28 ساڵ لەمەوبەر پێشمەرگە بەعسی لە کەرکوک تێکشکاند
بۆ یه‌كه‌مجار فه‌رمانده‌یه‌كی به‌شداربو چیرۆكی راپه‌ڕینه‌كه‌ بۆ خه‌ندان ده‌گێڕێته‌وه‌

- 3/20/2019 9:18:00 PM 28646 جار خوێندراوەتەوە
مامجه‌لال له‌ وتارێكدا باس له‌ ئاماده‌كاری بۆ راپه‌ڕین ده‌كات- گوندی گەنمان 10-10-1989

خه‌ندان-

کەرکوک، ئەو شارەی مێژوییەکی لە بەرگری و خۆڕاگری هەیە بەرامبەر بە حکومەتە دیکتاتۆرەکانی عێراق، 28 ساڵ لەمەوبەر ئەو شارە لەلایەن پێشمەرگەوە ئازادکرا و حکومەتی بەعسی روخاو لە لوتکەی بەهێزیدا درا بەزەویدا، خەندان چیرۆکی راپەڕینەکەی  پێشمەرگە و هاوڵاتیانی شارەکە لە زاری فەرماندەیەکی بەشداربوەوە دەگێرێتەوە.

"دوای ئه‌وه‌ی كه‌ راپه‌ڕینی گه‌لی كورد گه‌یشته‌ چه‌مچه‌ماڵ و قه‌ره‌هه‌نجیر به‌رنامه‌ی ئازادكردنی كه‌ركوك دانرا، چه‌ندجارێك له‌ هه‌ولێر و سلێمانییه‌وه‌ هێرشكرا، به‌ڵام سه‌ركه‌وتونه‌بو، ئه‌وه‌بو دوباره‌ پلانی دیكه‌ی بۆدانرا و له‌ 20-3-1991 دا له‌ هه‌رد و قۆڵی هه‌ولێر و سلێمانییه‌وه‌ هێزه‌كان چونه‌ ناو شاری كه‌ركوكه‌وه‌"، ئەمە وتەی فەرماندەیەکی بەشداربوی راپەڕینەکەی کەرکوکە بۆ خەندان.

عەمید محەمەد ئیسماعیل ناسراو بە (حەمە سنگری)، ئه‌و كه‌سه‌یه کە فەرماندەی کەرت لە تیپی 153ی به‌تالیۆنی 15ی چه‌می ره‌زان بوه‌، یەکێک بوە لە فه‌رمانده‌ ‌ پارتیزانەکانی ره‌تڵی سورداش، ئەو چیرۆکی راپەڕینەکەی کەرکوک بۆ خەندان دەگێڕێتەوە و دەڵێت، "شەوی 19ی ئازاری 1991  رێگای سلێمانی- كه‌ركوكمان پاككرده‌وه‌ و بازگه‌ی سه‌ره‌كی كه‌ركوك- سلێمانیمان گرت و چوینه‌ ناو شاری کەرکوکەوە، شه‌ڕێكی قورسمان كرد، ئه‌و بازگه‌یه‌ بەهێزی زۆر تەندرابو، دوای ئه‌وه‌ی په‌لامارماندا توانیمان تێكیانبشكێنین و چه‌ند ده‌بابه‌یه‌ك بگرین، یادی به‌خێر غه‌ریب عه‌سكه‌ری چبوه‌ ناو یه‌كێك له‌ ده‌بابه‌كان و لێیبخوڕێت شۆفێره‌كه‌ی له‌ ته‌نیشت خۆی دانابو ده‌یوت چۆن لێیبخوڕم به‌و ده‌بابه‌یه‌ به‌ره‌و نه‌خۆشخانه‌ی ئازادی ئێستا رۆشتین، كه‌ ئه‌وكات نه‌خۆشخانه‌ی سه‌ددام-یان پێده‌وت، جه‌ماوه‌ی كه‌ركوكیش كه‌ زانیان پێشمه‌رگه‌ داخڵ بوه‌ به‌گه‌رمی پێشوازیان لێكردین".

ئەو دەڵێت، "ئێمه‌ ئه‌وكات به‌تالیۆنی 15ی چه‌می ره‌زان بوین، ئه‌و پێشمه‌رگه‌ پارتیزانانه‌ بوین كه‌ له‌سنوری ره‌تڵی سورداش بوین به‌تالیۆنی 15مان لێدروستكرا، هه‌ردوو شه‌هیدی فه‌رمانده‌ شه‌هید غه‌ریب عه‌سكه‌ری، فه‌رمانده‌ی به‌تالیۆن بو شه‌هید غه‌ریب هه‌ڵه‌دنی جێگری فه‌رمانده‌ی به‌تالیۆن بو.

ژمارەیەک پێشمەرگەی پارتیزانی کۆتایی 1990

 

کەی پێشمەرگە چوە ناو کەرکوکەوە؟

حەمە سنگری، کە ئێستاش جێگری فه‌رمانده‌ی لیوای 122ی هێزەکانی 70ی پێشمه‌رگه‌ی یەکێتییە، دەڵێت، "شەوی 19ی ئازار هه‌موو هێزه‌كان چونه‌ ناو كه‌ركوكه‌وه‌، به‌تالیۆنی 15 بۆ دوو ناوچه‌ رۆیشت، هه‌م بۆ هه‌یئه‌ی خاسه‌ هه‌م بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی كه‌ركوك، براده‌رانی هه‌ولێریش له‌ قۆڵی هه‌ولێر- كه‌ركوكه‌وه‌ داخڵ بون و هه‌مو هێزه‌كان له‌ پارێزگای كه‌ركوك و فه‌یله‌ق یه‌كیانگرت، بۆ عه‌سره‌كه‌ی شه‌ڕه‌كه‌ له‌ ناو كه‌ركوك نه‌ما، ئه‌و شه‌وه‌ تا توانرا به‌شێكی زۆری داموده‌زگاكانی حكومه‌ت پاکرایەوە و هه‌تا به‌یانی 20ی ئازار شه‌ڕ له‌ كه‌ركوك به‌رده‌وام بوو، به‌ڵام بۆ عه‌سره‌كه‌ی شه‌ڕ نه‌ما، بۆ شه‌وه‌كه‌شی تونرا شه‌ڕ ببرێته‌ ده‌ره‌وه‌ی شار".

ئەو چیرۆکی کردنەوەی ئاگری جەژنی نەورۆز دەگێڕێتەوە و وتی، "ئێواره‌ی 20ی ئازار شه‌هیدی فه‌رمانده‌ غه‌ریب عه‌سكه‌ری بانگی كردم و وتی حه‌مه‌ له‌ ساڵی 1961 ه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌م و خه‌ونم ئه‌وه‌بوه‌ به‌ چه‌كه‌وه به‌ ئازادی‌ ئاگرێكی نه‌ورۆز له‌ كه‌ركوكدا بكه‌مه‌وه‌، منیش كۆمه‌ڵێك كه‌لوپه‌لم كۆكرده‌وه‌ و ئه‌و رۆژه‌ ئاگری نه‌ورۆزمان  له‌گه‌ڕه‌كی ئیسكان كرده‌وه‌، به‌یانی هه‌مان رۆژیش هه‌ڤاڵانی  سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی خۆشیان هاتبون، به‌تایبه‌ت مامۆستا‌ نه‌وشیروان مسته‌فا و كاك ملازم عومه‌ر و كاك قادری حاجی عه‌لی، ئێمه‌ توشی سه‌رسوڕمان بوین كاتێك مامۆستا نه‌وشیروان مسته‌فامان له‌ناو حه‌وشه‌ی پارێزگای كه‌ركوك بینی، كه‌ به‌ته‌نها بوو جگه‌ره‌ی ده‌كێشا، ته‌نانه‌ت ده‌نگی گه‌لی كوردستانیش رۆڵی گه‌وره‌ی گێڕا له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی وری پێشمه‌رگه‌ و خه‌ڵك".

وتیشی، "گرنگترین دامودەزگا کە له‌ كه‌ركوك گیرا زیندانی هەیئەی خاسەی کەرکوک بو، کاتێک ئەو زیندانیە شکێندرا سەدان گەنجی کورد و عەرەبی و توركمانی  تێدابو، ئازادكران، بەڵام بەداخەوە چەند رۆژێکی کەم بەر لە راپەڕینەکە بەعس له‌ زیندانه‌كه‌دا دەیان گەنجی گوللە بارانکردبو به‌تایبه‌ت كوردانی گه‌ڕه‌كی شۆڕیجه‌ و ره‌حیماوا".

سنگری زیاتر دەڵێت، "لە راپەڕینی گه‌لی كورد-دا هێزی پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی دەیان ئەفسەر و فەرماندەی سوپای عێراقیان دەستگیرکرد و هەمویان هێنرانەوە بۆ سلێمانی، سەرەتا برانە ماوەت و قەڵاچوالان و دواتر هێنرانەوه‌ بەکرەجۆ، لەوێ وەکو میوان مامەڵەمان لەگەڵ دەکردن و خواردن و پێداویستی زۆرشیان بۆ دابینده‌كرا، من ئەوکات بەرپرسی زیندانیانی لەشکری یەک بوم، ئێمە دەمانپاراستن کە ژمارەیان نزیکەی 250 ئەفسەر و فەرماندەی بەعس دەبون".

دیلەکانی بەعس چیان لێکرا؟

عەمید محەمەد ئیسماعیل لەوبارەیەوە رایگەیاند، "ساڵی 1992 جه‌نابی مامجەلال دیلەکانی بەعسی بە دیلەکانی خۆمان گۆڕییەوە، مامجەلال داوای لەسەرجەم حزبه‌ کوردستانیەکان کرد هەر حزبێک دیلی لای بەعس هەیە ناوەکانیان بداتێ، دواتر لەگەڵ ئەو ئەفسەر و فەرماندانەی بەعس کە له‌ سلێمانی بون گۆڕدرانەوە، دوای ئەوەی ئاڵوگۆڕیان پێکرا پێشوازییەکی جوان له‌ دیله‌كانی خۆمان کرا و جه‌نابی مامجه‌لال هه‌ریه‌كه‌یان به‌بێ جیاوازی كڵاشینكۆفێكی به‌دیاری پێدان".

هێزەکانی پێشمەرگە ماوەی چەند رۆژ لە کەرکوک مانه‌وه‌؟

ئەو فەرماندەیە باس لەوەدەکات، شه‌ڕی پێشمەرگە و سوپای عێراق له‌ دەرەوەی كه‌ركوك تاوه‌كو 29 له‌سه‌ر 30ی ئازاری 1991 به‌رده‌وام بوه‌، "ئێمه‌ له‌ سه‌ر سكه‌ی قیتاره‌كه‌ و معه‌سكه‌ر خالید بوین، کە له‌ حه‌ویجه‌وه‌ ئیداره‌ ئه‌و هێزه‌ی دوژمن ده‌درا شه‌ڕێكی سه‌خت هه‌بو له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقی، عێراق هێرشێكی تۆكمه‌ و به‌رفراوانی ئه‌نجامده‌دا و به‌تالیۆنی 15 و 7ی یه‌كێتی پشكی شێریان به‌ركه‌وت له‌و شه‌ڕانه‌دا و شه‌هید و برینداری زۆرمان هه‌بو، به‌هۆی ئه‌و شه‌ڕه‌ قورسه‌وه‌ زۆر ماندبو ببوین و به‌هۆی شه‌هید وبرینداره‌كانیشه‌وه‌ هێزه‌كه‌ كه‌میكردبو، به‌تالیۆن 7 ژماره‌یه‌ك شه‌هیدیان لێبه‌جێما له‌وانه‌ شه‌هید زورار سێوكانیانی كه‌ فه‌رمانده‌ی تیپ بو زۆر قاره‌مان بو، هه‌روه‌ها شه‌هید عوسمان ماوه‌تی كه‌ فه‌رمانده‌ی كه‌رت بو، لای ئێمەش‌ شه‌هید به‌كر ئیسێوه‌یی شه‌هید بوو كه‌ فه‌رمانده‌ی تیپ بو، هه‌ندێكی دیكه‌ش كه‌ به‌داخه‌وه‌ ناوی هه‌مویانم بیرنه‌ماوه‌". 

باڵانسی هێز بەلای بەعسدا بەرزبوەوە

سنگری لەبارەی چونە دەرەوەی پێشمەرگە لە کەرکوک رایدەگەیەنێت، "کاتژمێر 10:30ی شه‌وی 29ی مانگی ئازار بو، نه‌مانزانی بازگه‌ی كه‌ركوك- سلێمانی و كه‌ركوك-هه‌ولێر گیراوه‌، هێشتا ئێمه‌ له‌ سه‌ر سكه‌ی قیتاره‌كه‌ شه‌ڕمان ده‌كرد، كاتێك بروسكه‌مان بۆهات پاشه‌كشه‌ بكه‌ین بۆ پارێزگای كه‌ركوك به‌شی زۆری رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوای كه‌ركوك گیرابو، خه‌ڵكێكی زۆریش له‌ پێشمه‌رگه‌ ئاڵابوو تا توانیمان ئه‌و مه‌ده‌نیانه‌ ده‌ربكه‌ین، كه‌ هاتینه‌ پارێزگای كه‌ركوك كاك قادری حاجی عه‌لی و كاك ملازم عومه‌ر له‌وێ بون خه‌ڵكێكی زۆرییش له‌ناو بینای پارێزگای كه‌ركوك له‌تاو رۆحی خۆیان كۆببونه‌وه‌ و ده‌یانویست به‌ره‌و چه‌مچه‌ماڵ ده‌ربكرێن".

"توانیمان رێگایه‌ك به‌ره‌و چه‌می خاسه‌ بكه‌ینه‌وه‌"

هەروەها دەڵێت، "شه‌ڕێكی سه‌خت كرا تاوەکو توانرا رێگایه‌ك بكه‌ینه‌وه‌ به‌ره‌و چه‌می خاسه‌، هه‌رچی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه‌ له‌ ره‌حیماوا كۆببونه‌وه‌ به‌ڕێی بكه‌ین، به‌رگریه‌كی سه‌ختمان كرد توانرا ئه‌و خه‌ڵكه‌ رزگاربكه‌ین و دواتر خۆمان  له‌ كه‌ركوك ده‌ربچین زۆر به‌سه‌ختی هه‌لیكۆپته‌یش به‌سه‌رمان ده‌سوڕایه‌وه‌ و بۆردومانی ده‌كردین به‌داخه‌وه‌ له‌وێ فه‌رمانده‌ی دێرین عومه‌ر چاوشینی كه‌ڵه‌كن شه‌هیدبوو، ته‌رمه‌كه‌شی به‌جێما".

چۆن بو هاوشێوه‌ی شاره‌كانی دیکە له‌ كه‌ركوك راپه‌ڕین كرا، كه‌ به‌عس زۆر به‌هێز بوو تیایدا؟

حه‌مه‌ سنگری لەوەڵامی ئەو پرسیارەدا بۆ خەندان وتی، "ئه‌گه‌ر به‌وردی سه‌یری پلانی راپه‌ڕین بكه‌ین، ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ساڵی 1989، كه‌ جه‌نابی مامجه‌لال له‌ ئه‌وروپا بو به‌ ئاگابوو له‌وه‌ی حكومه‌تی عێراقی كوه‌یت ده‌گرێت، به‌ ده‌نگ هه‌یه‌تی كه‌ ئه‌وكات گه‌ڕایه‌وه قاسمه‌ڕه‌ش‌ و هێزه‌كه‌ی كۆكرده‌وه‌ و له‌ یه‌كێك له‌ وته‌كانیدا وتی، سه‌ددام وا غرور بوه‌ ده‌یه‌وێت ببێت به‌ قیاده‌ی هه‌موو ئومه‌ی عه‌ره‌بی و ده‌یه‌وێت كوه‌یت بگرێت، به‌وه‌ش خۆی توشی به‌ڵایه‌ك ده‌كات، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ بكات هاوپه‌یمانان دژی ده‌وه‌ستنه‌وه،‌ پێویسته‌ خۆمان بۆ ئه‌و رۆژه‌ ئاماده‌بكه‌ین و كوردستانی خۆمان پاكبكه‌ینه‌وه‌."

ئەو باس لەو کۆبونەوەیە دەکات کە لە گوندی گەنمان لە نێوان بلەکێ و شاری بانە لە 10-10-1989 دا ئه‌نجامدرا و مامجەلال لە وتارێکدا بە پێشمەرگەکانی وتوە، "بەمزوانە گۆڕانکاری گەورە لە عێراق رودەدات و پێویسته‌ خۆمان بۆ ئه‌و گۆڕانكاریه‌ ئاماده‌بكه‌ین، هه‌ربۆیه‌ بڕیاردرا هێزێكی تایبه‌ت دروستبكرێت و دوای راهێنان وه‌كو پێشمه‌رگه‌ی پارتیزان دابه‌شی شاره‌كانی كوردستان كران كه‌ به‌نده‌ یه‌كێك بوم له‌و فه‌رماندانه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵه‌كانم".

حه‌مه‌ سنگری له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌- كه‌ركوك ساڵی 2016

 

حه‌مه‌ سنگری ئەوەشی وت، "رزگاكردنی كه‌ركوك یه‌كێك بوو له‌ بیرۆكه‌ گه‌وره‌كانی جه‌نابی مامجه‌لال، كه‌ كورد 100 ساڵه‌ هه‌وڵی بۆ ده‌دات و له‌ كۆبونه‌وه‌ گه‌وره‌كان باسی ده‌كات، به‌ره‌ی كوردسانیش ده‌یویست هه‌موو كوردستان رزگاربكات، هه‌ماهەنگیش له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆنی عێراقی به‌گشتی هه‌بو، به‌ڵام ئەوان زو تێكشكان و نه‌یانتوانی هیچ بكه‌ن، به‌ڵام كورد سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی تۆماركرد به‌ سه‌رۆكایه‌تی جه‌نابی مامجه‌لال و مامۆستا نه‌وشیروان مسته‌فا و براده‌رانی به‌ره‌ی كوردستان".

سه‌ددام حسێن داوای گفتوگۆی لە مامجەلال کرد

حه‌مه‌ سنگری باسی دەستپێشخەری سەددام حسێن دەکات بۆ مامجەلال و دەڵێت، "کاتێك سه‌ددام حسێن نوێنه‌ری خۆی نارد بۆلای جه‌نابی مامجه‌لال بۆ گفتوگۆكردن، راسته‌ كۆڕه‌وەكه‌ رویدابو، به‌ڵام سه‌ددام له‌ ژێر فشاردابو باوه‌شی بۆ جه‌نابی مامجه‌لال کرده‌وه‌و وتی، با میلله‌ته‌كه‌تان نه‌ڕوات".

مامجەلال و حەمە سنگری

رونیشیکردەوە، "بۆ مێژوو ئه‌وه‌ت پێده‌ڵیم رۆژی 4ی مانگی نیسانی ساڵی 1991 بوو، ئێمه‌ له‌ شاخی قه‌ره‌سرد (فریاد) بوین، مامجه‌لال له‌ كارێزه‌ بوو، ئۆردوگای كارێزه‌ هه‌ندێك بینای تێدامابو كه‌ نه‌ڕوخابو رادیۆی ده‌نگی گه‌لی كوردستانی له‌گه‌ڵ بوو له‌سه‌ر بارهه‌ڵگرێك دابه‌سترابوو، كه‌ ده‌گه‌ڕا، مامجه‌لال بروسكه‌یه‌كی دا بۆ سه‌ركردایه‌تی به‌ره‌ی كوردستانی به‌گشتی بۆ هه‌ڤاڵان، تیایدا ده‌ڵێت، له‌ مامجه‌لاله‌وه‌ بۆ سه‌رۆك و سكرتێری ئه‌م حزبانه‌، جه‌نابی كاك مه‌سعود، كاك ره‌سوڵ مه‌مه‌ند، كاك سامی عه‌بدولڕه‌حمان، مامۆستا كه‌ریم ئه‌حمه‌د، كاك ملاز ئازاد، په‌یوه‌ندیم پێوه‌بكه‌ن من له‌ كارێزه‌م، ئێمه‌ هه‌شت پێشمه‌رگه‌ بوین له شاخی‌ قه‌ره‌سرد (فریاد) كه‌ گوێمان له‌و په‌یامه‌ بو".

لە ئەزمەڕ و دوکان و كۆڕێ بەرگری سەخت کرا

سنگری باس له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی دووباره‌ی سوپای عێراق بۆ شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و ده‌گڕێته‌وه‌، "هێزی پێشمه‌رگه‌ بەشێکی زۆری له‌گه‌ڵ كۆڕه‌وەكه‌ رۆشتبو، ژماره‌یه‌كی كه‌می پێشمه‌رگه‌ش له‌ شاخی ئه‌زمه‌ڕ و شاخری فریاد و كۆڕێ به‌رگری سه‌ختیان كرد، توانرا رێگری له‌ هێزی دوژمن بكرێت و رێگه‌ نه‌درا پێشڕه‌وی زیاتربكات، به‌تایبه‌ت شه‌ڕی ئه‌زمه‌ڕ كه‌ به‌تالیۆنی 7 له‌وێ بون، شه‌ڕی فریاد ئێمه‌ وه‌كو به‌تالیۆنی 15 له‌وێ بوین و ژماره‌مان حه‌وت پێشمه‌رگه‌ بو، هێزه‌كه‌ی كۆڕێ-ش كاك كۆسره‌ت سه‌رپه‌رشتی ده‌كرد و شه‌هیدێكی زۆریشیان هه‌بوو".

ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌به‌رده‌وامی گێڕانه‌وه‌كه‌یدا دەڵێت، "دۆخه‌كه‌ به‌وجۆره‌ به‌رده‌وام بوو تا مانگی 9ی 1991 راپه‌ڕینی دووه‌م له‌ سلێمانی ده‌ستیپێكرده‌وه‌، و هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌ فه‌رمانده‌یی جه‌بار فه‌رمان توانی له‌ سلێمانییه‌وه‌ تا ده‌ربه‌ندیخان به‌ دوكانیشه‌وه‌ تا سنوری چه‌مچه‌ماڵ پاكبكاته‌وه‌، كه‌ من له‌و شه‌ڕه‌دا له‌ بازگه‌ی سلێمانی- عه‌ربه‌ت زۆرخراپ برینداربوم تا ئێستاش ئاسەواری ئەو برینداریەم بە جەستە ماوه‌، به‌بۆنه‌ی ئه‌م یاده‌شه‌وه‌ سه‌ری رێز بۆ شه‌هیدانی كورد و كوردستان به‌تایبه‌ت شه‌هیدانی راپه‌ڕین داده‌نه‌وێنم".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP