شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ: شەراکەتی ڕاستەقینە و تێگەیشتنی هاوبەش بنچینەی پێكهێنانی حکومەت بێت

- 3/20/2019 8:44:00 PM 2502 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی رایگەیاند: دەبێت یادی نەورۆز بکەینە وێستگەی بەخۆداچونەوەو بە هۆیانەوە ئاشتەوایی نیشتیمانی ڕابگەیەنین.
نەورۆز و ڕاپەڕین دوانەی ئازادی و نوسینەوەی وانەکانی سەرکەوتنن

 

لە پەیامێكی پیرۆزباییدا بەبۆنەی یادەكانی نەورۆز و ڕاپەڕین، شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ رایگەیاند:"هەموو ساڵێک لەم ڕۆژەدا  یادەکانی سەرکەوتنی ڕاپەڕین و جەژنی نەورۆز ئەکەینەوە، ئەم یادانە هێما و سیمبولی ئازادی و خۆڕاگری نەتەوەکەمانن، یادی هەستانەوەو بەگژداچونەوەی داگیرکەرانی خاک و خۆڵی کوردستانە، نەورۆز و ڕاپەڕین دوانەی ئازادی و نوسینەوەی وانەکانی سەرکەوتنن".

دەبێت خۆمان بۆ بەدیهاتنی تەواوی ئامانجەکانی راپەڕین ئامادەبکەین

 

وێڕای پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و هاوڵاتیانی شاری کەرکوک، شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ دەشڵێت:"دەبێت ئەم یادانە بکەینە وێستگەی بەخۆداچونەوەو بە هۆیانەوە ئاشتەوای نیشتیمانی ڕابگەیەنین و لە سەر ئاستی سیاسی یەكگوتاری گەلەکەمان بپارێزین و خۆمان بۆ بەدیهاتنی تەواوی ئامانجەکانی راپەڕین ئامادەبکەین، بێگومان ئەمەش بە چاندنی گیانی لێی بوردەیی و هەوڵی بەردەوام بەئاراستەی خزمەتکردنی گەلەکەمان ئەبێت".

پێویستە پەلەبكرێت لە پێكهێنانی حكومەت

 

لە كۆتایی پەیامەكەیدا دەڵێت:"ئەرکی ئێستاشمان پەلەکردنە لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێم بە جۆرێک شەراکەتی ڕاستەقینە و تێگەیشتنی هاوبەش بۆ چوارساڵی داهاتو بنچینەی سەرەکی ئەم حکومەتە پێکبهێنێت".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP