بەپەلە

سەرۆک کۆمار پشوی نەورۆزی پچڕاند و بەسەردانێکی کتوپڕ دەگاتە موسڵ

- 3/22/2019 8:27:00 AM 30607 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆک کۆمار پشوی نەورۆزی پچڕاند و بەسەردانێکی کتوپڕ دەگاتە موصڵ و بڕیارە شوێنی کارەساتەکە و کەسوکاری قوربانیەکانی كارەساتی نقومبونی بەلەمەكە بەسەربکاتەوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە سەرۆكایەتی كۆماری عێراق بۆ خەندان ئاشكرایكرد، "بەیانی ئەمڕۆ سەرۆك بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لە ڕێگەی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیەوە بەرەو شاری موسڵ بەڕێكەوت بەمەبەستی لە نزیكەوە ئاگاداربون لەو روداوە نەخوازراوەی دوێنێ لە دورگەیەكی گەشتیاری روباری دیجلە كەوتەوە".

بە وتەی سەرچاوەكە "سەرۆك بەرهەم دەیەوێت خۆی بە وردی چاودێری لێكۆڵێنەوەكان بكات و هەر كەس و لایەنێك كەمتەرخەم بوبێت روبەروی یاسا دەبێتەوە، لە نزیكیشەوە چاوی بە كەسوكاری قوربانییەكان دەكەوێت".

شەوی رابردوش دوای راوێژكردن لەگەڵ سەرۆك كۆماری عێراق، عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی عێراق و عەلا علوان وەزیری تەندروستی عێراق گەیشتنە شاری موسڵ بە مەبەستی لە نزیکەوە چاودێریکردنی بەڕێوەچونی کاروبارەکانی فریاگوزارییە سەرەتاییەکان لەبارەی روداوە کارەساتبارەکەوە.

پاشنیوەڕۆی دوێنێ لە ناوچەیەكی گەشتیاری لە سەر روباری دیجلە لە شاری موسڵ، لەكاتی گواستنەوەی هاوڵاتیان بۆ ئەوبەری روبارەكە، بەلەمێكی گەشتیاری نوقومبو، لە ئەنجامدا زیاتر لە 71 كەس گیانیان لەدەستدا و وێڕای رزگاركردنی زیاتر لە 50 هاوڵاتی دیكە تاكو ئێستا نزیكەی 50 كەسی دیكەش بێسەروشوێنن.

دكتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق لە راگەیەندراوێكدا، بەهۆی روداوەكەی ئەمڕۆی شاری موسڵ-ەوە سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی هاوڵاتیانی عێراق كرد و رایگەیاند، "لەگەڵ حكومەتی ناوەند و حكومەتی هەرێمدا لە پەیوەندی بەردەوامدا دەبین".

دكتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، بەهۆی نقومبونی بەلەمێكی گەشتیاری لە روباری دیجلە لە شاری موسڵ كە بوە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 80 هاوڵاتی و برینداربونی ژمارەیەك هاوڵاتی دیكە، سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی تەواوی عێراقیەكان كرد.

هەركەسێك لەو روداوەدا كەمتەرخەم بوبێت لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەكەین

 

ئاماژەی بەوەشدا، لەگەڵ هەردو حكومەتی ناوەند و حكومەتی هەرێم-دا لە پەیوەندیەكی بەردەوامدایە تا پێكەوە بتوانن برینداران چارەسەر بكەن و بەدوای ونبوانی روداوەكەدا بگەڕێن. 

سەرۆك بەرهەم راشیگەیاندوە "هەركەسێك لەو روداوەدا كەمتەرخەم بوبێت ، لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەكەین."



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP