شه‌ڕڤانان له‌ بەرەی شەڕی باغۆز ئاگری نەورۆزیان کردەوە

- 3/21/2019 9:11:00 AM 3530 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

شه‌ڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) له‌ به‌ره‌ی شه‌ڕی باغۆز ئاگری نه‌ورۆزیان كرده‌وه‌ و نه‌ورۆزیان پیرۆز كرد.

نەورۆز لە کوردەواریدا جەژنێکی تایبەتە و مێژویەکی کۆنی هەیە، لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا ئەم جەژنە بەڕێوەدەچێت، یەکێک لە خاڵە هاوبەشەکان لە کوردەواریدا کردنەوەی ئاگری نەورۆزە.

شه‌ڕڤانانی هه‌ڵمه‌تی گه‌رده‌لولی جزیر كه‌ به‌مه‌به‌ستی كۆتایی هێنان به‌ داعش له‌ ڕۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریا له‌ به‌ره‌ی باغۆز له‌ شه‌ڕدان، ئێواره‌ی دوێنێ چوارشەممە ئاگری نه‌ورۆزیان كرده‌وه‌.
شه‌ڕڤانانی هه‌سه‌ده‌ و یه‌په‌گه‌ ئاگری نەورۆزیان کردەوە

 

شه‌ڕڤانانی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یه‌په‌گه‌) و یه‌په‌ژه‌ جه‌ژنی ژیانه‌وه‌ی نه‌ورۆزیان له‌ كوردستان و هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین پیرۆز كرد.

له‌ مه‌راسیمی كردنه‌وه‌ی ئاگری نه‌ورۆز له‌ به‌ره‌ی گوندی باغۆزی سه‌ر به‌ ناوچه‌ی هه‌جینی دێره‌زور، شه‌ڕڤانانی كورد، عه‌ره‌ب، سریان، ئه‌رمه‌نی و ئه‌نته‌رناسیۆنال ئاماده‌ بوون. له‌ چه‌ندین شوێنی گونده‌كه‌ ئاگر كرایه‌وه‌ و ئاهەنگیان ئەنجامدا.

یەکەمین نوسەری کورد کە بە کوردی باسی دابونەریتی نەورۆزی کردبێت ئەحمەدی خانی بووە، هەروەها زۆرێک لە شاعیرانی دیکەی کوردیش هۆنراوەیان بۆ نەورۆز داناوە.
ئاگر هێمای نەورۆز لەلای کوردەکان، هەموو ساڵێکیش بە ئاگر یادی دەکەنەوە

 

ئاگر هێمای نەورۆز لەلای کوردەکان، هەموو ساڵێکیش بە ئاگر یادی دەکەنەوە، ئێوارەی ئەمڕۆش لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و کەرکوک هاوڵاتیان ئاهەنگ دەگێڕن و ئاگری نەورۆز دەکەنەوە.

گەلی کورد کورد لە دوای ساڵی 2003ەوە یادی راپەڕین و ئاگری نەورۆز لە قەڵای کەرکوک دەکاتەوە مەشخەڵێکی نەورۆز لەسەر قەڵا جێگیرکراوە، هاوڵاتیانیش لەناو گەڕەک و گۆڕەپانی گەڕەکەکان ئەو یادە رێکدەخەن.

نیشانەکردن :

#شەڕڤانان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP