لە نیوەی رێگا بەیەک دەگەن
پارتی و یەکێتی زانیاری کۆبونەوەکەی ئەمڕۆیان شاردەوە

- 3/19/2019 8:14:00 PM 78439 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بە گوێرەی زانیاریە پشتڕاستکراوەکانی خەندان لە کۆبونەوەی ئەمڕۆیاندا یەکێتی و پارتی گەیشتونەتە هێڵێک کە رێگای رێککەوتنیان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت زیاتر نزیک بوەتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هەردولا "بەڕونی لەگەڵ یه‌كتر دواون"، پێچەوانەی ئەوەی لە میدیاکانەوە باسدەکرا گۆڕینی وەفدی دانوسانکاری هەردولا دواجار ھۆکارێک بوە بۆ گەیشتن بە رێکەوتن.
نزمترین و بەرزترین ئاستی داواکاری رونی خۆیان خستوەتە بەردەم یەکدی

 

سەرچاوەیەکی باڵای ئاگادار لە یەکێتی بە خەندان-ی وت، "لە کۆبونەوەی ئەمڕۆدا پارتی و یەکێتی بەڕونی گفتوگۆیان لەگەڵ یەکدی کردوە و نزمترین و بەرزترین ئاستی داواکاری رونی خۆیان خستوەتە بەردەم یەکدی".

پارتی ڕەزامەندە بەوەی، ئەو پۆستانەی کە سەرۆکایەتییەکەی نادرێت بە یەکێتی، ئەوا جێگرەکانی بدرێت بەو حزبە

 

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد،" پارتی ڕەزامەندە بەوەی، ئەو پۆستانەی کە سەرۆکایەتییەکەی نادرێت بە یەکێتی، ئەوا جێگرەکانی بدرێت بەو حزبە".
پارتی رەزامەندی دەربڕیوە لە کۆی جومگەکانی بەڕێوەبردن و ئابوری و ئاسایشدا، سەرۆکایەتی یان جێگر بداتە یەکێتی، بەڵام شاندی یەکێتی داوای رونکردنەوەیان کردوە لەبارەی دەسەڵاتی جێگرەکانەوە کە دەدرێن بە یەکێتی

 

پارتی لەبەرانبەر پاکێجەکەی یەکێتیدا کە پێشتر خەندان بڵاویکردبوەوە، رەزامەندی دەربڕیوە لە کۆی جومگەکانی بەڕێوەبردن و ئابوری و ئاسایشدا، سەرۆکایەتی یان جێگر بداتە یەکێتی، بەڵام شاندی یەکێتی داوای رونکردنەوەیان کردوە لەبارەی دەسەڵاتی جێگرەکانەوە کە دەدرێن بە یەکێتی.
کۆبونەوەکەی ئەمڕۆ وایکرد هەردولا ناوەڕاستی مەنزڵەکە ببینن و ھەنگاوی کردەیی بنێن، بۆئەوەی لە نیوەی رێگا بەیەک بگەن

 

کۆبونەوەی ئەمڕۆی شاندی پارتی و یەکێتی، یەکەم کۆبونەوە بو کە هەردولا بچنە ناو وردەکاری دابەشکردنی پۆست و بەرکەوتەکانیان لە کابینەی نۆیەمی حکومی هەرێمی کوردستان، "پارتی و یەکێتی بەرونی لەوبارەیەوە گفتوگۆیان کردوە، ئەوەش وایکردوە هەردولا ناوەڕاستی مەنزڵەکە ببینن و ھەنگاوی کردەیی بنێن، بۆئەوەی لە نیوەی رێگا بەیەک بگەن".

جێگر بۆ وەزیر نەبێتە رێگر و وەزیریش نەبێتە کۆدی تاکە حزبێکی دیاریکراو بۆ کردنەوە و داخستنی وەزارەتەکەی

 

خەندان لە سەرچاوەیەکی باڵای ناو پارتییەوە زانیویەتی، "پارتی و یەکێتی کۆکن لەسەر ئەوەی کە دەسەڵاتەکان هاوشێوەی پێشو پەنجا بە پەنجا نەبن و جێگر بۆ وەزیر نەبێتە رێگر و وەزیریش نەبێتە کۆدی تاکە حزبێکی دیاریکراو بۆ کردنەوە و داخستنی وەزارەتەکەی، بەڵکو دەبێت میکانزمێک پێکەوە بدۆزنەوە  ھەتا لەسۆنگەیەوە هاوسەنگی لەسەر بنەمای بەڕێوەبردنی نوێ بچەسپێت".
سەرەڕای ئەوەی پارتی و یەکێتی لە نیوەی رێگا گەیشتونەتە رێککەوتن، بەڵام هێشتا کێشەی بنەڕەتیان لەسه‌ر دیاریکردنی دەسەڵاتەکانی وەزیر و جێگر کۆتایی نەهاتوە

 

سەرەڕای ئەوەی پارتی و یەکێتی لە نیوەی رێگا گەیشتونەتە رێککەوتن، بەڵام هێشتا کێشەی بنەڕەتیان لەسه‌ر دیاریکردنی دەسەڵاتەکانی وەزیرو جێگر کۆتایی نەهاتوە، چونکە لەلایەک پارتی نایەوێت لە ڕێگەی پێدانی جێگر بە یەکێتی دەسەڵاتی وەزارەتە سیادیەکان لەگەڵ ئەو حزبە پەنجا بە پەنجا بەش بکات.
یەکێتی نایەوێت لە ڕێگەی پێدانی جێگرێکی رەمزی و لاوازەوە چیرۆکی هاوبەشی و هاوسەنگێتی خۆی لەگەڵ پارتی بێ دەسکەوتی مەلموس ببڕێنێتەوە

 

لەلایەکی دیکەشەوە یەکێتی نایەوێت لە ڕێگەی پێدانی جێگرێکی رەمزی و لاوازەوە چیرۆکی هاوبەشی و هاوسەنگێتی خۆی لەگەڵ پارتی بێ دەسکەوتی مەلموس ببڕێنێتەوە، بەتایبەت کەئه‌و حزبه‌ دەیەوێت ئەگەر وەکو هێزی یەکەمیش هەژمارنەکرێت پشکەکانی لە هێزی دووەم کەمتر نەبێت.
پارتی هێڵی سوری به‌ژێر هه‌ریه‌كه‌ له‌ پۆسته‌كانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و سامانه‌ سروشتییه‌كاندا هێناوه‌ و پێداگیری ده‌كات له‌وه‌ی نایداته‌ یه‌كێتی

 

خه‌ندان له‌ زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵای یه‌كێتییه‌وه‌ زانیویه‌تی، "پارتی هێڵی سوری به‌ژێر هه‌ریه‌كه‌ له‌ پۆسته‌كانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و سامانه‌ سروشتییه‌كاندا هێناوه‌ و پێداگیری ده‌كات له‌وه‌ی نایداته‌ یه‌كێتی".

ئەنجومەنی ئاسایش به‌حكومه‌تێك له‌ ناو حكومه‌تێكی دیكه‌دا داده‌نرێت و مافی ڤیتۆكردنی هه‌یه‌، له‌سه‌ر كۆی سێكته‌ره‌ ئابوری و ئه‌منیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان

 

هەمان سەرچاوە وتی:"پارتی له‌ رێگه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشه‌وه‌ كه‌ "به‌حكومه‌تێك له‌ ناو حكومه‌تێكی دیكه‌دا داده‌نرێت" و مافی ڤیتۆكردنی هه‌یه‌، ده‌یه‌وێت مۆری خۆی له‌سه‌ر كۆی سێكته‌ره‌ ئابوری و ئه‌منیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بدات، هاوكات دەیەوێت له‌ رێگه‌ی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كانیشه‌وه‌ داهات و بودجه‌ی گشتی له‌ ده‌ستی خۆیدا بهێڵیته‌وه‌".

یه‌كێتی داوا ده‌كات ده‌سه‌ڵاتی جێگری وه‌زیرانی دارایی و شاره‌وانی و فەرمانگەکانی دەرەوە یه‌كسان بێت به‌ دەسەڵاتی وه‌زیرانی ئەو وەزارەتانە

 

ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی كه‌ بۆ خه‌ندان قسه‌یان كردوه‌ ده‌ڵێن، یه‌كێتی به‌ ئه‌ندازه‌ی پێگیری پارتی بۆ پۆستی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و وه‌زاره‌تی سامانه‌سروشتییه‌كان پێداگیری له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌كات، هاوكات داواش ده‌كات ده‌سه‌ڵاتی جێگری وه‌زیرانی دارایی و شاره‌وانی و فەرمانگەکانی دەرەوە یه‌كسان بێت به‌ وه‌زیرانی دارایی و شاره‌وانی و سەرۆکی فەرمانگەی دەرەوە.

دوای کۆتاییهاتنی کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی دڵشاد شەهاب، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەکێتی، وتی، "ئەم کۆبونەوەیە یەکێک بو لە کۆبونەوە هەر سەرەکەوتوەکان، چونکە زۆر بە راشکاوی تەرجەمەکردنی رێککەوتنی سیاسی نێوانمان بو هەروەک چۆن رەنگدانەوەی لە بەشداریکردنێکی کارای بەیەکەوە کارکردنی هەردولابو لە کابینەی نوێی حکومەتدا".

شەهاب وتیشی، دوای جەژنی نەورۆز کۆبونەوەکانیان لەگەڵ یەکێتی بەردەوام دەبێت لەبارەی پشک و بەرکەوتەی هەردولا لە کابینەی نۆیەمی حکومەت.

داواکاری یەکێتی پەیوەندی بە بازنەی بڕیاردانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە هەیە و ده‌بێت بڕیاری ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌و داوایانه‌ له‌وێوه‌ ده‌ربچێت

 

سەرچاوە باڵاکەی پارتی بۆ خەندان ئەوەشی خستەڕو، ئەو داواکاریەی یەکێتی بۆ پێدانی دەسەڵاتی جێگر و بریکارەکان و بەرچاوڕونی لە کارنامە و بەرنامەی وەزارەتە سیادیەکان، پەیوەندی بە بازنەی بڕیاردانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە هەیە و ده‌بێت بڕیاری ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌و داوایانه‌ له‌وێوه‌ ده‌ربچێت.

ناوەندی بڕیاڕی ھەردوو حزب بەجدی ھاتونەتە سەرخەت وئێستا کاردەکرێت بۆئەوەی گەمارۆی کێشەکان بدەن 

 

خەندان لەسەرچاوەی بڕیاڕ بەدەستی پارتی و یەکێتیەوە زانیویەتی کە ناوەندی بڕیاڕی ھەردوو حزب بەجدی ھاتونەتە سەرخەت وئێستا کاردەکرێت بۆئەوەی گەمارۆی کێشەکان بدەن و مژدەی حکومەتێکی بەھێز کەتیایدا ئارامی و ھەلی کار لەبەڵێنەوە بکەن بەکردار رابگەیەنن.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP