موسڵ لەناو دڵی هەمو عێراقیەكان خۆشەویستە
سەرۆك بەرهەم: كۆتایی بەو قەیرانانە دەهێنین كە رویانكردۆتە موسڵ

- 3/22/2019 1:06:00 PM 12300 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

نیوەڕۆ ئەمڕۆ لە ناو شاری موسڵ، سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی پەرلەمان، كۆنگرەی رۆژنامەنوسیان ئەنجامدا.

لە كۆنگرە رۆژنامەنوسیەكەدا، سەرۆك بەرهەم ساڵح وتی:"سەرەخۆشی لە كەسوكارمان دەكەین، لەڕێگەی كار و كردەوە، لێپێچینەوە لە روداوەكە دەكەین، چاكسازی و بنیادنانەوە ئەنجام دەدەین، لە رێگەی گۆڕانكاریەك كە هاوكاربێت بۆ هەستانەوەی موسڵ لەو قەیرانانەی ئێستا تێیدایە.

سەرۆك كۆمار وتیشی:"من ئێستا لەگەڵ كەسوكارم لە موسڵ قسەدەكەم، لە دڵەراوكێ و نیگەرانی و توڕەییەكانتان تێدەگەم، ئێمە لەگەڵتانین، ئینشائەڵا ئەم هەستەی ئێستا هەمانە دەگۆڕێت بۆ كرداری راستەقینە كە ئەركی خۆی بەرامبەر ئەم شارە جێبەجێبكات كە روبەڕوی تێكدان و روخان بوەتەوە."

وتیشی:"ئێوارەی ئەمڕۆ كۆبونەوەی هەرسێ سەرۆكایەتیەكە بەڕێوەدەچێت، تێیدا گفتوگۆ لەبارەی لێپێچینەوەی كرداری لەو روداوە دەكرێت تا ئەم دۆخە چارەسەربكرێت، جارێكی دیكە سەرەخۆشی خۆم دوپاتدەكەمەوە، ئینشائەڵا دوابەدوای ئەم هەستە كردای راستەقینەی بەدوادادێت كە ئەم قەیرانە كۆتایی پێبهێنێت لەم شارە كە لەناو دڵی هەمو عێراقیەكان خۆشەویستە".

هەر لەو كۆنگرە رۆژنامەنوسیەدا محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان رایگەیاند:" سەرەخۆشی لە خۆمان و كەسوكارمان دەكەین بەهۆی ئەو كارەساتە بەئازارەوە، ئەمە یەكەمین كارەسات نیە روبەڕوی ئەم شارە دەبێتەوە و لەماوەی رابردوشدا كارەساتی دەستدرێژی منداڵان هەبوە و ئەمڕۆش كارەساتی ژێرئاوكەوتنی بەلەمەكە كە بەڕونی گوزارشت لەوە دەكات كەموكوڕی ئیداری لە پارێزگاكەدا هەیە".

سەرۆكی پەرلەمان وتیشی:" لەپێناو رزگاركردنی ئەم شارەدا خوێنی عێراقیەكان رژاوە و دەبێت پارێزگاری لە سەركەوتنی ئەو شارە بكەین، پێویستە ئیدارەی موسڵ كەسانی لێهاتو بەرپرس بەڕێوەیبەرن، ئەمڕۆ بڕیاری گرنگ لەبارەی ئەو شارەوە دەردەچێت و كۆبونەوەی هەرسێ سەرۆكایەتیەكە بەرێوەدەچێت".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP