سەرۆك كۆمار پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە كوردستانیان دەكات
پێویستە ئاشته‌وایی و به‌رژه‌وه‌ندی و چاکه‌ی گشتی شوێنی ناکۆکی و دوبه‌ره‌کی بگرێتەوە

- 3/20/2019 6:21:00 PM 1646 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆك كۆماری عێراق رایگەیاند،  نه‌ورۆز هه‌ڵگری واتایه‌کی گه‌وره‌ی به‌گژداچونه‌وه‌ی زوڵم و ناعه‌داله‌تیه‌، هیواش دەخوازێت یادی نەورۆز هۆكار بێت بۆ ئەوەی ئاشته‌وایی و به‌رژه‌وه‌ندی و چاکه‌ی گشتی شوێنی ناکۆکی و دووبه‌ره‌کی بگرێتەوە.

بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە، د. بەرهەم ساڵح سه‌رۆک کۆماری عیراق پەیامێكی پیرۆزبایی پێشكەشی هاوڵاتیانی کوردستان كردو رایگەیاند:"به‌ بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌رۆزه‌وه‌ پیرۆزبایی گه‌رمی خۆم له‌ یه‌ک به‌یه‌کتان ئه‌‌که‌م و خوازیارم له‌ که‌شێکی خۆشی به‌هاری و له‌ سایه‌ی ئارامیدا نه‌ورۆز و سه‌یران و خۆشیه‌کانتان به‌ڕێوه‌ ببه‌ن".
نه‌ورۆز هه‌ڵگری واتایه‌کی گه‌وره‌ی به‌گژداچوونه‌وه‌ی زوڵم و ناعه‌داله‌تیه‌

 

سەرۆك بەرهەم دەشڵێت:"نه‌ورۆز هه‌ڵگری واتایه‌کی گه‌وره‌ی به‌گژداچوونه‌وه‌ی زوڵم و ناعه‌داله‌تیه‌، قوڵاییه‌کی هاوبه‌شی گه‌لانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ له‌ پێناو ئازادی ئینسان و هێنانه‌ کایه‌ی ژیانێکی شایسته‌دا، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌ پاڵ یادکردنه‌وه‌ی ئه‌و جه‌ژنه‌دا‌، هه‌وڵ بده‌ین ماناو به‌هاکانیشی  تێکه‌ڵ به‌ ژیانی خۆمان بکه‌ینه‌وه‌".

لێبوردن و ماف و داخوازی خه‌ڵک بکه‌ینه‌ بنه‌مای کارو گوفتارمان

 

سەرۆك كۆماری عێراق هیواش دەخوازێت خۆشگوزه‌رانی و ژیانێکی شایسته‌ بۆ ئێوه‌ و هەمو هاوڵاتیانی عیراق ببێته‌ بناغه‌ی کارکردن و بتوانین لانی که‌می ئه‌و په‌یامه‌ی نه‌ورۆز له‌ خۆشبه‌ختی و عه‌داله‌ت و ده‌رفه‌تی ژیانی یه‌کسان به‌رجه‌سته‌ بکه‌ین.

سەرۆك بەرهەم دەشڵێت: "با لەم یادەدا ئاشته‌وایی و به‌رژه‌وه‌ندی و چاکه‌ی گشتی بخه‌ینه‌ شوێنی ناکۆکی و دووبه‌ره‌کی، لێبوردن و ماف و داخوازی خه‌ڵک بکه‌ینه‌ بنه‌مای کارو گوفتارمان".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP