ناوەڕۆکی کۆبونەوەی سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق تایبەت بە روداوەکەی موسڵ

- 3/22/2019 10:54:00 PM 3780 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هەریەك لە سەرۆک بەرھەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق و ، عادل عەبدولمەھدی، سەرۆک وەزیران و محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران،سەبارەت بە روداوەكەی موسڵ کۆبوونەوەیەکی نائاساییان ئەنجامدا.

ئێوارەی ئەمڕۆ ھەینی، سەبارەت بە کارەساتی ژێرئاوكەوتنی بەلەمەكەی شاری موسڵ، کە بوە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هاوڵاتی، هەرسێ سەرۆكایەتیەكەی عێراق كۆبونەوەیەكی نائاساییان لە كۆشكی سەلام لە بەغدا-ی پایتەخت ئەنجامدا و بەگشتی تاوتوێی بارودۆخی شارەکەیان كرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، هەرسێ سەرۆكایەتیەكە ‌پشتیوانی خۆیان بۆ كارەكانی ئەمڕۆی عادل عەبدولمەھدی، سەرۆک وەزیران تایبەت بە رووداوە دڵتەزێنەکەی موسڵ دوپاتكردەوە.
  چارەسەرکردنی ھۆکارەكان رێگریدەكات لە دوبارەبونەوەی روداوێكی لەوشێوەیە

 

هاوكات، بەمەبەستی چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەڕێوەبردنی شارەکە لە سەر زنجیرەیەک ڕێوشوێنی ئیداری و ئاسایش و ئابوری رێكکەوتن و لەسەر گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی بەپەلە بڕیاریاندا بۆ سزادانی ئەو كەسانەی كەمتەرخەمبون و هۆكاری سەرەكی رودانی ئەو کارەساتە بون، دوپاتیانكردەوە چارەسەرکردنی ھۆکارەكان رێگریدەكات لە دوبارەبونەوەی روداوێكی لەوشێوەیە.
لەبارەی قەرەبوكردنەوەی کەسوکاری قوربانیان و جێبەجێکردنی داوا رەواکانیان لە ڕێگەی پێکھێنانی لیژنەیەکی پەیوەست بە سێ سەرۆکایەتیەکەوە گفتوگۆكرا

 

لەمیانی کۆبوونەوەکەدا، لەبارەی قەرەبوكردنەوەی کەسوکاری قوربانیان و جێبەجێکردنی داوا رەواکانیان لە ڕێگەی پێکھێنانی لیژنەیەکی پەیوەست بە سێ سەرۆکایەتیەکەوە گفتوگۆكرا. 

هاوكات بەشداربووانی کۆبوونەوەکە پرسە و سەرەخۆشی خۆیان ئاراستەی کەسوکاری قوربانیانی کارەساتەکە کرد و ھیوای خێرا چاکبونەوەیان بۆ بریندارەکان خواست. 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP