یەکێتی ئەوروپا مەرج بۆ دواخستنی برێگزیت دادەنێت

- 3/20/2019 11:18:00 PM 5080 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
 داواکەی سەرۆک وەزیرانی بریتانیا بۆ دواخستنی برێگزیت، کاردانەوەی سەرۆکی ئەنجومەنی یەکێتی ئەورپا و چەندین سەرکردەی وڵاتانی دیکەی ئەو یەکێتی بەدواداهات و سەرۆکی ئەنجومەنەکە مەرج بۆ قبوڵکردنی دواخستن دادەنێت.
تەنها کاتێک ئەو پێشنیارە قبوڵ دەکەن کە پەرلەمانی بریتانیا دەنگ لەسەر رێکەوتنی کشانەوە بدات

 

بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی (سی ئێن ئێن) دۆناڵد تەسکی سەرۆکی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا لەوەڵامی داواکەی تێریزامەی بۆ دواخستنی پرۆسەی دەرچونی وڵاتەکەی لەیەکێتی ئەوروپا رایگەیاند تەنها کاتێک ئەو پێشنیارە قبوڵ دەکەن کە پەرلەمانی بریتانیا دەنگ لەسەر رێکەوتنی کشانەوە بدات کە ساڵی رابردو تێریزامەی واژۆیکردوە.

شارەزایانی سیاسەتی بریتانیا ئەو داوایەی سەرۆکی ئەنجومەنی یەکێتی ئەورپا بەوە لێکدەدەنەوە کە دەیەوێت تێریزامەی ناچار بەگەڕانەوە بۆ پەرلەمانی وڵاتەکەی بکات.

سەرۆكی فەرەنسا دەڵێت جارێ كۆمێنتم نییە

 

لای خۆشییەوە ئیمانیۆل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاندوە تا کۆبونەوەی لوتکەی یەکێتی ئەوروپا کەرۆژی پێنج شەممەی داهاتو بەڕێوەدەچێت هیچ کۆمێنتێک لەسەر داخوازییەکەی سەرۆک وەزیرانی بریتانیا بۆ دواخستنی برێگزت نادات.

سەرۆكوەزیرانی هۆڵەندا:پێویستە دواخستنی ئەو پرۆسەیە مەبەستێکی رونی لەپشتەوە بێت

 

هاوکات، مارک روت سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا رایگەیاند لەگەڵ ئەنجێلا مێرگلی راوێژکاری ئەڵمانیاو دۆناڵد تەسکی سەرۆکی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا قسەی کردوە و پێیوایە پێویستە دواخستنی ئەو پرۆسەیە مەبەستێکی رونی لەپشتەوە بێت و ئامانجەکەی ئاشکرابێت.

جەختیشی کردەوە رازیبون بەدواخستنی برێگزت لەلایەن ئەوروپییەکانەوە مەرجدارەو مەی ناتوانێت بە ئاسانی قبوڵکردنی ئەو دواخستنە مسۆگەر بکات.

بڕیاروایە هەر ئەمشەو سەرۆک وەزیرانی بریتانیا لەگەل ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی و کابینەی حکومەتەکەی بۆهەمان مەبەست کۆببێتەوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP