داعش لە ناوچەیەكی بچوكدا گەمارۆ دراوە
شەڕڤانان: كامپی سەربازی داعش لە باغۆز كۆنتڕۆڵكرا

- 3/19/2019 1:23:00 PM 5174 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) رایانگەیاند، كامپی سەربازی داعشیان لە باغۆز كۆنتڕۆڵكردوە و پاشماوەی چەكدارانی ئەو رێکخراوە لە ناوچەیەكی بچوك لە لایەن شەڕڤانانەوە گەمارۆدراوە و لە سەركەوتن نزیكن.

موستەفا بالی، بەڕێوەبەری ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، شەڕڤانان دەستیانگرتوە بەسەر كەمپی سەربازی داعش لەناو باغۆز و لە ئێستادا چەكدارانی داعش لە لایەن شەڕڤانانەوە گەمارۆدراون. 
كۆنتڕۆڵكردنی كامپی سەربازی داعش راگەیاندنی سەركەوتنی یەكجاری نیە

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، كۆنتڕۆڵكردنی كامپی سەربازی داعش راگەیاندنی سەركەوتنی یەكجاری نیە، بەڵام ئاماژەیە بۆ بەرەوپێشترچونی روبەڕوبونەوەكان لەگەڵ داعش و پێكدادانەكان بەردەوامن.

راشیگەیاندوە، "لەئێستادا پاشماوەی چەكدارانی داعش لە ناوچەیەكی زۆر بچوكدا گەمارۆدراون" بەڵام خۆیان بەدەستەوەنادەن.
سەدان چەكداری داعش بە برینداری و نەخۆشی دەستگیركراون

 

بەگوێرەی بڵاوكراوەكەی راگەیاندنی هەسەدە، دوای كۆنتڕۆڵكردنی كامپی سەربازی باغۆز لەلایەن شەڕڤانانەوە، سەدان چەكداری داعش بە برینداری و نەخۆشی دەستگیركراون و بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر  لەلایەن شەڕڤانانی هەسەدەوە رەوانەی نەخۆشخانەیەكی نزیك كەمپە سەربازیەكە كراون.

شەڕڤانان دەڵێن، بەردەوامن لە گەمارۆدانی كۆتا پاشماوەكانی داعش لە باغۆز و لە هێرشەكانیاندا توانیویانە 157 چەكداری ئەو رێکخراوە دەستگیربكەن.

بەپێی ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە،  ئەو چەكدارانەی لە لایەن هێزەكانی شەڕڤانەوە دەستگیركراون "ئەزمونێكی دورودرێژیان لە جەنگدا هەیە و ژمارەیەكی زۆریان بە رەگەز بیانین".  

نیشانەکردن :

#شەڕڤانان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP