کۆسرەت رەسوڵ: هیواخوازم حوكمی كەركوك بۆ كەركوكییەكان بگەڕێتەوە

- 3/19/2019 11:17:00 PM 2120 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

کۆسرەت رەسوڵ رایگەیاند، هیواخوازە دۆخی كەركوك ئاسایی بكرێتەوەو حوكمی كەركوك بۆ كەركوكییەكان بگەڕێتەوە و دەشڵێت" با ساڵی نوێی كوردی بكەینە دەرفەتێك بۆ ئاشتەوایی نیشتمانی و بنیاینانی حكومەتێكی خزمەتگوزار".
هەمیشە هاتنەوەی سەری ساڵی نوێی كوردی و وەرزی بەهار و هەڵكردنی ئاگری نەورۆز لەڕۆژە سەخت و ناخۆشەكاندا، مژدەی خۆشی و ئازادی بۆ گەلی كورد پێبوە

 

کۆسرەت رەسوڵ پەیامێکی بە بۆنەی‎ هاتنەوەی سەری ساڵی تازەی كوردی و جەژنی نەورۆز بڵاوکردەوە ورایگەیاند، "‎بەدرێژایی مێژووی گەلەكەمان، هەمیشە هاتنەوەی سەری ساڵی نوێی كوردی و وەرزی بەهار و هەڵكردنی ئاگری نەورۆز لەڕۆژە سەخت و ناخۆشەكاندا، مژدەی خۆشی و ئازادی بۆ گەلی كورد پێبوەو ساڵی نوێبونەوەی خەون و ئاواتەكان و سەرهەڵدانەوەی ئومێدی شۆڕش و ڕۆحی بەرەنگاری بوە".

جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی دەشڵێت" ئەمڕۆ كە هاوكاتی جەژنی نەورۆزو ساڵڕۆژی رزگاركردنی كەركوكە، هیواخوازم دۆخی كەركوك ئاسایی بكرێتەوە و حوكمی كەركوك بۆ كەركوكییەكان بگەڕێتەوە و هەمو هێزو لایەنە سیاسییەكان دەست لەناو دەست كاربكەین بۆ خزمەتكردنی زیاتری گەلەكەمان و هەوڵی جدی بدەین بۆ تەواو جێبەجێكردنی بەرنامەو پلانی راپەڕین و هەمو ئەو ئامانجانەی ساڵەهایە قوربانی بۆ دەدەین".
هەمومان لە هێزو لایەنە سیاسییەكان، جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی كوردی بكەینە دەرفەتێك بۆ ئاشتەوایی نیشتمانی و بنیاتنانی حكومەتێكی خزمەتگوزار

 

‎کۆسرەت رەسوڵ پەیامێکی بۆ ‌هێزە سیاسییەکانیش هەیە و دەڵێت" باهەمومان لە هێزو لایەنە سیاسییەكان، جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی كوردی بكەینە دەرفەتێك بۆ ئاشتەوایی نیشتمانی و بنیاتنانی حكومەتێكی خزمەتگوزار و خزمەتكاری كوردستانیان و هەوڵەكان بخەینەگەڕ بۆ مسۆگەركردنی ئایندەیەكی ڕۆشن بۆ خۆمان و نەوەكانمان".




Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP