پەروین بابەکر: سودمەندی هاندان و ئامۆژگارییەکانی مام جەلال بوم

- 3/19/2019 8:09:00 PM 2909 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پەروین بابەکر رایگەیاند، خەڵاتی (بصمة قائدة) خه‌ڵاتی هه‌موو ژنانی كورد و عێراقه‌، شانازی و دڵخۆشییه‌كه‌ی به‌ ته‌نها بۆ ئەو نییه‌، به‌ڵكو بۆ هه‌مو ژنێكه‌ كه‌ خه‌ون به‌ سه‌ركه‌وتنی ژنانه‌وه‌ ده‌بینێت ودەشڵێت " من زۆر سودم لە ئامۆژگاریی وهاندانه‌كانی مام جەلال وه‌رگرتوه‌".

ئێوارەی رۆژی 2019/3/9له‌ به‌یروتی پایته‌ختی لوبنان، خه‌ڵاتی (بصمة قائدة) بە پەروین بابەکر به‌خشرا.
 
پەروین بابەکر، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و وەزیری پێشوتری پیشەسازی حکومەتی هەرێم و لە ئێستاشدا کە سەرۆکی کۆمپانیای وزەیە لە نوسینێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردوەتەوە، "راستە من خه‌ڵاته‌كه‌م وه‌رگرتوه‌ و ئاماده‌ی مه‌راسیمه‌كه‌ بوم، به‌ڵام له‌ جه‌وهه‌ردا ئه‌م خه‌ڵاته‌ خه‌ڵاتی هه‌مو ژنانی كورد و عێراقه‌، شانازی و دڵخۆشییه‌كه‌ی به‌ ته‌نها بۆ من نییه‌ و به‌ڵكو بۆ هه‌مو ژنێكه‌ كه‌ خه‌ون به‌ سه‌ركه‌وتنی ژنانه‌وه‌ ده‌بینێت".

خه‌ڵاتی جێپه‌نجه‌ی سه‌ركرده‌ له‌ لایه‌ن (المجلس الإنمائي العربي للمرأة والأعمال) دابه‌شكرا و كاندیده‌كان له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بیه‌وه‌ ده‌ستنیشان كرابون و پەروین بابەکریش خه‌ڵاتی ژنانی عێراق پێبه‌خشرا. 

جه‌نابی مام پاڵپشت و هانده‌ری ژنان بوه‌ بۆ به‌رەوپێشچون من به‌ تایبه‌ت سودم له‌ ئامۆژگاریی هاندانه‌كانی وه‌رگرتوه‌

 

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی دەشڵێت،" به‌خشینی ئه‌م خه‌ڵاته‌ به‌ ئێمه‌ زیاتر له‌ پای كار‌ و پرۆژه‌كانماندا بوه‌ له‌ بواری ئابوری و سه‌ربه‌خۆی ئابوری له‌ كه‌ر‌تی گشتی و دامه‌زراوه‌كاندا، بۆ ئه‌مه‌ش هه‌میشه‌ جه‌نابی مام پاڵپشت و هانده‌ری ژنان بوه‌ بۆ به‌رەوپێشچون من به‌ تایبه‌ت سودم له‌ ئامۆژگاریی هاندانه‌كانی وه‌رگرتوه‌ و هه‌میشه‌ ئه‌و وته‌یه‌ی دوپاتده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ دەڵێت" كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی دروست نابێت ئه‌گه‌ر ژنان یه‌كسان نه‌بن له‌گه‌ڵ پیاواندا".

وه‌كو ژنێك هه‌میشه‌ جه‌ختم له‌وه‌ كردوەته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت ژنان خاوه‌ن ئابوری سه‌ربه‌خۆبن تاكو بتوانن خاوه‌نی بڕیار و چاره‌نوسی خۆیان بن

 

پەروین بابەکر باسیلەوەشکردوە،"وه‌كو ژنێك هه‌میشه‌ جه‌ختمان له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت ژنان خاوه‌نی ئابوری سه‌ربه‌خۆبن تاكو بتوانن خاوه‌نی بریار و چاره‌نووسی خۆیان بن". 

براوەی خەڵاتی  (بصمة قائدة) لە عێراق نوسیویەتی" میكانیزمی پێدانی ئه‌م خه‌ڵاته‌ پشتی به‌ سیڤی و ده‌نگدان بەستبو، ئه‌وه‌ی جێی دڵخۆشی ئێمه‌ بو، به‌ره‌و پیرچونی هەمو هاوڵاتیان بو بۆ پرۆسه‌كه‌ و رۆڵی میدیا و راگه‌یاندنه‌كان بو، هه‌وڵی دۆستان و هاوڕێیان و چالاكه‌وانانی ژنان بو، بۆچون و كۆمێنتی هه‌مو ئه‌وانەی كه‌ ده‌شێت به‌نده‌ به‌خزمه‌تیشیان نه‌گه‌یشتبێتم، هه‌موان بێ جیاوازی شایه‌نی له‌ سوپاس زیاترن".




Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP