تێریزامەی داوای دواخستنی دەرچونی وڵاتەکەی لەیەکێتی ئەوروپا کرد

- 3/20/2019 5:33:00 PM 2578 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆک وەزیرانی بریتانیا داوای لەیەکێتی ئەوروپا کرد بۆ ماوەی سێ مانگ پرسی دەرچونی وڵاتەکەی لەیەکێتییەکەیان دوابخەن. 

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمڕۆ چوار شەممە سەرۆک وەزیرانی بریتانیا داوای دوای دۆناڵد تەسک سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا کردوە پرسی دەرچونی وڵاتەکەی لە یەکێتی ئەوروپا بۆ 30 ی حوزەیران دوابخەن.

تێریزامەی دو جار شکستی هێنا لەرازیکردنی پەرلەمانتارانی وڵاتەکەی کە دەنگ بەو پرۆژەیەی بدەن کە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا لەسەری رێکەوتبو، ئەوەش بریتانیای خستە ناو گێژاوێکی سیاسی گەورەترەوە.
بەهیچ جۆرێک پاشەکشە لەپرۆژەکەی ناکات

 

سەرۆک وەزیرانی بریتانیا رایگەیاندوە بەهیچ جۆرێک پاشەکشە لەپرۆژەکەی ناکات، پەرلەمانی وڵاتەکەشی جگەلە دروستکردنی قەیرانێکی دیکە هیچی دیکەیان نەکردوە.

لەمبارەیەوە، تێریزامەی سەرۆک وەزیرانی بریتانیا لەکۆبونەوەیەکی پڕ بێنەوبەرەی پەرلەمانی وڵاتەکەیدا رایگەیاند " ئەم بەیانیە نامەیەکم ئاراستەی سەرۆک تەسک، سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا کردوە و تێیدا پێمڕاگەیاندوە بریتانیا داوای درێژکردنەوەی ماوەی بڕگەی 50 ی رێکەوتنەکە دەکات بۆ 30 ی حوزەیرانی داهاتو."

مەی راشیگەیاندوە ناتوانێ تا ئەو بەروارە زیاتر پرسی برێگزت دوابخات و هیوادارە پەرلەمانی وڵاتەکەی بیر لەڕێگاچارەیەکی باش بکەنەوە.

دو ساڵ بەرلە ئێستا تێریزامەی 29 ی ئازاری 2019 ی وەک دواین وادە بۆ دەرچون لەیەکێتی ئەوروپا جێگیرکرد کە لە ساڵی 1973 ەوە بوەتە ئەندامی یەكێتیەكە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP