خەندان زانیاری لەبارەی دابەشکردنی دوو موچەی فەرمانبەران بڵاودەکاتەوە

- 3/20/2019 4:02:00 PM 104635 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- کۆچەر عەزیز

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەگەر پارەی پێویستیان لەبەردەستدا بێت، ئەوا هەوڵ دەدەن مانگی داهاتو دوو موچەی فەرمانبەران دابەشبکەن.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بە خەندان-ی راگەیاند، "ئەگەر پارەی پێویستمان لەبەردەستدا بێت، ئەوا هەوڵ دەدەین مانگی داهاتو دوو موچە دابەشبکەین".
وەزارەتی دارایی عێراق بۆ مانگی ئازار بڕی 453 ملیار دیناری بۆ موچە ناردوە

 

سەبارەت بە بونی پارە بۆ دابەشکردنی دوو موچەی فەرمانبەران ئەو سەرچاوەیە وتی، "وەزارەتی دارایی عێراق بۆ مانگی ئازار بڕی 453 ملیار دیناری بۆ موچە ناردوە و لەگەڵ قەرەبوی مانگەکانی کانونی دوەم و شوبات کە دەکاتە 724 ملیار دینار".

بەپێی یاسای بودجەی ساڵی 2019ی عێراق، بەغدا مانگانە بڕی 522 ملیار دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرێت، تەنانەت ئەگەر نەوتیش رادەستی بەغدا نەکرێت.
وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ دابەشکردنی موچە پێویستی بە 881 ملیار دینار هەیە

 

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی موچە پێویستی بە 881 ملیار دینار هەیە، بەڵام لە مانگی ئازاردا داهاتی هەرێمی کوردستان بە ناردنی پارەی لە بەغدا و داهاتی ناوخۆ و ئەو پارەیەی ئەمریکا بۆ پێشمەرگەی دەنێرێت بۆ یەک تریلیۆن و 126 ملیار دینار زیاددەبێت.

رۆژی 12ی ئەم مانگە وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق بڕیاریدا بڕی 724 ملیار و 819 ملیۆن دینار بخاتەسەر حسابی بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان بۆ موچەی مانگی ئازار و جیاوازی موچەی مانگەکانی کانونی دوەم و شوبات، بەڵام تا ئێستا موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان موچەی مانگی 12ی ساڵی رابردویان وەرگرتوە.

نیشانەکردن :

#موچه‌

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP