بوێرانە بەرگری لە سیاسەتی یەكێتی بكەن
كۆسرەت ڕەسول بەرچاورونی دەداتە مەكتەبی راگەیاندن

- 3/18/2019 8:16:00 PM 22923 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

كۆسرەت ڕەسول عەلی دوایین هەڵوێستەكانی یەكێتی و قۆناغی نوێی كاركردنی راگەیاندنی یەكێتی بۆ ئەندامانی مەكتەب و ئەنجومەنی مەكتەبی ڕاگەیاندن ڕونكردەوەو پێداگری لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی یەكێتی كردەوە.

ئەمڕۆ دوشەممە جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لەمیانی كۆبونەوەی لەگەڵ مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی گفتوگۆیكرد لەبارەی رەوشی هەرێمی كوردستان و هەڵوێستەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و چۆنیەتی باشتر گەیاندنی گوتاری یەكێتی لە میدیاكان.
یەكێتی خاوەنی دیدگاو بەرنامەی ڕونە بۆ قۆناغی داهاتوی حوكمڕانی لەكوردستان و شەراكەتی ڕاستەقینەش وەك بنەمای حكومەتێكی سەركەوتو دەبینێت

 

بەپێی راگەیەندراوێكی كۆبونەوەكە كە گەیشتوەتە خەندان، كۆسرەت ڕەسول بەرچاوڕونی تەواوی بۆ لێپرسراوی كەناڵەكان و ستافی مەكتەبی ڕاگەیاندن خستوەتەرو، جەختی كردۆتەوە، كە یەكێتی خاوەنی دیدگاو بەرنامەی ڕونە بۆ قۆناغی داهاتوی حوكمڕانی لەكوردستان و "شەراكەتی ڕاستەقینەش" وەك بنەمای حكومەتێكی سەركەوتو دەبینێت.

ئەوەشخراوەتەرو كە لەبارەی دۆخی راگەیاندنی یەكێتی و هەنگاوەكان بەرەو زیاتر گەشەكردنی و باشترو خێراتر گەیاندنی دیدگای یەكێتی بۆ پرسە چارەنووسسازەكان گفتوگۆكراوە.
دەنگ و ڕەنگی ڕاستەقینەی خەڵك بن و هەوڵدەن هەمیشە ڕاستگۆیانە و بەرپرسانە كاربكەن بۆ خزمەتی یەكێتی و كوردو كوردستان

 

ئاماژە بەوەشكراوە كە كۆسرەت ڕەسول میدیاكارانی یەكێتی ڕاسپاردوە كە "دەنگ و ڕەنگی ڕاستەقینەی خەڵك بن و هەوڵدەن هەمیشە ڕاستگۆیانە و بەرپرسانە كاربكەن بۆ خزمەتی یەكێتی و كوردو كوردستان".
داوای لە میدیاكارانی یەكێتی كردوە، كە بوێرانە بەرگری لە سیاسەتی یەكێتی بكەن و دەستكراوەبن لە بەرپەرچدانەوەی هەر هەواڵێكی ناراست و چەواشەكارانە كە لەدژی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بڵاودەكرێتەوە

بەپێی زانیارییەكانی خەندان كە لە سەرچاوەیەكی ناو كۆبونەوەكە بەدەستی گەیشتوە و بەشێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسیش تێیدا ئامادەبون، كۆسرەت رەسوڵ داوای لە میدیاكارانی یەكێتی كردوە، كە بوێرانە بەرگری لە سیاسەتی یەكێتی بكەن و دەستكراوەبن لە بەرپەرچدانەوەی هەر هەواڵێكی ناراست و چەواشەكارانە كە لەدژی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بڵاودەكرێتەوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP