هەڵەبجە دەكەینە چیرۆكی سەركەوتن
قوباد تاڵەبانی: شانازییە كە توانیومە بەردێک بخەمە سەر بناغەی بەپارێزگابونی پایتەختی ئاشتی

- 3/16/2019 4:36:00 PM 3562 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
قوباد تاڵەبانی رایدەگەیەنێت ئێستا هەڵەبجە چوارەم پارێزگای هەرێمی كوردستانە، دەشڵێت شانازییە كە توانیومە بەردێک بخەمە سەر بناغەی بەپارێزگابونی پایتەختی ئاشتی.
هەڵەبجە لەریزی پێشەوەی گرنگی پێدانی ئاوەدانی و پەرەپێدانە

 

لە پەیامێكدا كە لەساڵیادی كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە بڵاویكردۆتەوە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت:"بەر لە 31 ساڵ رژێمی بەعس ویستی بە ژەهرباران هەڵەبجە لەسەر نەخشە بسڕێتەوە، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا ئەم شارە چوارەم پارێزگای هەرێمی كوردستانەو لەریزی پێشەوەی گرنگی پێدانی ئاوەدانی و پەرەپێدانە".

تاڵەبانی دەشڵێت:" شانازیشە بۆ من توانیومە بەردێک بخەمە سەر بناغەی بەپارێزگابوونی پایتەختی ئاشتی.."

هەوڵەكانمان بۆ كردنەوەی هەڵەبجەیە لەرێگەی بەفەرمی كردنی خاڵە سنورییەكانی و بەستنەوەی بەگەرمیانەوە

 

لەبارەی هەنگاوەكانیان بۆ خزمەتكردنی شاری هەڵەبجە، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاندوە" لەئێستادا و لە 31 ساڵەی یادی كیمیاباراندا هەوڵ و كۆششمان بۆ كردنەوەی زیاتری شارەكەیە لەرێگەی بەفەرمی كردنی خاڵە سنورییەكانی و بەستنەوەشی بەگەرمیانەوە".

بەخزمەت و ئاوەدانی و حوكمڕانی باش دەتوانین ئەم شارە لە كیمیابارانکراو و وێرانەوە بكەینە نمونە و چیرۆكێك بۆ سەركەوتن

لە كۆتایی پەیامەكەیدا دەڵێت:"لەگەڵ کردنەوەی هەر پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە هەڵەبجە، هەنگاوێك زیاتر لە ساڕێژكردنی برینەكانی نزیكدەبینەوەو هەر بەخزمەت و ئاوەدانی و حوكمڕانی باش دەتوانین ئەم شارە لە كیمیابارانکراو و وێرانەوە بكەینە نمونە و چیرۆكێك بۆ سەركەوتن، دور لە كێشەو ململانێی نەزۆك كە جگە لە ماڵوێرانی و کات بە فیڕۆدان هیچیتری لێ بەرهەم نایەت".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP