بەپەلە

خەندان راستی روداوەكەی ئەمڕۆی موسڵ بڵاودەكاتەوە
بەڤیدیۆ: كەسوكاری قوربانیانی كارەساتەكەی موسڵ چی بە سەرۆك كۆمار دەڵێن

- 3/22/2019 3:12:00 PM 50624 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ سەرۆك كۆماری عێراق سەردانێكی مەیدانی بۆ شوێنی كارەساتەكەی دوێنێی موسڵ ئەنجامدا، هەرچەندە هەندێك میدیا دور لە پیشەی رۆژنامەنوسی ویستیان وای پیشانبدەن كە خۆپیشاندان دژی سەرۆك كۆماری و پارێزگاری موسڵ كراوە، بەڵام لەم گرتە ڤیدیۆییەدا دەردەكەوێت كە خەڵك هانا بۆ سەرۆك كۆمار دەبن و داوای لێدەكەن یارمەتی خەڵكی موسڵ بدات و قوربانیەكان بە شەهید ئەژمار بكات و چاودێری ئەو منداڵانە بكەن كە دایك و باوكیان لەو روداوەدا گیانیان لەدەستداوە.

ئەمڕۆ سەرۆك كۆماری عێراق بە یاوەری محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان و پارێزگاری موسڵ سەردانی ئەو شوێنەیان كرد كە روداوە كارەساتبارەكەی دوێنێ تیایدا رویداو بەو هۆیەوە زیاتر لە 105كەس گیانیان لەدەستدا.

دوای سەردانەكە دژی پارێزگاری موسڵ خۆپیشاندان و نارەزایی دروستبو، خۆپیشاندەران روبەروی پارێزگار بونەوە و هێرشیانكردە سەر ئۆتۆمبێلەكەی، بەپێچەوانەوە سەرۆك كۆماری عێراق چوە ناو خۆپیشاندەران و لەگەڵیان دروشمی دژی گەندەڵی وتەوە.

بەپێی ئەم گرتە ڤیدیۆیەی خوارەوە، یەكێك لە كەسوكاری قوربانییەكان دەڵێت:"من خەڵكی موسڵ-م و ئەمەوێت لەبارەی ئازار و كێشەكانمانەوە قسەت لەگەڵ بكەم، وەڵا خەڵكی موسڵ هەمویان ژێرئاو كەوتن، وەڵا ئێمەی خەڵكی موسڵ دوێنێ شەو نەخەوتوین، هەمو خێزانەكان دەگرین، من واهەستدەكەم منداڵەكانم لە بەرچاوم ژێرئاودەكەون، ئێمە هەمومان ژێرئاوكەوتین، بەڕێزتان، سەرتان ماچدەكەم، تكاتان لێدەكەم، ئاوڕێك لە خەڵكی موسڵ بدەنەوە و چاوتان لەسەر خەڵكی موسڵ بێت".

هەر لەو گرتە ڤیدیۆیەدا هاوڵاتیەكی دیكە رو لە سەرۆك كۆمار دەكات و پێی دەڵێت:"هەمومان لە قۆناغەكانی رابردودا ئازارمان چەشتوە، و ئێستا كە ئێوە هاتونەتە ئێرە، ئێوە لەسەر سەر و سەرچاوانمان هاتون، و ئێوە هەموتان كەسوكار و برای ئێمەن، بەهاناوەچونی ئەم شارە لە ئەستۆی ئێوەیە، داواتان لێدەكەین ئەو هاوڵاتیانەی لەو بەلەمەدا ژێرئاوكەوتون و گیانیانلەدەستداوە بە شەهید هەژماریانبكەن و هەستی كەسوكاریان لەبەرچاوبگرن، وە ئەگەر منداڵی تێدابوە باوك و دایكی لە كارەساتەكەدا گیانیلەدەستداوە، چاودێری ئەو منداڵانە بكەن، سوپاستاندەكەین، ئێوە كە هاتون بۆ ئەم شارە هاتون بۆلای كەسوكارتان، وەڵا ئەم شارە رزگاری بوە و ئینشەڵا دوبارە لەسەر هەردو قاچی هەڵدەستێتەوە هەروەكو رابردو.

لە وەڵامی ئەو هاوڵاتیانەدا د.بەرهەم سەرۆك كۆماری عێراق رایدەگەیەنێت:" من لە دڵمەوە قسەتان لەگەڵدەكەم، كارەساتی موسڵ كارەساتی نیشتمانە، ئەمڕۆ هەمو عێراقیەكان لەگەڵ موسڵ-ن، ئەم كارەساتە دەرەنجامی بۆشایی ئیداریی نەبوە، بەڵكو دەرەنجامی خراپی و گەندەڵی ئیداریی و كەموكوڕی بوە".

سەرۆك بەرهەم بە هاوڵاتیەكە دەڵێت:"برا-م سەرۆك وەزیران بە پەلە هەڵدەستێت بە دروستكردنی لیژنەیەكی لێپێچینەوە و ئینشەڵا لیژنەكە خێرا كارەكانی كۆتایی پێدەهێنێت، لە بەرواری24ی ئەم مانگە كۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجامدەدرێت، ئەمشەو دەگەڕێینەوە بەغدا و كۆبونەوەی نێوان هەرسێ سەرۆكایەتیەكە لەگەڵ هەردو برا-م سەرۆك وەزیران و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجامدەدەین".

سەرۆك كۆمار دەشڵێت:"نابێت دۆخی موسڵ بەمشێوەیە بەردەوامبێت، موسڵ لە لایەن ئێمەوە شایەنی خزمەتگوزاری باشترە و دەبێـت لێپێچینەوە لە كەمتەرخەمان بكرێت و دۆخی كەسوكاری قوربانیان لەبەرچاوبگیرێت و ئینشەڵا داواكاریەكانتان جێبەجێدەكرێت.

سەرۆك كۆمار نیگەرانە لە سەردانەكەی كە بەهۆی ئەو كارەساتە نەخوازراوەوەیە و دەشڵێت: "من هیواداربوم بە مەبەستی سەرەخۆشی لە كەسوكارمان لە موسڵ سەردانی ئەو شارە نەكەم، بەڵام دڵنیابن ئێمە لەگەڵتانین، دڵنیابن ئیتر كاتی ئەوە هاتوە بۆ موسڵ و بۆ ئەو شارانەی دیكە كە روبەڕوی تیرۆر و توندوتیژی و روخان بونەتەوە كە ئەو كێشانە كۆتاییان پێبێت و بگەین بە چارەسەر بۆ دانیشتوانیان، ئەوە بەرپرسیاریەتی من و حكومەت و سەرۆك وەزیرانە كە هەمو ئەو شتانە ئەنجامبدەین كە پێویستە".

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP