شەڕڤانان لەکۆنتڕۆڵکردنی تەواوی ناوچەکانی ژێردەستی داعش نزیکبونەتەوە

- 3/18/2019 12:38:00 PM 3165 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە كۆنتڕۆڵكردنی تەواوی مۆڵگەکانی ژێر دەستی چەكدارانی داعش لە رۆژئاڤای کوردستان نزیکبونەتەوە. 

دوای بۆمبارانكردنی كۆتا پاشماوەی چەكدارانی داعش كە ژمارەیەكی كەمیان لە كۆتا مۆڵگەکەیاندا لە گوندی باغۆز مابونەوە، شەڕڤانانی هەسەدە رایانگەیاند، توانیویانە بەشێکی زۆری ناوچەکانی ژێردەستی داعش كۆنتڕۆڵبکەن و لە کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ئەو رێکخراوە لە سوریا نزیکبونەتەوە.
 ژمارەیەكی زۆر پێگەی داعش لە باغۆز كۆنتڕۆڵكراوە 

 

مستەفا بالی، وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاندوە، ژمارەیەكی زۆر پێگەی ناو باغۆز كۆنتڕۆڵكراوە و خەزێنەیەكی شتومەك تەقێندراونەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، شەڕڤانان كە لە لایەن هێزەكانی ئەمریكاوە پشتیوانیان لێدەكرێت لە روبەڕوبونەوەكانیاندا دژ بە چەكدارانی رێكخراوی داعش لە رۆژئاڤا سەركەوتوبون.
ئەو ژمارە كەمەی چەکدارانی داعش لە چەكدارە بیانیە هەرە توندڕەوەكانن

 

لە ئێستادا شەڕڤانان چونەتە ناو كۆتا مۆڵگەكانی پاشماوەكانی داعش لە گوندی باغۆز و ژمارەیەكی زۆر كەم لەو چەكدارانە ماونەتەوە و لەژێر گەمارۆدان.

هێزەكانی سوریای دیموكراتیش رایانگەیاندوە، ئەو ژمارە كەمەی چەکدارانی داعش لە چەكدارە بیانیە هەرە توندڕەوەكانن، كە دەیانەوێت تا كۆتایی بجەنگن و وڵاتانی عەرەبیش پێیانوایە ئەبوبەكر بەغدادی، سەرۆكی رێكخراوی چەكداری داعش ناوچەكەی بەجێهێشتوە.

نیشانەکردن :

#شەڕڤانان #سوریا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP