هەواڵی ئەمڕۆ

نرخی نەوتی خاو دابەزینی تۆمارکرد

- 3/16/2019 9:31:00 AM 2018 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دوای گەیشتنی بە بەرزترین ئاست لەمساڵدا، جارێکی دیکە نرخی نەوتی خاو لەبازاڕەکانی جیهان دابەزینی بەخۆوە بینی.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، دوای ئەوەی هەفتەی رابردو نرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیهاندا گەیشتە بەرزترین ئاست لەساڵی 2019دا، ئەمڕۆ جارێکی دیکە بەهۆی لاوازبونی گەشەی ئابوری جیهان و زیادکردنی هەناردەی نەوتی ئەمریکی نرخەکەی کەمێک دابەزینی بەخۆوەبینی.

نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی تەکساس نۆ سەنت دابەزی و بو بە 58.52 دۆلار لەکاتێکدا هەفتەی رابردو بەرزترین ئاستی تۆمارکرد و گەیشتە 58.95.

هاوکات، نرخی هەربەرمیلێک نەوتی برێنت 7 سەنت هاتەخوارەوە و لە 67.16 دا جێگیربو، لەکاتێکدا هەفتەی رابردو بەرزترین ئاستی خۆی لەمساڵدا تۆمارکرد و گەیشتە 68.14 دۆلار.

بەشێوەیەکی گشتی نرخی نەوت لەهەفتەی رابردودا 4.1 سەنت بەرزبونەوەی بەخۆوە بینیوە، نرخی نەوتی برێنتیش لەو هاوکێشە گشتییەدا 1.9 بەرزبونەوەی بەردەکەوێت.

لەبارەی هۆکارەکانی دابەزینی نرخی نەوت، پسپۆڕانی ئابوری نەوت دەڵێن لاوازی گەشەی ئابوری جیهانی و زیادکردنی بەرهەمی نەوتی تەکساس لەبازاڕەکاندا هۆکارە سەرەکییەکان بون.

دوای سەپاندنی سزا ئابورییەکان بەسەر هەریەک لە ئێران و ڤەنزوێلا، ئەمریکا هەوڵی رێگرتن لەبەرزبونەوەی نرخەکەی دەدات و بۆ ئەوەش بەردەوام رێژەی هەناردەی نەوتی تەکساس زیاددەکات، لەبەرامبەردا لەساڵی رابردوەوە رێکخراوی ئۆپێک و هاوپەیمانەکەی کە روسیایە هەناردەکردنی نەوتیان کەمکردوەتەوە.

نیشانەکردن :

# نەوت

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP