لاهور شێخ جەنگی: یه‌كێتی پێداگره‌ له‌ پاراستنی ئاسایش و ناسنامه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم

- 3/20/2019 10:51:00 PM 4827 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند، نه‌رۆزی ئه‌مساڵ، نه‌ورۆزی سه‌ركه‌وتنه‌كانه‌‌، دەشڵێت، ئه‌فسانه‌ی سه‌ركه‌وتنی شه‌ڕڤان و پێشمه‌رگه‌، پشتیوانیی زیاتری نێوده‌وڵه‌تیی بۆ پاراستنی ئه‌زمونی كوردستان، مسۆگه‌ر كردوه‌.لەو پەیامەیدا لاهور شێخ جەنگی رایگەیاندوە، "با پێكه‌وه‌، نه‌ورۆز له‌ كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان، و له‌ ماڵبه‌ماڵی كورده‌واری پیرۆز بكه‌ین. با پێكه‌وه‌، یادی هه‌موو ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌ به‌رز رابگرین كه‌ به‌ درێژایی مێژووی پڕ هه‌وراز و نشێوی گه‌له‌كه‌مان‌، نه‌یانهێشتوه‌ ئاگری نه‌ورۆز و هیوای نوێبونه‌وه‌، بكوژێته‌وه‌ و له‌ناوبچێت، به‌ڵكو به‌ گیانی خۆیان, كورد و هیوای دوارۆژێكی گه‌شتریان پاراستوه‌".
به‌ پشتیوانیی یه‌كێتیی له‌ رۆژئاوای كوردستان، تیرۆریستان و دوژمنانی گه‌ل و دنیا,  تێكشاون

 

بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری هەرێمی كوردستان دەشڵێت:"نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ، نه‌ورۆزی سه‌ركه‌وتنه‌كانه‌‌. به‌ پشتیوانیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ رۆژئاوای كوردستان، تیرۆریستان و دوژمنانی گه‌ل و دنیا,  تێكشاون، و له‌ كوردستانی باشوریش، داگیركه‌ران هێزی داگیركاری و جورئه‌تی قڕكردنیان نه‌ماوه‌. و ئه‌فسانه‌ی سه‌ركه‌وتنی شه‌ڕڤان و پێشمه‌رگه‌، پشتیوانیی زیاتری نێوده‌وڵه‌تیی بۆ پاراستنی ئه‌زمونی كوردستان، مسۆگه‌ر كردوه‌".

یەكێتی هه‌وڵی چڕی هه‌یه‌ بۆهه‌رچی زوه‌ ئاسایی كردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك و ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان

 

ئەوەشی خستۆتەرو"بۆیه‌‌ به‌ هه‌مان گوڕ و تینی خه‌بات و به‌رگرییه‌وه‌، یه‌كێتیی نیشتمانیی پێداگره‌ له‌ پاراستنی ئاسایش و ناسنامه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، و به‌پشتبه‌ستن به‌ ده‌ستور و یاسا و سودوه‌رگرتن له‌ هه‌موو توانا و رێكاره‌ گشتی و تایبه‌ت و جه‌ماوه‌رییه‌كان، هه‌وڵی چڕی هه‌یه‌ بۆهه‌رچی زوه‌ ئاسایی كردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك و ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان، گه‌شه‌پێدان و پاراستنیان".

دەبێت كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم، كابینه‌ی شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌، و خزمه‌تگوزای یه‌كسانی هه‌مو خه‌ڵك بێت

 

لە بارەی دۆخی هەرێمی كوردستان، لاهور شێخ جەنگی وتی:" بۆ ناوخۆی هه‌رێمیش، یه‌كێتیی نیشتمانیی پێداگره‌ له‌ زه‌مانه‌تكردنی تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌ ئابوری و سیاسییه‌كان، و پێداگره‌ له‌وه‌ی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم، كابینه‌ی شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌، و خزمه‌تگوزای یه‌كسانی هه‌مو خه‌ڵك بێت، و له‌ پێناو دابینكردن و پارێزگاریكردن له‌ ژیانێكی ئاسوده‌ی پڕ ده‌سكه‌وت بۆ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان خه‌بات بكات.

بەهاری ئەمساڵ، بەهاری نوێبونەوەی یەكێتیە

 

لە كۆتایی پەیامەكەشیدا رایگەیاندوە:"له‌ ناوخۆی یه‌كێتییش، له‌م نه‌ورۆزی نه‌پساوه‌یی و تێكۆشان و كوردبونه‌دا، ئامانجی گه‌وره‌مان وایه‌ كه‌ به‌هاری ئه‌مساڵ، به‌هاری نوێبونه‌وه‌ی یه‌كێتیی و، سه‌ره‌تای كۆتایی بێت بۆ قۆناغه‌ سه‌خت و تاڵه‌كانی رابردو".


نیشانەکردن :

#لاهور شێخ جەنگی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP