پەروین بابەکر: ئەو خەڵاتەی وەرمگرتوە شانازییەکەی بۆ هه‌مو ژنێكی کورد و عێراقە

- 3/18/2019 5:51:00 PM 5912 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پەروین بابەکر رایگەیاند، خەڵاتی (بصمة قائدة) خه‌ڵاتی هه‌موو ژنانی كورد و عێراقه‌، شانازی و دڵخۆشییه‌كه‌ی به‌ ته‌نها بۆ ئەو نییه‌، به‌ڵكو بۆ هه‌مو ژنێكه‌ كه‌ خه‌ون به‌ سه‌ركه‌وتنی ژنانه‌وه‌ ده‌بینێت.

ئێوارەی رۆژی 2019/3/9له‌ به‌یروتی پایته‌ختی لوبنان، خه‌ڵاتی (بصمة قائدة) بە پەروین بابەکر به‌خشرا.

راستە من خه‌ڵاته‌كه‌م وه‌رگرتوه‌ و ئاماده‌ی مه‌راسیمه‌كه‌ بوم، به‌ڵام له‌ جه‌وهه‌ردا ئه‌م خه‌ڵاته‌ خه‌ڵاتی هه‌مو ژنانی كورد و عێراقه‌

 

پەروین بابەکر، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و وەزیری پێشوتری پیشەسازی حکومەتی هەرێم و لە ئێستاشدا کە سەرۆکی کۆمپانیای وزەیە لە نوسینێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردوەتەوە، "راستە من خه‌ڵاته‌كه‌م وه‌رگرتوه‌ و ئاماده‌ی مه‌راسیمه‌كه‌ بوم، به‌ڵام له‌ جه‌وهه‌ردا ئه‌م خه‌ڵاته‌ خه‌ڵاتی هه‌مو ژنانی كورد و عێراقه‌، شانازی و دڵخۆشییه‌كه‌ی به‌ ته‌نها بۆ من نییه‌ و به‌ڵكو بۆ هه‌مو ژنێكه‌ كه‌ خه‌ون به‌ سه‌ركه‌وتنی ژنانه‌وه‌ ده‌بینێت".

خه‌ڵاتی جێپه‌نجه‌ی سه‌ركرده‌ له‌ لایه‌ن (المجلس الإنمائي العربي للمرأة والأعمال) دابه‌شكرا و كاندیده‌كان له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بیه‌وه‌ ده‌ستنیشان كرابون و پەروین بابەکریش خه‌ڵاتی ژنانی عێراق پێبه‌خشرا. 

وه‌كو ژنێك هه‌میشه‌ جه‌ختم له‌وه‌ كردوەته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت ژنان خاوه‌ن ئابوری سه‌ربه‌خۆبن تاكو بتوانن خاوه‌نی بڕیار و چاره‌نوسی خۆیان بن

 

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی دەشڵێت،" به‌خشینی ئه‌م خه‌ڵاته‌ به‌ ئێمه‌ زیاتر له‌ پای كار‌ و پرۆژه‌كانماندا بوه‌ له‌ بواری ئابوری و سه‌ربه‌خۆی ئابوری له‌ كه‌ر‌تی گشتی و دامه‌زراوه‌كاندا، هاوكات وه‌كو ژنێك هه‌میشه‌ جه‌ختم له‌وه‌ كردوەته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت ژنان خاوه‌ن ئابوری سه‌ربه‌خۆبن تاكو بتوانن خاوه‌نی بڕیار و چاره‌نوسی خۆیان بن". 

براوەی خەڵاتی  (بصمة قائدة) لە عێراق نوسیویەتی" میكانیزمی پێدانی ئه‌م خه‌ڵاته‌ پشتی به‌ سیڤی و ده‌نگدان بەستبو، ئه‌وه‌ی جێی دڵخۆشی ئێمه‌ بو، به‌ره‌و پیرچونی هەمو هاوڵاتیان بو بۆ پرۆسه‌كه‌ و رۆڵی میدیا و راگه‌یاندنه‌كان بو، هه‌وڵی دۆستان و هاوڕێیان و چالاكه‌وانانی ژنان بو، بۆچون و كۆمێنتی هه‌مو ئه‌وانەی كه‌ ده‌شێت به‌نده‌ به‌خزمه‌تیشیان نه‌گه‌یشتبێتم، هه‌موان بێ جیاوازی شایه‌نی له‌ سوپاس زیاترن".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP