ئوردون و میسر بڕیارەكەی ترەمپ رەتدەكەنەوە

- 3/22/2019 6:01:00 PM 1599 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هەریەك لە وەزیری دەرەوەی ئوردون و وەزارەتی دەرەوەی میسر، وەڵامی بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ-یان دایەوە و رایانگەیاند، بەپێی هەمو بڕیارێكی نێودەوڵەتی بەرزاییەکانی جۆلان خاكێكی داگیركراوە.
 وەزارەتی دەرەوەی هەریەك لە وڵاتانی ئوردون و میسر بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ-یان رەتكردەوە و رایانگەیاند، جۆلان خاكێكی داگیركراوە لەلایەن ئیسرائیل-ەوە

دوابەدوای بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەبارەی بەرزاییەكانی جۆلان، ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی دەرەوەی هەریەك لە وڵاتانی ئوردون و میسر بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ-یان رەتكردەوە و رایانگەیاند، جۆلان خاكێكی داگیركراوە لەلایەن ئیسرائیل-ەوە.

لە هەمو بڕیارە شەرعی و نێودەوڵەتیەكاندا بە رونی و ئاشكرا و بە راشكاوی هاتوە كە نابێت لەڕێگەی بەكارهێنانی هێزەوە هیچ خاكێك داگیربكرێت

 

ئەیمەن ئەلسەفدی، وەزیری دەرەوەی ئوردون ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، هەڵوێستی وڵاتەكەی لەبارەی بەرزاییەكانی جۆلان نەگۆڕە و پێیانوایە جۆلان خاكی داگیركراوی سوریایە و لەلایەن ئیسرائیل-ەوە داگیركراوە، وتیشی "لە هەمو بڕیارە شەرعی و نێودەوڵەتیەكاندا بە رونی و ئاشكرا و بە راشكاوی هاتوە كە نابێت لەڕێگەی بەكارهێنانی هێزەوە هیچ خاكێك داگیربكرێت."

بەپێی ئاژانسی سپوتنیك-ی روسی، ئەلسەفەدی راشیگەیاندوە، پەیڕەویكردن لە بەرقەراركردنی ئاشتیەكی گشتگیر و بەردەوام، داوا لە ئیسرائیل دەكات هەمو ئەو خاكە عەرەبیانە جێبهێڵێت كە داگیریكردوە و "جۆلان خاكێكی سوری-ە كە دانەبڕاوە لەو خاكە داگیركراوانە."

لە لایەكی دیكەوە، وەزارەتی دەرەوەی میسر لە راگەیەندراوێكدا، هەڵوێستی خۆی لەبارەی بڕیارەكەی ترەمپ-ەوە بڵاوكردەوە و رایگەیاند، لێدوانەكانی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكان رەتدەكەنەوە.
كۆماری عەرەبی میسر بەرزاییەكانی جۆلان بە خاكی سوریا دەزانێت كە لە لایەن ئیسرائیل-ەوە داگیركراوە

 

وەزارەتی دەرەوەی میسر رایگەیاند، "كۆماری عەرەبی میسر بەرزاییەكانی جۆلان بە خاكی سوریا دەزانێت كە لە لایەن ئیسرائیل-ەوە داگیركراوە."

هەردو وەزارەتەكەش رایانگەیاندوە، بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ژمارە 497ی ساڵی 1981، ئەو بڕیارەی ئیسرائیل بۆ سەپاندنی یاساكانی و دەسەڵاتی دادوەری و ئیدارەی وڵاتەكەی بەسەر بەرزاییەكانی جۆلان-دا كە خاكی سوریایە و داگیركراوە، پوچەڵكراوەتەوە كاریپێناكرێت و هیچ شەرعیەتێكی نێودەوڵەتی نیە.

شەوی رابردو، دۆنالد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، کاتی ئەوە هاتوە پشتیوانی لە سەروەری ئیسرائیل بکەین لە بەرزاییەکانی جۆلان کە لە جەنگی ساڵی 1967 دا ئیسڕائیل كۆنتڕۆڵیکرد.
دوای 52 ساڵ، کاتی ئەوەیە ئەمەریکا بەتەواوەتی دانبنێت بە سەروەری ئیسرائیلدا لە جۆلان کە گرنگییەکی ستراتیژیی و ئاسایشی هەیە بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل و سەقامگیری ناوچەکە

ترامپ لە تویتێکدا وتی " دوای 52 ساڵ، کاتی ئەوەیە ئەمەریکا بەتەواوەتی دانبنێت بە سەروەری ئیسرائیلدا لە جۆلان کە گرنگییەکی ستراتیژیی و ئاسایشی هەیە بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل و سەقامگیری ناوچەکە."

لە بەرامبەردا، بەیانی ئەمڕۆ مەولود چاوشئۆغلو وەزیری دەرەوەی توركیا بڕیارەكەی دۆنالد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكای رەتكردەوە و رایگەیاند، "دژی بڕیاری سەرۆكی ئەمریكاین لەبارەی بەرزاییەكانی جۆلان و ناساندنی لەسەر ئیسرائیل".
داواكاریەكەی ترەمپ لەسەر بەرزاییەكانی جۆلان پێشێلكاری راستەوخۆی یاسا نێودەوڵەتیەكانە

 

دواتریش، وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، داواكاریەكەی ترەمپ لەسەر بەرزاییەكانی جۆلان پێشێلكاری راستەوخۆی یاسا نێودەوڵەتیەكانە.

بەرزاییەكانی جۆلان، ناوچەیەكی شاخاوییە، لە نێوان باشوری وڵاتی سوریا و باکوری ئیسرائیل-دایە، كە بەپێی بەرپرسانی باڵای سوریا، ئیسرائیل لە جەنگی ساڵی 1967دا داگیركردوە و بەپێی ڕێككەوتنێكی نەتەوە یەكگرتووەكان لەنێوان ئیسرائیل و سوریادا لە ساڵی 1974 واژۆكراوە، هەریەك لە سوریا و ئیسرائیل نابێت هێزی سەربازی خۆیان لە هەردو بەری بەرزاییەكانی جۆلان زیاتر بكەن.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP