نێچیرڤان بارزانی: هەرێمی کوردستان برا بەشێکی راستەقینەیە لە عێراق

- 3/20/2019 4:22:00 PM 1830 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەم رۆژانەی جەژنی نەورۆز، رۆژانی تێپەڕاندنی لاپەڕەی کۆن و هەڵدانەوەی لاپەڕەی تازەن، داواتان لێدەکەم هەموو لایەک ئاوڕ لە برایەتی و تەبایی و خۆشەویستی بدەنەوە.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە پەیامێکدا بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "دەبێت لەمڕۆوە دەستبکەین بە هێوربونەوە، شەڕی بەرگری ئێمە لە بەرامبەر دڕندەیی داعشدا بەسەرکەوتن تەواوبو، بوژانەوەی باری ئابووریش دەستیپێکرد و هەنگاو بەرەو ئاساییبونەوە دەنێت".
پشودرێژی و بەرگەگرتن و نەرمونیانی، تاکە رێگەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان

 

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەشڵێت:"ئێوەی خۆشەویست دڵنیابن کەوا پشودرێژی و بەرگەگرتن و نەرمونیانی، تاکە رێگەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان، کوردستان لەو ماوەیەدا جارێکی دیکە رودەکاتە خێر و خۆشی، باری ئابوری وا باش دەبێتەوە، هەمو ئەم پرسانە لە کاتێکی نزیکی داهاتودا بەدرێژی باسی دەکەین، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لەم بۆنە خۆشەی نەورۆزدا باسی دەکەم، کولتوری پێکەوەژیان و لێبوردەیی و تەبایی و خۆشەویستی و هەوڵی خاوکردنەوەی دەمارگرژییە، کە نەورۆز لە بنەڕەتەوە خاوەن و هەڵگری ئەو کولتورەیە".

ئەم رۆژانەی جەژنی نەورۆز، رۆژانی تێپەڕاندنی لاپەڕەی کۆن و هەڵدانەوەی لاپەڕەی تازەن

 

"رۆژانە دەبینین و دەبیستین جۆرێک گرژی و توندی لە هەڵسوکەوتی هەندێک خەڵکدا بەهۆی شەڕی داعش و تەنگەژەی ئابورییەوە سەریان هەڵداوە، مەرجیش نییە تووندوتیژی تەنیا بریتیبێت لە کارو کردەوەی زەق، وەک دەستوەشاندن یان بەکارهێنانی چەک، بەڵکو هەندێکجار بریتییە لە گوێنەدان بە ئەرکی سەرشان، یان بێڕێزی لە پەیوەندی کۆمەڵایەتیدا، یان رەچاونەکردنی بەهاو نەریتی گشتی، یان بێویژدانی لە مامەڵەی کڕین و فرۆشتندا، جگە لەمانە لە هەندێک شوێن جۆرێک لە توند و زبری بەکارمەندانی فەرمییەوە دیار بووە، یان شۆفێر لە شەقامەکاندا، یان لە تێکەڵاوی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، ئەمانە هەمویان لێکەوتەی ئاسایین بۆ ئەو دۆخانەی کە بەسەر هەرێمی کوردستاندا هاتن، بەڵام دەبێت نەمێنن" سەرۆكی حكومەت وادەڵێت.

گرەوی ئێمە ئەوەیە کوردستان سەربکەوێت، رێگەی دورمان بڕیوە و کەممان ماوە

 

نێچیرڤان بارزانی رای وایە، "ئەم رۆژانەی جەژنی نەورۆز، رۆژانی تێپەڕاندنی لاپەڕەی کۆن و هەڵدانەوەی لاپەڕەی تازەن، داواتان لێدەکەم هەمو لایەک ئاوڕ لە برایەتی و تەبایی و خۆشەویستی بدەنەوە. دەبێت هەمو لایەک هێورببنەوە، دەبێت هەمو لایەک یەکترمان خۆشبوێت، داوا لە هەموشتان دەکەم رێزی سروشت بگرن و ژینگەی کوردستان پاک رابگرن". 

ئەوەشیخستۆتەڕو،"گرەوی ئێمە ئەوەیە کوردستان سەربکەوێت، رێگەی دورمان بڕیوە و کەممان ماوە، قوربانیمان زۆر داوە و دەبێت بگەینە رۆژی خۆمان، ئێمە وەک چۆن بەختەوەریمان بۆ خۆمان دەوێت، بۆ خەڵکی دیکەش هەمان هیوامان هەیە، بە تایبەتی بۆ گەلی عێراقی برا، هەرێمی کوردستان برا بەشێکی راستەقینەیە لە عێراق و دەستوری وڵات بڕیاری ئەمەی داوە".

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP