تره‌مپ: ئه‌مشه‌و كۆتایی بە داعش دەهێنین

- 3/20/2019 8:35:00 PM 5152 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، ئه‌مشه‌و ده‌ست به‌سه‌ر دواین مۆڵگه‌ی رێكخراوی داعش له‌ سووریا دەگرین و كۆتاییان پێدەهێنین.

تره‌مپ له‌ هه‌ژماری خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند:" ئەمشەو دەست بەسەر دواین مۆڵگەی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لەسوریا دەگرین و كۆتاییان پێدەهێنین.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمڕۆ چوارشەممە، پاشماوەی چەكدارانی داعش لە كۆتا هەوڵەكانیاندا بەرەو روباری فورات هەڵهاتون و فڕۆكەكانی هاوپەیمانان بۆردومانیاندەكەن.

شكستهێنانی پاشماوەی چەکدارانی داعش كۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی رێكخراوی داعش لە رۆژهەڵاتی سوریا دەگەیەنێـت كە لە ساڵی 2014 وە نزیكەی سێیەكی خاكەكانی عێراق و سوریای كۆنترۆڵكردبو.

دوێنێ سێشەممە، شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) رایانگەیاند، كامپی سەربازی داعشیان لە باغۆز كۆنتڕۆڵكردوە و پاشماوەی چەكدارانی ئەو رێکخراوە لە ناوچەیەكی بچوك لە لایەن شەڕڤانانەوە گەمارۆدراوە و لە سەركەوتن نزیكن.

هاوكات موستەفا بالی، بەڕێوەبەری ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، شەڕڤانان دەستیانگرتوە بەسەر كەمپی سەربازی داعش لەناو باغۆز و لە ئێستادا چەكدارانی داعش لە لایەن شەڕڤانانەوە گەمارۆدراون. 

ئاماژەی بەوەشکردوە، كۆنتڕۆڵكردنی كامپی سەربازی داعش راگەیاندنی سەركەوتنی یەكجاری نیە، بەڵام ئاماژەیە بۆ بەرەوپێشترچونی روبەڕوبونەوەكان لەگەڵ داعش و پێكدادانەكان بەردەوامن.

راشیگەیاندوە، "لەئێستادا پاشماوەی چەكدارانی داعش لە ناوچەیەكی زۆر بچوكدا گەمارۆدراون" بەڵام خۆیان بەدەستەوەنادەن.

بەگوێرەی بڵاوكراوەكەی راگەیاندنی هەسەدە، دوای كۆنتڕۆڵكردنی كامپی سەربازی باغۆز لەلایەن شەڕڤانانەوە، سەدان چەكداری داعش بە برینداری و نەخۆشی دەستگیركراون و بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر  لەلایەن شەڕڤانانی هەسەدەوە رەوانەی نەخۆشخانەیەكی نزیك كەمپە سەربازیەكە كراون.

شەڕڤانان دەڵێن، بەردەوامن لە گەمارۆدانی كۆتا پاشماوەكانی داعش لە باغۆز و لە هێرشەكانیاندا توانیویانە 157 چەكداری ئەو رێکخراوە دەستگیربكەن.

بەپێی ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە، ئەو چەكدارانەی لە لایەن هێزەكانی شەڕڤانەوە دەستگیركراون "ئەزمونێكی دورودرێژیان لە جەنگدا هەیە و ژمارەیەكی زۆریان بە رەگەز بیانین".  

نیشانەکردن :

#ئه‌مریكا #داعش

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP