پارتی بە 45 كورسی چی مسۆگەر كرد
پەرلەمان لە مۆدێلی نەوشیروان مستەفاوە بۆ مۆدێلی پارتی

- 3/18/2019 11:12:00 PM 42436 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەو پرۆژەیەی گۆڕان لەسەر دەستی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا ئامادەیكردو بەدەنگی خەڵك بردیە پەرلەمان و لەلایەن پارتیەوە رێگری كرا، لەم خولەدا پارتی بە 45 كورسەكەی هەمان پرۆژەی بردەوە پەرلەمان بە پشتیوانی گۆڕان.

پەرلەمان ئەو قەڵایە بوو كە نەوشیروان مستەفا ویستی بوو لە رێگەیەوە دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان بگرێتە دەست، بەڵام كاتێك چونە سەرەوە بەرەو مینبەرەكە، پارتی لە پردێ رێگری لێكردن و هێنانیە خوارەوە و پرۆژەكەی قڵپكردەوە.

پارتی توانی سود لەو پرۆژەیەی نەوشیروان مستەفا ببینی

 

 

بەپێی سەرچاوەیەكی باڵای ناو پارتی دیموكراتی كوردستان:"پارتی توانی سود لەو پرۆژەیەی نەوشیروان مستەفا ببینی، توانی نەك تەنها گۆڕان لە خەونی گرتنە دەستی مینبەرەكە دوربخاتەوە، بەڵكو گۆڕانی بەكارهێنا بۆ گرتنە دەستی قەڵای پەرلەمان، كە پێشتر تاكە شوێنی گۆڕان بو بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات".

ناچار بوین لە پردێ لە دواهەنگاودا پرۆژەكە قڵپبكەینەوە

 

ئەو سەرچاوەیە وتیشی:"ئێمە هەر كە لە ستراتیژی نەوشیروان مستەفا تێگەشتین كە مەبەستی بو لە رێگەی پەرلەمانەوە دەسەڵات بگرێتە دەست، كەوتینە دژایەتیكردنی، تەنانەت ناچار بوین لە پردێ لە دواهەنگاودا پرۆژەكە قڵپبكەینەوە.

پارتی، گۆڕانی كردۆتە پەیژەی سەركەوتن بۆ مینبەرەكەی پەرلەمان

 

سەرچاوەیەكی باڵای ناو گۆڕان بۆ خەندان رایگەیاند: پارتی تەنها بە رێگرییەكەی پردێ نەوەستا، بەڵكو لەم خولەدا پارتی، گۆڕانی كردۆتە پەیژەی سەركەوتن بۆ مینبەرەكەی پەرلەمان".

لە خولی چوارەمی پەرلەماندا پارتی چەندین گرفتی هەبو

 

لەلایەكی دیكەوە سەرچاوەكەی نێو پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی گرفتەكانی پارتی لە خولی پێشوی پەرلەمان كە گۆڕان سەرۆكایەتی دەكرد، ئەوەشی بۆ خەندان ئاشكراكرد:"پارتی لە خولی چوارەمی پەرلەمان تەنها گرفتی ئەوە نەبو كە سەرۆكی پەرلەمانی لا نەبو، بەڵكو چەندین گرفتی دیكەشی هەبو، كە جیا لە مەترسیەكانی ئەو دامەزراوەیە، دەستیشی گیرابو كە نەیدەتوانی لەو یارییە سیاسییەدا خۆی رزگاربكات و مەترسیەكەی گۆڕان بە جۆرێك بو، هێندەی نەمابو بە كورسی سەرۆكی پەرلەمان، كورسی سەرۆكی هەرێم بخوات".

پارتی لە خولی پێشو لە لیژنەی یاسایی پەرلەمان بە هەمو توانای خۆی تەنها 5 كورسی لە كۆی 11 كورسی لیژنەكە بۆ مسۆگەر دەبو

 

سەرچاوەكەی خەندان وتیشی:"جیا لە گرفتی سەرۆكایەتی پەرلەمان كە دەیانتوانی رێگری لە هەمو ئەو یاسایانە بكەن كە دەبو بخرێتە ناو دانیشتنەكانی پەرلەمان، پارتی لە لیژنەی یاسایی پەرلەمان بە هەمو توانای خۆی تەنها 5 كورسی لە كۆی 11 كورسی لیژنەكە بۆ مسۆگەر دەبو لەكاتی گفتوگۆ لەسەر پرۆژە یاساكان، ئەوەش گرفتێكی دیكەی پارتی بو".

بۆ مسۆگەركردنی ئایندەی سەرۆكایەتی حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم پارتی تێگەیشت پێویستە دەسەڵاتی یاسادانان كۆنتڕۆڵ بكات

 

سەرچاوەكەی خەندان ئاماژەی بەوەشكرد كە "پارتی وەك هێزێكی پراگماتیك، زو لە كەموكوڕییەكانی حزبەكەی لە خولی پێشوی پەرلەمان تێگەشت، هەروەها لەوەش تێگەشت كە بۆ مسۆگەركردنی ئایندەی سەرۆكایەتی حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم پێویستە دەسەڵاتی یاسادانان كۆنتڕۆڵ بكات".

پارتی بۆ گرتنە دەستی دەسەڵاتی یاسادانان لە هەرێمی كوردستان، پلانێكی جەهەنەمی دانا

 

سەرچاوە باڵاكەی پارتی راشیگەیاند:"پارتی بۆ گرتنە دەستی دەسەڵاتی یاسادانان لە هەرێمی كوردستان، پلانێكی جەهەنەمی دانا، توانی لەم خولەدا بە بەدەستهێنانی 45 كورسی پەرلەمان و كورسی كەمینەكان زۆرینەی سادە مسۆگەر بكات، بۆ ئەوەی بەپێی سیاسەتی خۆی بەدەنگدان پرۆژەكان لە پەرلەمان یەكلایی بكاتەوە".

بە مسۆگەری پرۆژە یاساكان لە لیژنەی یاسایی بە ویستی خۆی تێدەپەڕێنێت

 

هەر بە وتەی سەرچاوەكە:"پارتی لە خولی پێنجەمدا توانی گرفتی خولی چوار كە لەلیژنەی یاسایی هەیبو تێپەڕێنێت، ئێستا لەم خولەدا 6 كورسی لیژنەی یاسایی لە كۆی 11 كورسی هەیە، بەو جۆرەش بە مسۆگەری پرۆژە یاساكان لە لیژنەی یاسایی بە ویستی خۆی تێدەپەڕێنێت".

پارتی ئێستا هیچ ترسێكی لە سەرۆكایەتی پەرلەمان نەماوە

 

لەبارەی گرتنە دەستی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەلایەن پارتیەوە كە بەشێك بوە لە پلانە جەهەنەمیەكەی، سەرچاوەكەی خەندان ئاشكرایكرد: "پارتی ئێستا هیچ ترسێكی لە سەرۆكایەتی پەرلەمان نەماوە، ئەگەر سەرۆكی پەرلەمانیش بدرێتە لایەنێكی سیاسی دیكە، لەبەرئەوەی جێگری سەرۆكی پەرلەمان هی پارتیەو جێگری دوەمیش هی كەمینەكانە و كەمینەكانیش لە چوارچێوەی ئەجێنداكانی پارتی كاردەكەن، بۆیە بە ئاسانی دەتوانێت ئەو پرۆژە یاسایانە بكاتە گفتوگۆكانی دانیشتنەكانی پەرلەمان كە ویستی پارتیان لەسەرە".

پارتی بە پەنابردن بۆ یەكێتی دەیتوانی پرۆژە یاساكان بخاتە گفتوگۆكانی دانیشتنی پەرلەمان

 

 

هەر سەبارەت بە تواناكانی پارتی لە خولەكانی پێشوی پەرلەمانی كوردستان، سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە خەندان-ی راگەیاند: لە خولەكانی پێشودا پارتی نەیدەتوانی بە زۆرینەی سادە پرۆژە یاساكان تێپەڕێنێت، بەڵكو بە پەنابردن بۆ یەكێتی دەیتوانی پرۆژە یاساكان بخاتە گفتوگۆكانی دانیشتنی پەرلەمان".

ئێستا پارتی بێمنەتانە مامەڵە دەكات

 

ئەو سەرچاوە باڵایەی یەكێتی وتیشی: "پارتی بەو 45 كورسیەی لەم خولە هەیەتی لەگەڵ كورسی كەمینەكان توانی خۆی دەرباز بكات لە پەنابردن بۆ یەكێتی و ئێستا بێمنەتانە مامەڵە دەكات".

پارتی سەرۆكی پەرلەمانی لابێت یاخود لای نەبێت وەكو یەكە

 

لەبارەی هۆكاری رادەستكردنی سەرۆكی پەرلەمان بە لایەنە سیاسییەكانی دیكە لەلایەن پارتیەوە، ئەو سەرچاوە باڵایەی یەكێتی وتی: "پارتی سەرۆكی پەرلەمانی لابێت یاخود لای نەبێت وەكو یەكە، چونكە خۆی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی لایە و جێگری دوەمیش لای كەمینەكانە كە ئەوانیش بە خواستی پارتی دەجوڵێنەوە".

پارتی بە دەستێك سەرۆكی پەرلەمان دەداتە لایەنێك و بەدەستەكەی دیكەی لێی وەردەگرێتەوە

 

سەرچاوەكەی خەندان وتیشی: "دەتوانم بڵێم، پارتی بە دەستێك سەرۆكی پەرلەمان دەداتە لایەنێك و بەدەستەكەی دیكەی لێی وەردەگرێتەوە".

مەترسی سەندنەوەی متمانە و لێپێچینەوە لە سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت لای پارتی كۆتایی هاتوە

 

بەپێی زانیارییەكانی خەندان، پارتی لە كۆبونەوەكانی ماوەی رابردوی ئۆرگانەكانیدا كادیرانی حزبەكەی دڵنیاكردۆتەوە كە هیچ مەترسییەكی لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمان نییە، تەنانەت ئەوەش وتراوە كە مەترسی سەندنەوەی متمانە و لێپێچینەوە لە سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت لای پارتی كۆتایی هاتوە.

ئێستا پارتی نەك هەر دەسەڵاتی بەدەستەوەیە، بەڵكو مۆدێلە رەقابیەكەی هەرێمیشی كۆنتڕۆڵ كردوە

 

لەلایەكی دیكەوە كەسێكی نزیك لە سەركردەی كۆچكردو نەوشیروان مستەفا بۆ خەندان رایگەیاند: "بەداخەوە گۆڕان نەیتوانی سود لە پرۆژەكەی كاك نەوشیروان وەربگرێت، بەپێیچەوانەوە پارتی سودی لەو پرۆژەیە وەرگرت و دەستی بەسەر ئەو مۆدێلەدا گرت، ئێستا پارتی نەك هەر دەسەڵاتی بەدەستەوەیە، بەڵكو مۆدێلە رەقابیەكەی هەرێمیشی كۆنتڕۆڵ كردوە".

لە ١٨ شوبات، گۆڕان خۆی پڕۆژەکەی نەوشیروان مستەفای قڵپکردەوە و تەسلیم بەپارتی کرد

 

ئەو كەسە نزیكەی نەوشیروان مستەفا وتیشی:" لە ١٨ شوبات، گۆڕان خۆی پڕۆژەکەی نەوشیروان مستەفای قڵپکردەوە و تەسلیم بەپارتی کرد، ئێستا مۆدیلەكەی نەوشیروان مستەفا لەدەستی پارتیدایە و لەم خولەی پەرلەماندا دەستیانكردوە بە ڕیفۆرم و گۆڕانکاری لەڕێگای پەرلەمانەوە.

خول هەبوە بەداخەوە سەرۆكی پەرلەمان شەش لەگزیزی بۆ خۆی كڕیوە

 

لە چەند رۆژی رابردودا هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: "ئێمە چاكسازیمان لە خۆمانەوە دەستپێكردوە و ئەو دەسەڵاتە زۆرەی سەرۆكی پەرلەمان هەیبو كە بودجەی پەرلەمان كراوەبێت لەبەردەستی نەمانهێشتوە، 30 ملیۆن دینار مانگانە دانرابو كە لەبەردەستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان بوو نەمانهێشتوە، 15 ملیۆن دینار لەبەردەستی سكرتێری پەرلەمان بوە تا حەدێك نەمانهێشتوە".

جێگری سەرۆكی پەرلەمان لەبارەی بەهەدەردانی سامانی گشتی لە خولەكانی پێشوی پەرلەماندا وتی:"خول هەبوە بەداخەوە سەرۆكی پەرلەمان شەش لەگزیزی بۆ خۆی كڕیوە، پەرلەمانتار هەبوە ئۆپۆزسیۆن بوە، لەسەر تەلەفزیۆنەكان قسەی بە دامەزراوەی پەرلەمان وتوە، بەڵام بەیەكجار 13 ملیۆن دیناری وەرگرتوە لە پارەی پەرلەمان".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP