بەپەلە

میدیاكارێكی لایەنێكی سیاسی دژی سەرۆك كۆمار هانی خۆپیشاندەران دەدات
زیاتر لە نیو كاتژمێر لەنێو ئاپۆرای خۆپیشاندەراندابوو
خۆپیشاندەرانی موسڵ: خۆشحاڵبوین سەرۆك كۆمار لەگەڵمان دروشی دژی گەندەڵی بەرزكردەوە

- 3/22/2019 1:29:00 PM 89206 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ وەك پێشهاتێكی تازە لە مێژوی سەرۆك كۆمارەكانی عێراق، د. بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بەشێوەیەكی مەیدانی سەردانی شاری موسڵی كرد و لەناو ئاپۆرای خۆپیشاندەران وەستا و لەناویانەوە، دروشمی هەمومان "دژی گەندەڵین"ی بەرزكردەوە.

 

كازم موسڵی یەكێك لە بەشدارانی ناڕەزایەتیە توڕەییەكەی ئەمڕۆی موسڵ كە پەلاماری ئۆتۆمبێلەكانی پارێزگاری شارەكەیاندا، لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ خەندان كە دەنگەكەی پارێزراوە وتی:"روی ناڕەزایەتی ئێمە بەهیچ شێوەیەك لە سەرۆك كۆمار نەبو، بەڵكو بەپێچەوانەوە مایەی خۆشحاڵیەكی گەورە بو، بۆ خەڵكی موسڵ و كەسوكاری قوربانیەكان و ئێمەی دڵسۆزانی شارەكە كە بینیمان گەرماوگەرم سەرۆك كۆمار گەشتەكانی نەورۆزی پچڕاند و هاتە ناو میللەتەكەی خۆی لە موسڵ و لەوەش زیاتر لەگەڵمان دروشمەكانی دژی گەندەڵی بەرزكردە و بەڵێنی پێداین كە دەزگا پەیوەندیدارەكان رابسپێرێت و لێپێچینەوەش بكات".

هەر بەپێی ئەو وێنە و گرتە ڤیدیۆیانەی لەناو خۆپیشاندەرانەوە گەیشتۆتە خەندان، دەردەكەوێت كە خەڵك "سەری سەرۆك كۆمار ماچ دەكەن و باوەشی پێدادەكەن" و داوا دەكەن سەرۆك كۆمار بەدەنگیانەوە بێت و هاوكاریان بكات و كێشەكانی شارەكەیان بۆ چارەسەر بكات".

خەندان ئەوەشی زانیوە كە سەرۆك كۆمار بەڵێنی پێداون بەزویی كێشە ئیدارییەكانی شارەكەیان بۆ چارەسەر بكات و لەگەڵیان بێت بۆ روبەروبونەوەی گەندەڵی و رێگە نەدات چیتر خەڵكی موسڵ توشی كارەساتی لەو شێوەیە ببنەوە، بەڵێنیشی پێداون كەمتەرخەمانی ئەو روداوە نەخوازراوە روبەروی یاسا بكاتەوە.

بوشرا ئەلدلێمی كە یەكێك بو لە خۆپیشاندەرانی ئەمڕۆی موسڵ بە خەندانی وت:"بۆ مێژو دەڵێم، خۆپیشاندەران بە چاوی خۆشەویستی و رێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ سەرۆك كۆمار كردو ناڕەزایەتیەكانمان دژی ئەو نەبو، بەڵكو ئەوەی رویدا دژی پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگاو بەرپرسانی شارەكە بو كە رۆژانە تێوەگلاون لە خراپ بەڕێوەبردنی شارەكە و سەرچاوەكانی گەندەڵین".

میدیاكارێكی سەر بە لایەنێكی سیاسی دژی سەرۆك كۆمار هانی خۆپیشاندەران دەدات

 

بوشرا وتیشی:" دوای ئەوەی سەرۆك كۆمار لێكۆڵینەوەكانی تەواو بو، لەناو خۆپیشاندەرانەوە دروشمەكانی ئێمەی بەرزكردەوە و دواتر شوێنی روداوەكەی جێهێشت، بەڵام بەداخەوە هەندێك لە میدیاكان بە مەبەستی سیاسی خۆیان ویستیان تەنها گرتەی دەرچونی سەرۆك كۆمار پیشان بدەن، لە كاتێكدا من بە چاوی خۆم بینیم، سەرۆك بۆ ماوەی زیاتر لە نیو كاتژمێر لەناوماندابو، لەلایەن خەڵكیەوە خۆشەویستی بۆ دەردەبڕدرا و پێزانینی رۆڵەكانی شاری موسڵ هەبو بۆ سەردانە كتوپڕ و مەیدانیەكەی". 

 

ئەوەشی خستەرو، "ئێستا ئێمە بەڕێگاوەین بۆ كۆبونەوە لەگەڵ سەرۆك كۆمار تا كێشەو گرفتەكانی شارەكە و نیگەرانییەكانمان لە نزیكەوە بە سەرۆك كۆمار و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بگەیەنین".

هەر لە گرتە ڤیدیۆیەكاندا دەردەكەوێت كە میدیاكارێكی سەر بە لایەنی سیاسی كە خەندان تەواوی زانیارییەكانی ئەو میدیاكارە و لایەنە سیاسییەكەی وەك دۆكیۆمێنتی دەنگ و رەنگ لەبن دەستە، هانی خۆپیشاندەران دەدات و داوایان لێدەكات كە هوتاف دژی سەرۆك كۆمار بڵێنەوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP