەکدارانی داعش لە باغۆز تێکشکێندراون و کۆتاییان پێهێنراوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، "باغۆز بەتەواوەتی ئازادکراوە و کۆتایی بە دەسەڵاتی چەکدارانی داعش لە سوریا هێنراوە"، هاوکات بڕیارە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەبارەی کۆتاییهاتنی داعش لە باغۆز ئەنجامبدرێت.

شەوی رابردو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رایگەیاند، رێكخراوی چەكداری داعش لە خاكی سوریا لەسەدا 100 تێكشكێندرا.

ترەمپ لەمیانی لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنوسان وتی، رێكخراوی چەكداری داعش لە خاكی سوریا لەسەدا 100 شكستیهێناوە و پێش لێدوانەكەی ترەمپ-یش، كۆشكی سپی رایگەیاندبو، سەرجەم ئەو خاكانەی لەژێردەستی پاشماوەكانی داعشدا بون لە سوریا لە چەكدارانی داعش پاككراونەتەوە.

نیشانەکردن :

#شەڕڤانان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP