مەسرور بارزانی داوای یەكڕیزی دەكات

- 3/20/2019 9:43:00 PM 3998 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

مەسرور بارزانی رایدەگەیەنێت، بە یەکریزی و کۆکردنەوەی تواناکان بەرەو ئایندەیەکی پرشنگدار و پێشکەوتن و گەشەسەندنی زیاتر هەنگاو بنێین.

لە پەیامێكدا وێرای پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە گەلی كوردستان، مەسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان رایگەیاند:"‎یادە نیشتمانی و نەتەوەییەکان و لەوانەش نەورۆز، فاکتەری کاریگەری پرۆسەی بنیاتنانی نیشتمان و نەتەوەن، بۆیە ئاواتەخوازم یادکردنەوەی ئەم بۆنە نیشتمانیانە لەو چوارچێوە کلێشەییانەی تەنیا خوێندنەوەی پەیام و پیرۆزبایی دەربچن. یادکردنەوەی بێ ناوەڕۆک، چەمکی یادە نیشتمانیەکان کەمڕەنگتر دەکات و لە ئەنجامدا ئەم بۆنە مێژوویانە بایەخی خۆیان لای جیلەکانی داهاتوو لە دەست دەدەن".
پێویستە هێما نیشتمانییەکان فاکتەری بەهێزکردنی هەستی نیشتمانپەروەری بن

مەسرور بارزانی دەڵێت:"پێویستە هێما نیشتمانییەکان فاکتەری بەهێزکردنی هەستی نیشتمانپەروەری بن و هاندەرمان بن تاکو وێڕای هەموو جیاوازییەکان، لە خزمەتی نیشتماندا یەکبگرینەوە و بە یەکریزی و کۆکردنەوەی تواناکان بەرەو ئایندەیەکی پرشنگدار و پێشکەوتن و گەشەسەندنی زیاتر هەنگاو بنێین".

‎ئاماژەی بەوەشكردوە، "دڵسۆزی بۆ نیشتمان دەبێت لە کردەوەکانماندا ڕەنگ بداتەوە، بۆیە لە سەروبەندی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم، هیوادارم هەموو لایەک کێشە و بەرژەوەندییە لاوەکییەکان بەلاوە بنێن، تاکو پێکەوە دەسکەوتەکانمان پەرە پێ بدەین و هەڵەکان ڕاست کەینەوە و خزمەتێکی شایستەی گەڵ و نیشتمانمان بکەین".

 

نیشانەکردن :

#مەسرور بارزانی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP