"زومار کلیلی شکستی داعش بو"
بارزانی: هەر هەوڵێك بۆ سەپاندنی واقعێك بێت كە گرفتەكان قووڵتر بكاتەوە قابیلی قبوڵكردن نیە

- 3/19/2019 9:23:00 PM 2781 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ سێشەممە، مەسعود بارزانی لەگەڵ كەسایەتی و نوێنەرانی دانیشتوانی دەڤەری زوومار كۆبوەوە و رایگەیاند " كلیلی شكستی داعش و تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش لە زوومارەوە دەستیپێكرد، جەختیشیكردەوە، كە ناكۆكیی سیاسیی لەگەڵ دەسەڵات و حكومەتەكان نابێ ببێتە هۆی ناكۆكیی نێوان نەتەوە و ئایینەكان".

فەرهەنگی پێكەوەژیان باشترین چەكە بۆ لەناوبردنی هزری توندڕۆیی و تیرۆر

 

بارزانی لە کۆبونەوەکەدا وتەیەکی پێشکەشکردو جەختیلەوەكردەوە" فەرهەنگی پێكەوەژیان باشترین چەكە بۆ لەناوبردنی هزری توندڕەیی و تیرۆر، لە كوردستاندا ئێمە هەموومان لە مرۆڤبوندا براین و جیاوازی نەتەوەیی و ئایینی كێشە نییە، هەڵسەنگاندنی مرۆڤیش لەسەر بنەمای ڕەفتارەكانیەتی نەك بیروباوەڕ".

هەر هەوڵێك بۆ سەپاندنی واقعێك كە پێچەوانەی جیۆگرافیا و مێژو و باری كۆمەڵایەتیی ناوچەكان بێت گرفتەكان قوڵتر دەكاتەوە و قابیلی قبوڵكردنیش نییە

 

لەبارەی چارەنووسی ناوچەكانی مادەی 140، بارزانی بە پێویستی زانی مادەی 140 بە "تەفاهوم و ئاشتی" جێبەجێبكرێت و گەر هاتبا و دەستور جێبەجێكرابا ئێستا دۆخی عێراق بەشێوەیەكی باشتر دەبو، هەر هەوڵێك بۆ سەپاندنی واقعێك كە پێچەوانەی جیۆگرافیا و مێژو و باری كۆمەڵایەتیی ناوچەكان بێت گرفتەكان قوڵتر دەكاتەوە و قابیلی قبوڵكردنیش نییە".

لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ڕوداوەكانی دوای ڕیفراندۆمی كرد و ئەوەی دوپاتكردەوە،"كە لەدوای هەڵبژاردنەكانی عێراق قۆناغێكی تر هاتووەتە ئارا و هەمو لایەك هەوڵ دەدەین كە سود لەو كەشە ئیجابییە وەربگرین بۆ جێبەجێكردنی پرەنسیپەكانی برایەتی و پێكەوەژیان ونەهێشتنی تیرۆر".

لە كۆبوونەوەکەدا ئامادەبوان ڕاو بۆچون و پێشنیارەكانی خۆیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی دانیشتوانی ناوچەكە بە بارزانی گەیاند، بارزانیش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخە ئیجابییەی كە لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا هاتووەتە ئارا، ئامۆژگاری و شیكردنەوەی پێویستی بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان و باشتربونی دۆخی خەڵكی دەڤەری زومار خستەڕو.


نیشانەکردن :

#مەسعود بارزانی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP