سه‌رۆک کۆماری عێراق: هەڵەبجە ویستی بەرگری و هەڵسانەوە و ئاوەدانكردنەوە بەرجەستە دەكات

- 3/16/2019 11:44:00 AM 2658 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لە یادی 31 ساڵە کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا رایگەیاند، ئەمڕۆ هەڵەبجە ویستی بەرگری و هەڵسانەوە و ئاوەدانكردنەوە بەرجەستە دەكات.
پێش 31 ساڵ جەستە پاکەکان کەوتن و ھەناسەکانیان خامۆشکران

 

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندوە، "پێش 31 ساڵ رژێمی سەدام بە چەکی کیمیاوی هەڵەبجەی بۆردومانکرد، جەستە پاکەکان کەوتن و ھەناسەکانیان خامۆشکران، لێرە و لەوێ، لەسەر شەقام و ڕێگاکانی ناو شار، ھەندێکیشیان چنگیان لە ژیان گیرکردبو و وابەستەبون بە خۆشەویستیان بۆ نیشتمان و ئاشتی و ئازادی و ئێستاشی لەگەڵ بێت ھەڵگری نەھامەتی و ئێش و ئازاری زۆرن".
 
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەکردوە، "کەسوکارمان لە ھەڵەبجە لە ھەر ناوچەیەکی تری عێراق ھیچ تاوانێکیان نەبوە، کە دوچاری ستەم و چەوساندنەوە بون، تاکە تاوانیان ئەوەبوو کە لە ژێر دەسەڵاتی رژێمێکی ستەمکاردا دەژیان کە ھەموو یاسا و رێسا ئاسمانییەکان و مافەکانی مرۆڤی پێشێل کرد".

دەقی بەیاننامەكەی سەرۆک بەرهەم ساڵح
به‌یاننامه‌ی سه‌رۆک کۆماری عێراق بەبۆنەی ٣١مین ساڵیادی بۆردومانکردنی ھەڵەبجەی شه‌هید بە چەکی کیمیاوی

پێش 31 ساڵ رژێمی سەدام بە چەکی کیمیاوی هەڵەبجەی بۆردومانکرد.. جەستە پاکەکان کەوتن و ھەناسەکانیان خامۆشکران، لێرە و لەوێ، لەسەر شەقام و ڕێگاکانی ناو شار، ھەندێکیشیان چنگیان لە ژیان گیرکردبوو و وابەستەبوون بە خۆشەویستیان بۆ نیشتمان و ئاشتی و ئازادی و ئێستاشی لەگەڵ بێت ھەڵگری نەھامەتی و ئێش و ئازاری زۆرن.

کەسوکارمان لە ھەڵەبجە لە ھەر ناوچەیەکی تری عێراق ھیچ تاوانێکیان نەبووە کە دووچاری ستەم و چەوساندنەوە بوون، تاکە تاوانیان ئەوەبوو کە لە ژێر دەسەڵاتی رژێمێکی ستەمکاردا دەژیان کە ھەموو یاسا و رێسا ئاسمانییەکان و مافەکانی مرۆڤی پێشێل کرد، بۆیە ئەنجامی حەتمی بریتی بوو لە نەمانی ئەو دیکتاتۆریەتە قێزەوەنە کە وڵاتی وێرانکرد.

ھەڵەبجە بیرەوەرییەکی زیندووە و کەسانی بە ویژدان ھەرگیز لە یادی ناکەن و دەبێتە پاڵنەرێک بۆ ئازادیخوازان بۆ ڕێگەنەدان بە دووبارە گەڕانەوەی رژێمە ستەمکارە دیکتاتۆرییەکان بۆ ئەوەی سەرجەم هاووڵاتیان لە خێر و بێری ئەم وڵاتەدا پێکەوە بە ئاشتیانە بژین و کار بکەن بۆ ئاوەدانکردنەوە و بەدیھێنانی دواڕۆژێکی گەش بۆ وڵاتەکەمان.

لەم ڕۆژەدا کە یادی قوربانیەکانی ئەم شارە دەکەینەوە کە بۆتە سیمبولی بەربەرەکانی زۆرداری و سه‌مفۆنیای ئاشتی و ناونیشانێک بۆ خۆشەویستی و پێکەوەژیان، لە ھەمان کاتیشدا یادی ئەو تاوانانە دەکەینەوە کە ئەنجامدراون دژ بە هاووڵاتیان لە گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە مەحاویل لە بەسرە و سەماوە و ئەنفال و گەرمیان و بادینان و لە کوشت و کوشتاری دەرھەق بە  بارزانییەکان و چەوساندنەوە و ئاوارەکردنی کوردە فەیلیەکان.

ئێمە لەم بۆنەیەدا کە لە ناخی ھەموو کەسێکی بە ویژداندا یادێکی خەمناک و ئازار بەخشە، دووپاتی دەکەینە کە پێویستە قەرەبووی ئەم شارە و خەڵکەکەی و کەسوکاری شەھیدانی بکرێتەوە کە قوربانیەکی گەورەیان داوە لە پێناوی داخوازیە رەواکانیان، بە تایبەت ئەوانەی کە دەر بە دەرکراون و ماڵ و موڵکیان سوتێنراوە، ئەوە جگە لە زیندوکردنەوەی سروشت و ژینگەکەی کە بە ھۆی ئەو کردارە تاوانکارییە قێزەوەنانەوە وێرانبووە.

پێویستیشە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکانی ھەموو توانایەکی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ پێشکەشکردنی ھەموو جۆرە یارمەتی و پشتیوانیەک بۆ ئەم شارە خۆڕاگرە و ھەوڵدان بۆ دامەزراندنی دادگایەکی کارا و تایبەت و دەرکردنی کۆمەڵە یاسایەک بۆ سنوردارکردنی بەکارھێنان و بڵاوبوونەوەی چەکە قەدەغەکراوەکان و دادگاییکردنی ئەو کەسانەی کە لەو تاوانانەوە تێوەگلاون بۆ ئەوەی بە سزای رەوای خۆیان بگەن.

تاوانی بۆردومانکردنی ھەڵەبجە بە زیندووی  و وەک شایەتحاڵێک دەمێنێتەوە بۆ نەوەکانی داھاتوو چونکە بەرجەستەی نەھامەتیەکانی گەلی کوردستان و ھەموو عێراقییەکانە لە بەرامبەر رژێمێکی زۆرداردا کە لە ڕێگەی بۆردومانکردنی ھاووڵاتیانی بێتاوانەوە بە چەکی کیمیاوی کە چەکێکی قەدەغەکراوە، ھەزاران ھاووڵاتی لەناوبرد.

نەمری بۆ شەھیدانی سەربەرزمان لە قوربانیانی چەکی کیمیاوی و گۆڕە بە کۆمەڵەکان و تیرۆر و ئەشکەنجەدان ھیوامان ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری و گەشەسەندنە بۆ عێراقی دیموکراتی و فیدرال.

بەرھەم ساڵح
سەرۆک کۆماری عێراق


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP