ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆدەبێتەوە

- 3/16/2019 10:58:00 AM 3642 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی کۆدەبێتەوە و تاوتوێی رەوشی سیاسی ھەرێم و عێراق دەکات.

سەعدی پیرە، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە خەندان-ی راگەیاند، لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا پڕۆسەی پێکھێنانی حکومەت و پشکی یەکێتی لە کابینەی نوێ گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت. 
بڕیارە ئەم هەفتەیە پارتی و یەکێتی جارێکی دیکە بۆ گەیشت بە رێککەوتنی کۆتایی کۆببنەوە
کۆبونەوەی ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەکاتێکدایە بڕیارە ئەم هەفتەیە پارتی و یەکێتی جارێکی دیکە بۆ گەیشت بە رێککەوتنی کۆتایی لەبارەی پشک و بەرکەوتەی یەکێتی لە کابینەی نۆیەمی حکومەت کۆببنەوە.
هەوڵەکانی پارتی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی لەگەڵ یەکێتی بەردەوامە 

 

پێنجشەممە رابردو، خەندان لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، هەوڵەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی لەگەڵ یەکێتی بەردەوامە و لە هەنگاوێکی دیکەدا بەنواندی نەرمی زیاتر بەرامبەر بەو حزبە، دەیەوێت هەرچی زوە رازیی بکات و گرێکانی بەردەم پێکهێنانی کابینەکەی مەسرور بارزانی بکرێنەوە.

سەرچاوەیەکی باڵای پارتی بە خەندان-ی راگەیاند، پارتی بەفەرمی داوای لە یەکێتی کردوە کۆبونەوەیەک لەبارەی پشک و بەرکەوتەکانی یەکێتی ئەنجامبدەن و لەوبارەیەوە بگەنە رێکەوتنی کۆتایی، بەوتەی ئەو سەرچاوەیە پارتی دەیەوێت پێش ناوەڕاستی مانگی نیسانی داهاتو پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی رابگەیەندرێت.

سەرچاوەکەی خەندان ئاماژەی بەوەشکرد، "یەکێتی بۆ کۆبونەوە لەگەڵ پارتی لە هەفتەی داهاتودا رەزامەندی دەربڕیوە، بڕیاریشە کۆبونەوەکە لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە شاری سلێمانی بەڕێوەبچێت".

نیشانەکردن :

#یەکێتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP